پەڕو باڵی مێژوو

23/11/2018

پەیکەر عوسمان

١- ئەو مێژووەی لای شیعەکان مێژووی ئیسلامە، دوای سەرکەوتن و بەدەستهێنانی دەسەڵات نەیاننوسیوەتەوە، بەڵکو ئەوان پێشترو لە قۆناغی بێدەسەڵاتیشدا، هەر بانگەشەی ئەو مێژووەیان کردووەو ئەسڵەن شۆڕش و دەوڵەت و دەسەڵاتەکەیان بە ئیلهامی ئەو مێژووە دامەزراندوە، نەك ئەوەی دوای سەرکەوتن و بەهێزی دەوڵەت مێژووەکەیان نوسیبێتەوە.

* یەعنی ئەوە ڕاست نیە کە مێژوو تەنیا سەرکەوتووەکان بینوسنەوە، بەڵکو هەموو ئەجندایەكی سیاسی، مێژوو دائەڕێژێتەوەو قسەیەکی تری هەیە لەسەری.

٢- سەیرکە بەدرێژایی سەدان ساڵ "سەڵاحەدین" ناوێکە هەیە بەڵام زۆر مەوزوع نیە، کەچی لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل و شەڕو ململانێکانی لەگەڵ عەرەب و ئینقلابی ناسردا.. لەپڕ سەڵاحەدین ئەبێ بە پاڵەوانی یەکەمی ناو ئەدەبی عەرەب! 
لێرەدا ئەوە ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل و ئایدیۆلۆژیای عروبەو ئیسلامی سیاسییە کە وا ئەخوازن، نەك ئەوەی خودی مێژووەکە بەو جۆرەبێت! 
خۆ ئەگەر شەڕەکە لەگەڵ فارسبووایە، ئەوکات لەبری حەگین و سەلاحەدین، پێویستت بە فووتێکردنی قادسیەو قعقاعە، وەك ئەوەی عێراق.

* یەعنی ئایدۆلۆژیا لە دەرەوەی ململانێدا نیە، هەموو ئایدیۆلۆژیایەك لەناو ململانێدایەو بۆ ململانێ هاتووە.. مێژووش لەناو تۆڕی هەردوکیاندایە، نە لەگەڵ ململانێدا ئەتوانێ بێلایەنبێ و نە لەگەڵ ئایدۆلۆژیادا ئەتوانێ بارگاوی نەبێت.

٣- ئەو مێژووەی بە دەماودەم هاتووە چەنێك شایەنی وەرگرتنە ئەونەش شایەنی ڕەتکردنەوەیە، ئەوەشی کە پشتئەستورە بە مەختوتات و هەڵکۆڵراوەکان، حاڵیان لە دەماودەمەکە باشترنیە، چونکە مەختوتات کەسەکان نوسیویانەو مەشمولە بە حەزو بەرژەوەندی و کاردانەوەی کەسی و ناکرێ مەختوتەیەك بکەیتە بەڵگەی ڕاستی مێژوویەك، لەکاتێکا خودی مەختوتەکە بۆی هەیە دنیایەك درۆی تیابێت.
هەڵکۆڵراوی سەر شاخ و پەرستگاو پایەکانیش ئەمە لە توانای دەسەڵاتدایەو دەسەڵاتێکیش کە تا پلەی خوایەتی بەرزکرابێتەوە، ئەبێ هەڵکۆڵراوەکانی چ ڕاستی و مەوزوعیەتێکی تیابێت؟!

* مێژوو بە سروشتی خۆی مەحکومە بەوەی کە درۆبێت، چونکە ئەگەر لە قۆرتەکانی ڕابردووش بە سەلامەتی دەرچێ "کە دەرناچێ"، دواتر بەر ئێستایەك ئەکەوێ کە ململانێ و بەرژەوەندی و هاوکیشەکانی.. ڕەنگە وابخوازن کە بە درۆی بخەنەوەو بە نەوعێکی تر دایرێژنەوە!
ئیشی (ئێستا) هەر ئەوەیە کە بەپێ ی پێویستییەکانی ڕۆژ، درۆیەك پشتڕاستبکاتەوە، یان ڕاستییەك بە درۆبخاتەوە،، ئایا لەگەڵ ئەم جورە ئێستایەدا مێژوو ئەتوانێ ڕاست بێت؟

٤- لە سەردەمی تەکنەلۆژیاشدا، تۆ بە کامێراکەت تەنیا ڕووداوێك تۆمارئەکەیت نەك مێژوویەك،، پاڵنەرو پێشینەو فاکتەرەکانی پشتی ڕووداوەکە تۆمارنین، مێژووش هەموو دۆخەکەیە نەك لەقتەیەکی! لەولاشەوە ڕاگەیاندن بە ئارەزووی ئەجنداکان شتەکان ئەهێنێ و ئەباو ئیتر ئەوەشی کە بەچاوی خۆت ئەیبینی شەرت نیە وابێت!
جا شتێك کە گەرماوگەرم و بۆ ئێستا نەبێتە ڕاستیی، بۆ سەد ساڵی تر چۆن ئەتوانێ ڕاستی بێت، ئەگەرچی دنیایەك ڤیدیۆو تۆماریش پشتیوانی بکەن؟

* ئەمەوێ بڵێم مێژوو کەرەستەیەکی سیاسییە بۆ بیناکردنی دەسەڵات و بەرژەوەندیی، نەك بۆ گەڕان بۆ ڕاستیی! مێژووسازی فەنی دەسکاریکردن و داڕشتنەوەی مێژووە نەك ساغکردنەوەی مێژوو،، ئەوە گێل و ڕۆمانسییەکانن لە مێژوو ڕاستییەکی دوێنێیان ئەوێ، عاقڵەکان لە مێژوو بەرژەوەندییەکی ئەمرۆیان گەرەکە.

٥- کاتێ لە زنجیرەیەکدا ئەوە زەقئەکرێتەوە کە سوڵتان عەبدولحەمید توانیویەتی بە ئیشارەتێك موسوڵمانەکانی هیند بجوڵێنێ.. مەبەست لەمە دوێنێیەك نیە کە ڕۆشتووە، مەبەست دروستکردنی ئیمڕۆیەکە، کە ئەردۆگان بتوانێ بە ئیشارەتێك تورکەکانی ئەڵمانیا بجوڵێنێ!

* لەگەڵ مێژوودا یەکسەر خەیاڵمان ئەچێ بۆ دوێنێ، ئەمەش ڕێك خەیاڵسزییە، چونکە پیشەسازی مێژوو سەربە دوێنێ نیە، سەربە خەیاڵ و بەرژەوەندی و ئەجنداکانی ئەمڕۆیە، ئەگەرچی کەرەستە خاوەکەشی لە دوێنێوە هێنرابێت!
هەیکەلی سولەیمان ئەوەنیە کە جولەکە پیش هەزاران ساڵ هەیانبووە، ئەو عەزەمەتەیە کە ئێستا هەیانە، مێژووی تۆش ئەوەنیە کە چیت هەبووە، ئەوەیە کە چیت ئەوێ.

پەیکەر عوسمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی