بەڕۆژ لە حكومەت و بەشەو لە ئۆپۆزسیۆن

12/11/2018

مەجید ساڵح

ئێستا لە جاران زیاتر كادیرەكانی یەكێتی و پارتی دەڵێن: نابێ حزبێك بێتە حكومەت "بەڕۆژە لە حكومەت و بەشەو لە ئۆپۆزیسۆن بێت"، كە بە زۆری ئەم قسانەش رووبەڕووی بزوتنەوەی گۆڕان دەكرێتەوە. 

ئەم بۆچوونە چەندە ھەڵگری ماكی راستیی بێت، ھێندەش تێ نەگەیشتنە لە دۆخی سیاسی و ئابوری و ئیداری كوردستان و بەد حاڵی بوون بۆ پرۆژەكانی كاك نەوشیروان بۆ چارەسەر كردنی ئەو دۆخە.

راستە، چونكە لەو وڵاتانەی كە دیموكراسی تێیدا چەسپاوە و لە دوای ھەڵبژاردنەكان ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە نێوان حزبەكاندا بە نەرمی و بێ كێشە تێدەپەڕێ. حزبی حاكم بە نەفەسی ئۆپۆزیسۆن رەفتار ناكات و ئۆپۆزیۆنیش لە رێگەی پەرلەمان و میدیاكارانیش لە رێگەی كەناڵەكانیانەوە چاودێریی كاری حكومەت دەكەن.

ناڕاستە بۆ دۆخی كوردستان، كە حزبەكانی دەسەڵات و سیاسەتمەدارەكانیان وا لكاون بە كورسییەكانیانەوە نە بەدەنگدان و نە بە یاسا لێی نابنەوە و چی رێگەی ناشەرعییە بەكاری دەھێنن بۆ مانەوەیان لە سەر كورسییەكانیان بەبێ ئەوەی زەڕەیەك بەرپرسیارێتیان بەرامبەر بە خەڵك و نیشتمان جێبەجێ بكەن.

لە ساڵی ١٩٩٢ەوە نەوشیروان مستەفا كە تاكە سەركردەی كوردە زانستی سیاسی و حوكمڕانی بە ئەكادیمی خوێندوە، بەلەبەرچاوگرتنی ھەلومەرجی كوردستان خەریكی ریفۆرم كردنە لەم شیوازی بەڕێوەبردنەی كوردستان (جارێكی دیكە تەماشای گرتە ڤیدۆییەكەی خۆی و مامۆستا عوسمان عەبدولعەزیز بكەنەوە لە ساڵی ١٩٩٢).

دوای دامەزاندنی بزوتنەوەی گۆڕان و بوون بە ئۆپۆزیسۆن لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە، نەوشیروان مستەفا بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی كوردستان، دروشمی روخاندنی دەسەڵاتی ھەرێمی كوردستانی بەرز نەكردوە، بەڵكو لە گەڵ حزبەكانی (كۆمەڵ و یەكگرتوو)، چەندین پاكێجی ئیسڵاحیان دا بەھەردوو حزبی دەسەڵاتدار، كە ئەمە لەوڵاتانەی دیموكراسین ھەرگیز رووی نەداوە، ئۆپۆزسیۆن پاكێجی ئیسڵاحی بدات بە حزبی دەسەڵاتدار.

ئەم حزبانە چوونە دەسەڵاتیشەوە نەدەكرا بە ھەمان نەفەسی یەكێتی و پارتی كار بكەن و چاو لە ئاست كەموكوڕییەكان داخەن، چونكە گەر وایان بكردایە ھیچ جیاوازییەك نەدەما. ھەر لەبەر ئەوە بوو پەرلەمانتارەكانی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو، لە پەرلەمان بە واجبی خۆیان ھەڵدەستان و چاودێریی حكومەتیان دەكرد، بە وەزیرەكانی خۆشیانەوە، لە حەقیقەتدا دەبوو پەرلەمانتارەكانی یەكێتی و پارتیش وا بكەن، چونكە ئەركی پەرلەمانتارییان وا دەخوازێ.. جگە لەوە لە میدیاكانیانەوە رەخنە و پێشنیار و داخوازی خەڵكیان دەخستەڕوو، چونكە ئەركی میدیا ئەوەیە و دەبوو میدیاكانی یەكێتی و پارتیش وا بكەن. بەڵام بەداخەوە، ھەم پەرلەمانتارەكانی یەكێتی و پارتی و ھەم میدیاكانیشان قڕوقپیان دەكرد لە ئاست كەموو كوڕییەكان و ئەمەش وای كرد حكومەت بێ باك بێ لە چاودێری پەرلەمان و میدیا.

حەقیقەت ئەوەیە دۆخی شێواوی كوردستان وادەخوازێ حزبەكان (گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو) وەك چۆن لە ئۆپۆزیۆن بووندا لە پاڵ رەخنەكانیان، پاكێجی ئیسڵاحیان دەدا بە حكومەت، درێژە بەو نەفەسەی خۆیان بدەن كە چوونە حكومەتەوە لە رێگەی پەرلەمانتار و میدیاكانیانەوە "بەرۆژ لە دەسەڵات و بەشەو و رۆژییش ئۆپۆزسۆن بن" و تەسلیم بەو ئیرادیە نەبن كە داوای قڕوكپ بوونیان لێ دەكات.

گۆمی مەنگی دەسەڵاتدارێتی كوردستان گەر لە رێگەی پەرلەمان و میدیاوە نەشڵەقێ، بۆگەن دەكات.

مەجید ساڵح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی