له‌وانه‌یه ئه‌م قۆناغه تازه‌یه ببێته ساته‌وه‌ختی وه‌رچه‌رخانێك و مێژووی عیراقیش له دووتوێی لاپه‌ڕه‌كانیدا تۆماری بكات ، جا هه‌ر چه‌نده پڕۆسه‌ی سیاسی له "2003" وه تاوه‌كو ئێستا بێ ده‌سكه‌وت نه‌بووه ، به‌تایبه‌تیش له سه‌رئاستی بونیادنانی دیموكراسی ، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا عێراقییه‌كان ڕووبه‌ڕووی زۆرێك له ئاڵێنگاری و مه‌ترسی بوونه‌ته‌وه كه زۆربه‌یان له ده‌رئه‌نجامی ئه‌و كه‌موكورتییه بونیادگه‌راییانه‌وه سه‌ریانهه‌ڵداوه كه له كۆسیسته‌می حوكمڕانی ، ململانێ ناوخۆییه‌كان كه له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و یه‌كتركێشكردنه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌رده‌وامی به بوونی خۆیان ده‌ده‌ن ، هه‌ر ئه‌مانه‌ش بوون كه عێراقییان هه‌ڵدایه ناو بازنه‌ی ته‌نگژه مه‌ترسیداره‌كانه‌وه ، له ته‌نگژه‌یه‌كه‌وه بۆ ته‌نگژه‌یه‌كی دیكه.
ده‌كرێت ئه‌م قۆناغه سه‌ره‌تایه‌كی ڕاسته‌قینه بێت بۆ ده‌ربازبوونی عێراق له بازنه‌ی بۆشی ته‌نگژه‌كان ، وه پشكداریكردن له ده‌ربازكردنی ته‌واوی ناوچه‌كه له گێرمه‌وكێشمه جۆراوجۆره‌كانی ، ئێستا ڕێبازه‌كه له به‌رده‌م عێراقییه‌كاندا ڕۆشنتره بۆ گه‌یشتن به لێواری كه‌ناره ئارامه‌كه‌ی دیكه ، ئه‌مه‌ش هه‌ندێكی په‌یوه‌ستن به به‌ركه‌وته ناوخۆییه‌كانه‌وه ، هه‌ندێكی دیكه‌شی په‌یوه‌ستن به به‌ركه‌وتی ده‌ره‌كی دوولایه‌نه له‌گه‌ڵ ووڵاتانی برا و هاوسێ و ده‌وڵه‌تانی جیهاندا ، سه‌ركردایه‌تییه عێراقییه تازه‌كه‌ش له‌سه‌ر ئاستی یاساكاری و جێبه‌جێكاریدا ، خاوه‌ن دیدگایه‌كی ڕوون و ئاشكرایه سه‌باره‌ت به‌و جۆره به‌ركه‌وتانه.
نه‌خشه ڕێگاكه له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ له چاكسازی ڕاسته‌قینه‌وه ده‌ستپێده‌كات كه سه‌رله‌نوێ له نێوان ده‌وڵه‌ت و هاووڵاتییاندا متمانه‌داری نۆژه‌ن ده‌كاته‌وه و گرێبه‌سته‌كه‌شیان توندوتوڵتر ده‌كات ، ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و هه‌لی كار و په‌ره‌پێدانی بونیادی یاسایی له پیاده‌كردنێكی به‌هێزی و شێلگیرانه‌ی جه‌نگان دژ به گه‌نده‌ڵی ، كاركردنیش له پێناو ده‌ركردنی یاسایه‌كی هه‌ڵبژاردن كه ده‌سته‌به‌ری پڕۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردنی پاك و بێگه‌رد بكات و په‌ره‌ش به متمانه‌داری هاووڵاتی عێراقی بدات له باوه‌ڕبوونی به میكانیزمه دیموكراسییه‌كان ، وه ده‌ستپێكردنی گفتوگۆیه‌كی نیشتمانی ناوخۆیی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كه‌وكورتییه بونیادگه‌راییه‌كان له كۆسیسته‌می حوكمڕانیدا و چاره‌سه‌ری گرفته كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ئیتحادیش بكات.
ژماره‌ی دانیشتوانی ده‌وڵه‌تی عێراق له مڕۆدا ده‌گاته 38 ملیۆن كه‌س ، ساڵانه‌ش به تێكڕایی ملیۆنێك زیاد ده‌كه‌ن ، ئه‌م زیادبوونه له كاتێكدایه كه ناوه‌ندی بونیادی خزمه‌تگوزارییه‌كان وێرانه‌یه و بێكاریش ته‌شه‌نه‌ی كردووه ، دیمه‌نه‌كه خراپتر ده‌بێت ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رێكی ئابووری گشتگیر و ڕیشه‌یی ڕاسته‌قینه بۆ ئه‌م دۆخه‌ی ووڵات نه‌دۆزرێته‌وه.
به‌ڵام له به‌رامبه‌ریشدا عێراق خاوه‌نی پایه‌یی ئابووری تۆكمه‌یه كه ده‌كرێت له چوراچێوه‌ی سیاسه‌تیكی ئابووری داڕژاو و ئاقڵمه‌نددا وه‌به‌رهێنانی تێدا بكرێت و عێراقیش له ووڵاتێكی ئابووری به‌رخۆری نسكۆبردووه‌وه كه ناتوانێت پێداویستی هاووڵاتییه‌كانی دابین بكات ، بگوازێته‌وه بۆ ئابوورییه‌كی ڕاپه‌ریووی ڕابوو و به‌رهه‌مداری خاوه‌ن بازاڕێكی ئومێدبه‌خش.
ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاشتی ناوخۆیی په‌یوه‌ستن به تازه‌كردنه‌وه‌یه‌كی گشتگیری بونیادێكی ئابووری ، هاندانی وه‌به‌رهێنان ، ده‌سته‌به‌ركردنی هه‌لی كار ، په‌ره‌پێدانی پیشه‌سازییه نیشتمانییه‌كان ، هاندانی به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵی ، پاڵپشتیكردنی پڕۆژه ئاوه‌دانكارییه گه‌وره‌كان ، له هه‌مان ئان و ساتدا و هاوشانی ئه‌مانه‌ی باسكران ، ده‌بێت هانی پڕۆژه مامناوه‌ند و بچوكه‌كانیش بدرێت.
ده‌وڵه‌تی عێراق به هۆی هاوكارییكردنێكی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه سه‌ركه‌ووتوو بوو له تێكشكاندنی "داعش" ، ئه‌مه‌ش به‌رئه‌نجامی یه‌كیه‌تی و یه‌كڕیزی گه‌له‌كه‌ی ، وه‌لانانی ناكۆكییه‌كانی ، به‌رگریكردن له شاره‌كانی و چاره‌نووسی خۆیی و لاگیرییه نیشتیمانییه‌كه‌ی بوو.
عێراق له جه‌نگی دژ به تیرۆردا باجی نرخداری داوه ، سه‌رباری ئه‌وه‌ش كه سوپاسگوزاری و پێ‌زانین و نرخاندنی هه‌یه بۆ هه‌موو ئه‌و لایه‌نه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی پشتیان گرتووه و ئێستاش پشتیواننی له جه‌نگی دژ به تیرۆردا ، به‌ڵام ژینگه له‌باره‌كه‌ی له ڕه‌گه‌وه ڕیشه‌كێشكردنی تیرۆر هێشتا پێویستی به هاریكاری زیاتری هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه ، به‌و پێیه‌ی ئه‌م پرسه په‌یوه‌سته به ئاشتی و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه ، چونكه كاركردن بۆ سه‌قامگیركردنی ئاشتی له عێراق ، وویستی ڕژدبوونمان (جدی) په‌ره‌پێده‌دات له كاركردن بۆ سه‌قامگیری ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ، بێ سه‌قامگیری عێراق و ڕۆڵبینینی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی له ناوچه‌كه ، ناتوانرێت تیرۆر له‌ناو ببرێت.
له ڕاستیدا ، ته‌واوكردنی جه‌نگی هزری دژ به تیرۆر ، ووشككردنی سه‌رچاوه‌كانی ، پێویستی به‌وه‌یه شاره زیانلێكه‌وتووه‌كان بونیاد بنێینه‌وه ، چاودێرییه‌كی خزمه‌تگوزارییانه پێشكه‌شی قوربانییه‌كان بكه‌ین ، ئاسۆكانی بیر و هزری لێبوورده‌یی فراوانتر بكه‌ین ، هانی گفتوگۆی به كۆمه‌ل بده‌ین ، به ته‌نیشت به‌رزه‌فتكردنی ئاسایش و پشتیوانیكردنی ده‌زگا ئه‌منییه عێراقییه‌كان و په‌ره‌پێدانی توانسته مرۆیی و به‌رگرییه‌كانیان ، پێویسته كه‌شوهه‌وایه‌كی دۆستانه‌ی سیاسی بۆ چاكسازی دۆخی ناوخۆشمان بڕه‌خسێنین.
به‌ڵگه‌نه‌ویستیشه كه ئه‌و جه‌نگه بۆ عێراقییه‌كان نموونه‌ی به‌رگریكردن بوو له سه‌روه‌ری و یه‌كڕیزی نیشتیمانی ، ئه‌نجامه ئه‌رێنییه‌كانی هاریكارییه هه‌رێمی و نێوده‌ڵه‌تییه‌كانیشی دژ به مه‌ترسییه هاوبه‌شه‌كان خستنه‌ڕوو.
ئه‌ركی ئاینده‌ی عێراقیش له‌م بواره‌دا په‌ره‌پێدانی ئاستی لێكتێگه‌یشتنه‌كانییه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه و ئه‌و ڕێوشوێنه ڕژدانه‌شه كه ده‌وره‌ی تیرۆر ده‌ده‌ن ، ڕێگه‌ش له ئازادی جوڵه‌كردن و پاره‌داركردن و كۆكردنه‌وه و خۆجۆشدانه‌وه‌ی هه‌وادارنی ده‌گرن ، ئه‌مه‌ش بۆ گه‌یشتن به ژینگه‌یه‌كی هه‌رێمی پاكژ له تیرۆر و هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی ، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه ئومێدمانه برا و هاوڕێی و دۆسته‌كانمان تیایدا هاوكارمانبن كه له هه‌مان كاتدا هاوكارییه بۆ خۆشیان ، له‌سه‌ر هه‌موومان پێویسته هاریكار بین له پێناو سه‌قامگیری ئاشتی ووڵات و گه‌له‌كانمان.
ئاڵێنگاری زۆرمان له‌پێشن كه دیارترینیان گرفتی ئاوه كه مه‌ترسیدارترینیانه و له زۆر بواریشدا هه‌ڕه‌شه له ژیان و ژینگه ده‌كات و لێكه‌وتی نه‌رێنیشی ده‌بێت بۆسه‌ر داكه‌وتی (واقع) عێراق ، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌كاری ڕژد هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری گرفتی ئاو له ناوچه‌كه ، هه‌روه‌ها پرسه‌كانی به‌رزه‌فتكردنی سنوره‌كان ، ڕێكخستنی بازرگانی و گه‌شتیاری ئاینی و ڕۆشنبیری ، هه‌موو ئه‌وانه له عێراقدا و بگره له ده‌وڵه‌ته هاوسێكانیشمان ده‌بێت وامان لێ بكه‌ن ژینگه‌یه‌كی لێكتێگه‌یشتن بسازێنین و بگه‌ینه ئه‌و ڕێككه‌وتننانه‌ی كه خزمه‌ت به هه‌مووان ده‌كه‌ن و كه‌ش و هه‌وایه‌كی پڕمتمانه و دڵنه‌وایش ده‌ڕه‌خسێنن.
به‌رژه‌وه‌ندی نیشتیمانیمان له هاوسێیه‌تی باش و ڕێزگرتنی سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تان و ده‌ستتێوه‌رنه‌دان له كاروباری ناوخۆی یه‌كتردایه ، سیاسه‌ته ته‌وه‌ربه‌ندیییه‌كان (سیاسە المحاور) ڕه‌تكه‌ینه‌وه ، ده‌بێت ده‌ستیش به ڕۆڵه ته‌وه‌رییه‌كه‌ی عێراقه‌وه بگرین له بونیادنانی كۆسیسته‌مێكی ئاسایشی هه‌رێمی كه پشت به ڕێزگرتنی دووسه‌ره‌ی سه‌روه‌ری و مافه‌كانی گه‌لانی ناوچه‌كه و هاریكاری و ته‌واوكاری ئابووری و ڕۆشنبیری و ئه‌منی و په‌ره‌پێدانه‌كی ده‌به‌ستێت ، ئه‌مانه‌ش كلیلی سه‌ره‌كیین بۆ ڕابوونێك له ته‌واوی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌وه‌ی زمانی گفتوگۆ بكه‌ینه شوێنگره‌وه‌ی زمانی ناكۆكی ، له‌سه‌ر شته هاوبه‌شه‌كانمان بونیادبنێین نه‌وه‌ك هه‌ر له ناو بازنه‌ی ناكۆكییه‌كانماندا ماخۆلانمان بێت.
عێراق له هه‌وڵدایه باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پانتایی و قوڵایی ژینگه عه‌ره‌بی و كه‌نداوییه‌كه‌یدا هه‌بێت ، له‌گه‌ڵ براكانی هاریكار بێت له ڕه‌گپێداكوتانی ڕێساكانی هاوسێیه‌تی باش و ته‌واوكاری ئابووری و ڕابوون و په‌ره‌پێدانی ڕۆشنبیرییه‌كی هاوبه‌ش ، له نێوان عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا به‌سته‌ر و په‌یوه‌ندی تۆكمه و پته‌وی زۆر هه‌ن كه به‌رزه‌فڕین (گموح) له‌وه‌ی په‌ره‌یان پێبده‌ین و بنچینه‌كانیشیان به‌هێز بكه‌ین ، تاوه‌كو ئه‌وانیش به ڕۆڵی خۆیان نموونه‌یه‌ك بن بۆ هاریكاری له پێناو په‌ره‌پێدان و سه‌قامگیری ناوچه‌كه. په‌یوه‌ندییه‌كی دانسقه‌ش عێراق به توركیاوه گرێده‌دات كه ئاسۆییه‌كی كراوه بۆ په‌ره‌پێدان له‌خۆی ده‌گرێت ، ئه‌مه‌ش به ڕۆڵی خۆی هه‌له‌كانی ئاشتییه‌كی سه‌ركه‌ووتوو په‌ره‌پێده‌دات كه شایسته‌ی ناوچه‌كه و گه‌له‌كانی بێت.
له ڕاستیدا ، سه‌قامگیربوونی ئاشتی ته‌نها و ته‌نها به‌ڵێندانێك نییه به گه‌لانی ناوچه‌كه ، خۆ ئه‌گه‌ر سه‌قامگیری ئاسایشی ته‌واو له عێراقێكی دیموكراسی ئیتحادی بێته‌دی ، له سوریاش لێكتێگه‌یشتنێكی نیشتمانی له نێوان براكانماندا مه‌یسه‌ر بێت به‌وه‌ی ئاشتی و سه‌قامگیری گه‌له‌كه‌ی تیادا پارێزراو بێت ، له یه‌مه‌نیش كۆتایی به ئێش و ئازاری گه‌له‌كه‌ی بێت و هۆكاره‌كانی ئاشتیخوازی له‌نگه‌ربگرن و مافی هاووڵاتییه‌كانیشی ده‌سته‌به‌ر بكرێن ، ئه‌وا ئاشتی و ئارامی سه‌قامگیر ده‌بن.
ئه‌وه ئاشتییه‌ی هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین ، ته‌نها و ته‌نها خه‌ون و خه‌یاڵێك نابێت ئه‌گه‌ر به‌یه‌كه‌وه سه‌ركه‌ووتووبین له هاریكارییه‌كی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیدا له به‌دیهێنانی گفتوگۆیه‌كی ئه‌رێنی بونیادنه‌ر كه "ئاگری بن كای ناكۆییه‌كانان" بكوژێنێته‌وه ، ئێمه له عێراق كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین كه ڕۆڵه ڕابووه‌كه‌ی ووڵاته‌كه‌مان هۆكارێكی یارمه‌تیده‌ر بێت له هه‌مووی ئه‌وه‌ی باسمان كرد و له هه‌ر شوێنێكیش كه داوای ڕۆڵێكی ئه‌رێنی لێ بكرێت ، له‌مه‌شدا پشتئه‌ستوورین به‌و ڕاستییه‌ی كه به به‌رقه‌راربوونی هاریكاری و ئاشتی له ناوچه‌كه‌مان ، ده‌كرێت ده‌ستكه‌وتی زۆر زیاتر به‌ده‌ستبێنین له‌وه‌ی به ناكۆكی و ناته‌بایی ده‌ستمان ده‌كه‌وێت.
د. به‌رهه‌م صاڵح
وتارەکە بۆ
رۆژنامەی حەیات بەزمانی عەرەبی نوسراوە
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی