دەوڵەتداری یان سیاسەتبازی؟

20/11/2018

ئارێز عەبدوڵڵا

دەوڵەتداری یان سیاسەتبازی؟ دەوڵەتداری و سیاسەت لە یەکتری جیاناکرێنەوە، بەڵام ھەمیشە دەبێ سیاسەتەکان لە خزمەتی دەوڵەت و دەوڵەتداری دابن. بەپێچەوانەوە کاتێک سیاسەتبازی یان باشترە بڵێن حزبایەتی بەسەر دەوڵەتداریدا زاڵ دەبێ ئەگەر حکومەتەکە ھەر پلانێک و ستراتیجیەتێکیشی ھەبێ ناتوانێ تیایدا سەرکەوێ. بۆئەوەی حکومەت دەوڵەتداری بکا پێویستە ھەموو ئەو لایەنانەی کە بەشدارن لەسەر بنەمای ستراتیجەت و پلان و بەرنامە رێککبکەون نەک لەسەر بنچینەی پشک و پشک کاری حزبەکان و لەناو حزبەکانیش کەسەکان، ئەمە لەلایەک لە لایەکی دیکەش پێویستە کابینەی نوێی حکومەت بەدوای پسۆڕیدا بگەڕێ نەک بەدوای قایڵکردن و ھاتنی نۆبەی ئەو سەرکردە حزبیانەی لە کابینەکانی پێشو وەزارەت و دەزگا باڵاکانی تریان بەرنەکەوتووە.


 گەلی کوردستان ئەزموونی حوکمڕانی کەمە، بۆیە زۆرتر پێویستمان بە کەسانی خاوەن ئەزمون و دەستپاک و دوارۆژبین ھەیە. زۆر جار من گوێم لێ دەبێ ئەڵێن فلان کەس ئەوەندە ساڵەیە وەزیرە یان کار بەدەستە ئیدی بەسە با کەسێکی تر جێگای بگرێتەوە. من کاتێک لەگەڵ ئەو قسەیەدام کە ئەو کەسە سەرکەوتوو نەبووبێ، دەستپاک نەبووبێ یان بێتوانا. دەنا مانەوەی ئەوانەی بەھرەو توانای دەوڵەتداریان ھەیە و دەستپاکن و دەتوانن کارمەندی بیرۆکراتی دەوڵەتی بن زۆر باشترە لە کەسانی بێ ئەزمون و نەشارەزا. بەکورتی پێویستە کابینەی نوێی حکومەت زۆرترین پسپۆڕ و ئەزموندار لەخۆی بگرێ و ھەموو ئەو بەرپرسانەی لە رابردووش رۆڵیان لە بەرێوەبردنی کاروباری دەوڵەت نەک حزبایەتی ھەبووە لە جێگاکانی خۆیان بمێنەوە یان کاری تریان پێ بسپێردرێ. دەوڵەتداری کارێکی ئاسان نیە و دەوڵەتداری راستەقینەش پێویستی بە یاساو رێسای گونجاو وپسپۆڕو خاوەن ئەزمون ھەیە و پسپۆڕی و ئەزمونیش بە ھەوەنتە دەست ناکەوێ.

ئارێز عەبدوڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی