لەبارەی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم

16/11/2018

سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی

پارتی شاندێكی بچووكی چەند كەسی پێكهێناوە، بەمەبەستی سەردانیكردنی چەند لایەنێكی سیاسی لە نێویان یەكێتیی و بزوتنەوەی گۆڕان و وەرگرتنی بۆچوونیان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێ.

ئەو شاندەی پارتی كە بڕیارە سبەی شەممە( 17ی تشرینی دووەم)، سەردانی سلێمانی بكات تەنیا ئاڵووگۆڕی بۆچوون و گوێگرتنە لەیەك و هیچ بڕیارو پێشنیازێكیان لانییە، شاندەكەش هێلی دووەمی مەركەزی بڕیاری ئەو حیزبەن.

پێشوازی یەكێتی و گۆڕانیش بۆ شاندی پارتی لە ئاستی كەسی یەكەم نابێت، بەڵام یەكێتیی كۆمیتەیەكی دانوستاندنی پێنج كەسی هەیە كە پێكهاتووە لە ( قوباد تاڵەبانی، شاڵاوكۆسرەت ڕەسوڵ، حاكم قادر، عیماد ئەحمەد، عومەر فەتاح، رەفعەت عبداللە ) جگە لە كۆسرەت ڕەسوڵ و باڤڵ تاڵەبانی و چەند كەسێكی دیكە، بە پێی پێویست بەژدرای كۆبوونەوەكان دەكەن.

بەشێوەیەكی نا فەرمی پارتی دەیەوێ پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت لەگەڵ ( 4 بۆ 5) پۆستی وزاری لە نێوشیان پۆستی وەزیری پێشمەرگە بدات بە یەكێتیی، بەڵام یەكێتیی چاوی لە پۆستی وەزیری ناخۆیە لە نێو وەزارەتە سیادییەكان.

پارتی لەگەڵ ئەوەیە چوار وەزارەت بە یەكێتیی ببەخشێ، ڕەنگە وەزیری دارایش پێشكەشی گۆڕان بكات، ئەگەر گۆڕان بڕیاربدات بەژداریبكات و داوای وەزارەتی سیادی بكات.

پارتی نایەوێ وەزیری سامانە سروشتییەكان و ناوخۆ بدات بە هیچ هێزێك، بەڵام یەكێتیی لەگەڵ ئەوەدایە ئەو وەزیرە ناوخۆیەی پارتی دایدەنێت، پێویستە بریكارەكەی كە یەكێتییە هەمان دەسەڵاتی هەبێت.

ئەگەر یەكێتیی پۆستی وەزیری پێشمەرگە وەرگرێت لە لایەن هەردوو بنەماڵەی تاڵەبانی و كۆسرەت ڕەسوڵ شێخ جەعفەر پەسەندكراو نییەوڕەتكراوەتەوە، تاوەكو ئێستاش هەریەك لە دكتۆر دارا ڕەشید و دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ دوو لەو كەسانەن لەوانەیە پۆستی وزاری وەرگرن .

یەكێتیی لەم نەخشە ڕێگایەی دایناوە، كە ناوەڕۆكی نەخشە ڕێگاكە تایبەتە بە شێوازی حكومڕانی و ئەو پۆستانەی یەكێتیی داوای دەكات، ئەو حزبە دەیەوێ لەگەڵ پارتی بەپێی ڕێككەوتنێكی ستراتیژی بۆماوەی چوار ساڵ ڕیكبكەوێت، لەبارەی پرسە ناوخۆییەكان و پرسی مامەڵە لەگەڵ بەغداو وڵاتانی ئیقلیمی. 

خاڵی لاوازی نەخشە ڕێگایەكەش ئەوەیە، كە زیاتر قسەی ئینشائین و پێناچێت پارتی زۆر گوێیان بۆ بگرێت.

بە نسبەت یەكێتیی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت و دوو وەزارەتی سیادی گرینگە، لە هەمانكاتدا ئەو حزبە زۆر سوورنییە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، چونكە پێیوایە پەرلەمان لەلایەن پارتی و نزیكەكانی قفلدراوەو سوودێكی ئەوتۆی نییە، ئەگەر لە حكومەت پۆستی و ئیمتیازاتی زیاتریان پێبدرێت، پێویستە ئاڵوگۆڕی پێبكەن.

جگە لەو نەخشە ڕێگایەش، یەكێتیی پڕۆژەیەكی هاوبەشی هەیە بۆ كۆكردنەوەی هێزەكانی زۆنی سەوز لەماوەی داهاتووشدا دەیخاتە بەردەم لایەنەكان، ئامانجیش لەو پڕۆژەیە ڕاستكردنەوەی باری لاسەنگی هێزەكانی ئەو سنوورەیە لەبەرامبەر پارتی.

پارتی دەیەوێت لە كاتی گفتووگۆكان لە بارەی پێكهێنانی حكومەت هەردوو پرسی پۆستی سەرۆكی هەرێم و دەستوور لەسەر هێزە گەورەو بڕاوەكان فەرزبكات.

لە هەموو حاڵەتەكان پێكهێنانی حكومەت درێژە ناكێشێت، چونكە پارتی لەم كابینە نوێیەدا شەریكی كەس نییەو كەسیش ناكات شەریكی نیوە بە نیوە، بەڵكو بەشێك لە پۆستەكان دەبەخشێتە یەكێتیی و گۆڕان و چەند پێكهاتەیەك، ئەو كارەش لەماوەیەكی كەمدا كۆتایی پێدەهێنێت.

سەرتیپ قەشقەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی