سەرنج‌و ڕوانیك لەمەڕ داواكردنی 3 سەركردەی pkk لەلایەن ئەمریكاوە

07/11/2018

حەسەن بارام

لەئێستادا  زۆر گەمە وململانێ سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دەگوزەرێت وخودی ئەمریكا بەچەندین ئاراستە وئاقاردا سیاسەت دەكات وكۆمەڵێك ئامانجی گرنگ وستراتیژی كردووەتە  بەردەبنەمای سیاسەت وهەوڵەكانی بۆ  گەیشتن بەو ئامانجە ستراتیژی وئابوری وئەمنییانەی  كە لای ئەم زلهێزە ودوستەكانی لەناوچەكەدا جێگای بایەخن ۰

بۆیە بێ هیچ گومانێك كوشتنی خاشقچی وجموجوڵەكانی داعش بەم دواییانە ودروستبونی شڵژان لەپەیوەندی هەندێك لەوڵاتانی ناوچەكە وهەروەها گرژییەكانی نێوان توركیا وهەسەدە وگەڕی دووەمی سزاكان بۆ سەر ئێران وچەندین دۆسییەی تر۰۰بەشێكن لەو ستراتیژییە نوێیەی كە ئەمریكا پەیڕەوی دەكات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ، كە پێم وایە  لەمەودای دور ونزیكدا بەشێك یان هەموو ئەنجامەكانی وەدەر دەكەون ۰

بێشك داواكردنی سێ سەركردەی دیاری pkk وتەرخانكردنی بڕە پارەیەكی زۆر بۆ  دەستگیركردنیان لەلایەن  ئەمریكاوە ۰۰هەنگاویكی تری ئەو وڵاتەیە بۆ  خێراكردنی میكانیزمی سیاسەتە نوێیەكەی لەناوچەكەدا ، وەئەبێت ئەو ڕاستییە  بزانین نە خودی pkk ونەو سێ سەركردەیە لای ئەمریكا نە دوژمنن نە بەئاماجیش گیراون بۆ لەناوبردنیان ۰۰۰تەنها  ئەمە گەمەیەكی بچوكە بۆ گەمەیەكی گەورەتر  ودەیەوێت لەم ڕێگایەوە كڵاوێكی تر بكاتە سەری توركیا ۰

ئەمریكا  بەم بڕیارە دەیەوێت ئەردۆگان لە بەرەی ئێران وڕوسیا دور بكاتەوە ، یان هەر هیچ نەبێت بەم جۆرە هەنگاوانە دڵی توركیا ڕازی بكات ولانی كەم لەڕۆژئاوای كوردستان گێچەڵ بۆ  ئەمریكا دروست نەكات بەدژایەتیكردنی هەسەدە ۰۰۰بۆیە داواكردنی ئەو سێ سەركردە جەنگاوەرە تەنها  یارییەكی كاتییە وئامانج ومەبەستی تری لەپشتەوەیە ، نەك خودی ئەو سێ بەڕێزە.

حەسەن بارام 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی