هەر حکومەت بەرپرسیارە؟

13/11/2018

هێمن شەمام

خۆپیشاندانی خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانی سلێمانی لەئیستادا،پێشهاتێکی تازە نییەو ساڵانە دووبارە دەبێتەوە و ئەوە چەندین ساڵە بەشە ناوخۆییەکان بەدەست نەبوونی هەموو پێداویستییەکی ژیانێکی ئاساییەوە دەناڵێنن، دایک و باوک و ماڵەوەی کورو کچەکانمان لە ساڵی کۆتایی خوێندنی ئامادەییدا بۆ ئەوەی نمرەیەکی بەرز بهێنێت، هەموو کارئاسانییەک بۆ خوێندکارەکەیان دەکەن، نازی هەڵدەگرن و میوانداری و سەردان و دەنگی بەرزی تیڤی و ڤۆلیۆمی قسەکردنیان دەکەنە (مینی مەم) ، جگە لەوەش دونیایەک مەلزەمە و سیدی و مامۆستا وخولی  تایبەتی بۆ دابین دەکرێت،  رۆژ نییە بۆڵەبۆڵ نەکات بەسەر دایکە داماوەکەی لەسەر جۆری ئەو خواردنەی هەیانە، ئاوی گەرم نییە، کارەبا نییە، بیگەیەنە دەوام و خول و وانەی تایبەت ، بۆ هەموو ئەوانە نازی هەڵدەگیرێ و لەگوڵ کاڵتری پێ ناگوترێ بۆ ئەوەی نمرەیەکی بەرزبهێنێت و داهاتوویەکی ڕۆشن و ئایندەی مسۆگەر بکات.
کاتێکیش لە شارێکی تر ناوی دەگەرێتەوە و دەکەوێتە بەشەناوخۆیی، ئیتر نە دایکی لەوێیە خواردن و پێخەف و ئاوی گەرمی بۆ ئامادە بکات و نەباوکی لەوێیە نازی هەڵبگرێ و نەخوشکەکەی جلەکانی بۆ ئوتو دەکات و نە براکەشی  دڵی دەداتەوە.
ئیتر حکومەتیش ئەوە هەر هیچ  کورد گوتەنی :نەبای پێدادێ نە باران، بەڵام ئەی خوێندکاری ئازیز تۆ لەکوێ ی ئەوانەدای؟ باشە خۆ دەکرێ لانی کەم خۆڵ و خاشاک و پاشماوەی خواردن و پاشەرۆکانتان لەگەڵ دەستی خۆتان کە دەرۆنە دەوام بێننە دەرەوەی بینای باڵەخانەکانتان؟ هەرهیچ نەبێت بۆ خۆپاراستن و تەندروستی خۆتان، ئەمە بکەن بۆ ئەوەی دووربن لەتووش بوون بەهەر جۆرە نەخۆشییەکی گوازراوە، وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان مایەی شۆک و شەرمهێنن، حکومەت و دەسەڵات باکییان نییە  ئێوە خۆتان بپارێزن.

هێمن شەمام

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی