ڕاوێژکارە کوردەکەی سوڵتان سلێمانی قانونی

24/11/2018

د.جەبار قادر

لە نیوەی یەکەمی سەدەی شازدەهەم بە دەگمەن کورد لە دەروازەی باڵا "بابی عالی" و پایتەختی عوسمانی دەبینران، چونکە زۆر نەبوو پەیوەندی لە نێوان هەردوولا پەیدا ببوو، ئەویش لە دوای شەڕی چاڵدێران ١٥١٢ و داگیرکردنی بەشی هەرە زۆری کوردستان لە لایەن عوسمانیانەوە. کاتێ باسی ناودارانی کوردی ئەو سەردەمە دەکرێت زیاتر ناوی ئیدریسی بدلیسی لە ناواندایە"تورکەکان بدلیسیان کردووە بە بتلیس وەکو زۆر ناوی دیکە کە دال دەکەن بە تێ بۆ نموونە مەحمود دەبێت مەهموت و عەلائەدین دەبێت بە ئەلائەتین...تاد". باسی ئیدریسی بدلیسی زۆر کراوە، بیر وبۆچوونەکان لە بارەیەوە ناکۆک و دژبەرن. کەسایەتییەکی دیکەی خەڵکی بدلیس، کە پێگەیەکی گرنگی لە دەروازەی باڵادا هەبووە دەروێش مەحمودە. دەروێش کوڕی سەرۆکی تیرەی کەڵەچێری بوو، کە یەکێ لە تیرەکانی هۆزی بە ناوبانگی ڕۆژەکی بووە، واتا هۆزی میرانی بدلیس. ڕەنگبێ جیاوازی سەرەکی لە نێوان ئەم دوو کەسایەتییە ئەوەبێت کە ڕۆڵی ئیدریسی بدلیسی کاتێک بوو کە پلانی داگیرکردنی کوردستان و بەکارهێنانی کورد لە دژی شای سەفەوییان داڕێژرا و جێبەجێ کرا. هەرچی دەروێش مەحمودە دوای بیست ساڵ لەو ڕۆژانە لە شەر شانۆی سیاسی و کارگێری پایتەختی عوسمانی دەرکەوتووە. ڕەنگبێ ئەمە یەکێ لە هۆکارەکان بێت کە ژیان و چالاکییەکانی ئیدریسی بدلیسی زۆر بە فراوانی باسیان لێوە کراوە، لە کاتێکدا کارەکانی دەروێش مەحمود زۆر بە هەژاری لە مێژوودا تۆمار کراون. بۆ خۆیشی پێدەچێت ئەم پیاوی بڕیارەکانی پشتی پەردە بووبێت. کتێبەکانی ئیدریسی بدلیسیش، کە سەرچاوەکان زیاتر باس لە ٢٨ دانەیان دەکەن، هۆکارێکی دیکەی مانەوەی ناو و ناوبانگێتی لە مێژوودا. 
لەم وتارە کورتە ئاماژە بە هەندێ خاڵی سەرەکی ژیان، پێگە و کارەکانی دەروێش مەحمود دەکەم، بە وتەیەکی دیکە ئەمانە تەنها چەند سەرەقەڵەمێکن لە لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت بەم کەسایەتییە، کە قەولە بەم زووانە لە گۆڤاری ڕاماندا بڵاو ببێتەوە. 
بە پێی سەرچاوەکان دەبێت دەروێش مەحمود کەڵەچێری لە ساڵانی ١٤٩٤/١٤٩٥ – ١٥٦٧/١٥٦٨ بێت. لە نامەیەکی بڵاونەکراوەیدا بۆ میری میرانی دیاربەکر، کە ئەم دواییە لە ئەرشیفەکانی عوسمانیدا بینراوەتەوە، خۆی بە دەروێش و شاگردی ئیدریسی بدلیسی داناوە. شەرەفخانی بدلیسی لە شەرەفنامەدا زۆری پێیا هەڵداوە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە تەمەنی شازدە حەڤدە ساڵیدا زۆر ئازایانە لە گەڵ مەحمەد ئاغای کەڵهۆکی میر شەرەفی باپیریان لە بەند و کۆتی شا ئیسماعیلی سەفەوی ڕزگار کردووە و بردوویانەتەوە بۆ باکوری کوردستان، هەوڵی زۆرشیان داوە بیکەنەوە بە میری بدلیس. دواتر میر شەرەفی باپیرە گوێ لە ئامۆژگاری دەروێش مەحمود و هاوڕێکانی ناگرێت و دەکەوێتە تۆڵە سەندنەوە لە میران و سەردارانی کورد. ئەم کارەی دەبێتە هۆی ئەوەی ساردی بکەوێتە نێوانیانەوە و دواتر لە کاتی هێڕشی ئۆڵەمە سوڵتان بۆ سەر بدلیس پشت لە میر شەرەفی باپیرە بکات. هەر لە شەرەفنامەدا باس لەوە کراوە کە دەروێش مەحمود بۆ ماوەیەکی زۆر لە دادگای بدلیس کاری کردووە و ئەزمونی زۆری پەیدا کردووە. 
دەوروبەری ساڵی ١٥٣٣/ ١٥٣٤ ڕوو دەکاتە ئەستەموڵ و بە پێی شەرەفنامە بە هۆی وریایی و زیرەکیەوە لە لایەکەوە و پێویستی زۆری سوڵتان سلێمانی قانونی بە کوردێكی شارەزا لە بارودۆخی کوردستان، دەروێش مەحمود لە خۆی نزیک دەکاتەوە. لە ماوەیەکی کەمدا سوڵتان متمانەی زۆری پێدەکات و دەیکات بە مامۆستا و پەروەردەکاری کچە تاقانەکەی میهری ماە، کە بەرەی ژنە خۆشەویستەکەی ڕۆکسەڵانا"خوڕەم سوڵتان" بوو لە تەک پێنج کوڕدا. پیدەچێت دەروێش مەحمود بۆ ماوەی دە ساڵ" ١٥٣٤ – ١٥٤٤ خەریکی بە جێهێنانی ئەم ئەرکە بووبێت. ئەم کچەی سوڵتان دواتر ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت لە دەروازەی باڵادا، بە تایبەتی دوای کۆچی دوایی دایکی. بە قسەی شەرفخانی بدلیسی دەروێش ببووە کۆڕنشینی پادشا و پلە و پایەی کتێبداری دیوانی دایە، واتا بەرپڕسی کتێبخانەی شاهانە کە ناوەکەی "جامع الحیپیات" بوو. لەم پێگەیەیدا دەروێش مەحمود ئەزموونی دەوڵەتداری و کارگێڕی دەوڵەمەندی پەیدا کرد و دەستی دەگەیشت بە کاربەدەستانی باڵای دەوڵەت و لە پێش هەموویانەوە سوڵتان و دەوروبەرەکەی. لە نزیکەوە چاودێری کاربەدەستان و ئێلیتی عوسمانی دەکرد لە میر، وەزیر، بیرۆکرات و هەموو ئەوانەی دەم و دویان لە گەڵ کتیبدا هەبوو و دەچوونە کتێبخانە. ئاگاداری هەموو فەرمان و بڕیارەکانی دەروازەی باڵاش بوو چونکە کتێبخانەکە وەك ئەرشیف وابوو بۆ فەرمان و نامە گرنگەکانی سوڵتان و دەزگا فەرمییەکانی دەوڵەتی عوسمانی. لەم ڕێگەیەوە دەروێش مەحمود شارەزایی تەواوی لە سیستەمی بیرۆکراتی عوسمانی و کاروباری سیاسی پەیداکرد. شەرەفخانی بدلیسی ئەوەشمان بۆ دەگێڕێتەوە کە میران وسەردارانی کورد بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان لە دەروازەی باڵا بەر لەوەی بچنە لای هیچ کاربەدستێک، ئامۆژگاری و ڕێنماییان لە دەروێش مەحمود وەردەگرت و داوای هاوکارییان لێ دەکرد. 
پێدەچێت دەروێش ئەرکەکانی زۆر بە باشی بەجێ هێنابێت، ئەمەش بووە هۆی پێشکەوتن و هەڵکشانی بە پایەکانی دەسەڵاتدا لە دەرباری سوڵتان سلێمانی قانونی. لە هەمان کاتدا بوو بە هاودەم و ڕاوێژکاری یەکێک لە کەسە هەرە نزیکەکانی سوڵتان کە داماد ڕۆستەم پاشا بوو، داماد بە واتا زاوای سوڵتان دێت. ڕۆستەم پاشا مێردی کچە تاقانە و خۆشەویستەکەی سوڵتان سلێمان قانونی میهری ماە بوو. ڕۆستەم پاشا میهری ماهی خواست و سوڵتان یەکسەر هەر لەو ساڵەدا ١٥٤٤ کردی بە سەدری ئەعزەم "سەرۆک وەزیران"، کە لە ١٥٤٤ تا کۆچی دوایی لە ١٥٦١دا، دوو ساڵی لێ دەرچێت، لەو پۆستەدا مایەوە. هۆکاری دوورخستنەوەکەی کوشتنی مستەفای کوڕی سوڵتان بوو لە ژنە کۆنەکەی لە ساڵی ١٥٥٣. وادیارە لە ناوبردنی مستەفا بە پیلانی ڕۆکسەڵانا و کچەکەی و زاواکەی بووبێت بۆ ئەوەی سەلێمی کوڕە گەورەی ڕۆکسەلانا ببێت بە شازادەی جێنشین و سوڵتان لە دوای مردنی باوکی. سوڵتان لە ژێر فشاری ڕۆکسەڵانا و میهری ماهدا بڕیاریدا ساڵی ١٥٥٥ ڕۆستەم پاشای بگەڕێنێتەوە بۆ پۆستە.

دکتۆر جەبار قادر 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی