خەونی ھاوبەش بەفڕێدانی ھەستی شارچێتی دەستپێدەكات

15/11/2018

نیاز عەبدوڵڵا

خەونی ھاوبەش بەفڕێدانی ھەستی شارچێتی دەستپێدەكات
٢٧ساڵی حوكمڕانی خۆماڵی كوردی لە كۆی ٢٣٤ساڵی مێژووی شاری سلێمانی، لە زۆر قۆناغدا خەڵكی ئەو شارەی ناچار كردووە بەراوردی تاوانە خۆماڵییەكان بە تاوانەكانی سەردەمی بەعس و مولازم موحسین بكەن.

حكومەتی ھەرێم و جووت حیزبەكە و ھێزە ئۆپۆزسیۆن و ناڕازییەكان، چەندین ساڵە كەڵك لە خەونی شانازی شار و نازناوی "شاری رۆشنبیری" وەردەگرن. لەپەنای تێكەڵكردنی گۆشت و خوێن و سۆز و ناڕەزایی و قوربانیدانی خەڵكی سلێمانی، بەشێكیان خوێنی خۆیان تێكەڵ بە خوێنی پارتی و یەكێتی كردەوە لە ھەمان شێوەی دەسەڵات، ئەمەش لە پێناو بەرژەوەندی كەسی و بەھۆی لاوازی فیكر و ئیرادەیان.

سلێمانی پێویستی بە بونیادنانی راستەقینە ھەیە لەسەر بنەماكانی یەكسانی و دادپەروەری.

بەرزكردنەوەی باڵەخانە و تاوەرەكانی سەرمایەدارانی حیزبی مانای خزمەتی خەڵك و شار نییە، لە كاتێكدا ھاوڵاتییەكی داھات مامناوەند ناتوانێت ژمە خواردنێكی تیا بكڕێت و بخوات.

لە درێژەی ئەو سیاسەتانە، سلێمانی و ھەولێر وەك یەك رووبەڕووی جیاوازییەكی گەورەی چینایەتی و سڕینەوەی یادەوەری و مێژوو بوونەوە، تاوانی گەورە لەبەرامبەر ھاووڵاتیان ئەنجامدرا، بەڵام دەسەڵات بە قوڵی كاری بۆ دابڕینی خەڵكی ئەم دووشارەو بەھێزكردنی ھەستی شارچێتی و پیرۆزی ناوچە و دژایەتی خەونی ھاوبەش كرد.

شەرەفمەندم بە بوونی مرۆڤە باش و بەتوانا و ئازاكان لە سلێمانی، بەڵام لە ھەركاتێكی رابردوو جیاوازتر پێویستمان بە فڕێدانی شانازییەكانی شارچێتی و ناوچەگەرێتییە.

پێویستە ئەم دونیا لۆكاڵ و شارچێتییە بگۆڕین بۆ خەون و گۆڕانكاری گەورەتر لە كوردستان، خەونی ھاوبەش لەگەڵ گوند و قەزا و ناحییەكان و ماڵە ھەوار نشینەكان، بەرگریكردن لە كەرامەتی مرۆڤ و مافەكانیان لە ھەر شوێنێك بێت.

نیاز عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی