نمەو ئێمە

28/11/2018

په‌یكه‌ر عوسمان


- عالەمی مناڵ یاری و ئەفلام کارتۆنە، کە مناڵ ڕۆشت بەرەو عالەمی سیاسەت و هەواڵ، یەعنی خەلەل هەیە. 


عالەمی نەخۆش ئەوەیە کە نەخۆش تەنیا نەخۆش بێت، بەڵام کە نەخۆش جگە لە نەخۆشیی، دنیایەك قوڕبەسەریی تریشی هەبوو، یەعنی خەلەل هەیە.
عالەمی پیر ئیسراحەتی ڕۆح و جەستەیە لە دەردی سەری ژیان، بەڵام کە پیر هێشتا هەر خەم و هەڵپەو دڵەڕاوکێی ژیانیبوو، یەعنی خەلەل هەیە..
هەموو فیئەو تەمەن و چینێك دنیای تایبەت و ئاسایی خۆی هەیەو کە ئەشبینی هیچیان لە دنیاکەی خۆیاندا ناژین، ئیتر ئەوە ئاوێکە لەسەرەوە ڕژاوە! 
ئەوە سیستەمی سیاسییە کە لە عالەمی خۆیدا ناژی و چونکە هەیمەنەشی بەسەر شتەکانی تردا هەیە، ئەوانیشی لە عالەمی خۆیان دەرکردوە! 
بەڵێ ئەوە دەسەڵاتە کە لە دنیای حوکمڕانییەوە ترازاوە بۆ دنیای چەتەیی، بۆیە هەموو شتەکانی تریش خزاون.

- مناڵ پیویستی بە کارەبایە بۆ ئەوەی سەیری کارتۆن بکات. پێویستی بە ئاوە بۆ ئەوەی پاك و خاوێن بێت. پێویستی بە سیستەمێکی تەندروستی باشە بۆ ئەوەی تەندروست بێت. پێویستی بە سیستەمێکی پەروەردەی باشە، هەر بۆ ئەوە نا کە شتی تیا فێربێت، بەڵکو بۆ ئەوەی ئەو چەن سەعاتەی لە مەکتەبە هەست نەکا لە سجنە. پێویستی بە ژووری خۆیەتی، لەکاتێکا هێشتا دایکو باوکیشی ژووری خۆیان نیە، بەو مانایەی کە کرێچین. پێویستی بەوەیە دایك و باوکی دڵیان خۆشبێت، لەکاتێکا دایك و باوکی ئێمە بە دەست ناسۆری ژیانەوە دەموچاویان ئەڵێ تابلۆیەکی حەزینە بە ماڵەکاندا هەڵواسراوە..


دواجار مناڵ پێویستی بە پارەیە، ئاخر ئەو مناڵەی کە حەزی لە نەستەلەیەکەو پارەی پێ نیە بیکرێت، هەر لەویا بیست ساڵ گەورەئەبێ، ئیتر تۆ بە چ عەقڵێکەوە بەتەمای ئەو مناڵە لە عالەمی خۆیدا بژی؟؟

- لە باشترین سیستەم و پەروەردەشدا، مناڵانێك هەر هەن کە جیاوازن و بەهرەو ئیهتمامیان بۆ شتانێكە کە هی تەمەنی ئەوان نیە! 


مەسەلەن مناڵ هەیە لە تەمەنی نمەیا عازفێکی زۆر بەتوانایە، لەکاتێکا لەو تەمەنەدا پێویستە وەکو مناڵێك مۆسیقا لێبدا نەك وەکو ئەنوەر قەرەداغی.
مناڵ هەیە لە تەمەنی نمەیا سەدان کتێبی خوێندۆتەوەو پێشبڕکێ ی خوێندنەوە لە گەورەکان ئەباتەوە، لەکاتێکا حیکایەتی مناڵانەش ئەو پێوست ناکا خۆی بیخوێنێتەوە، ئەوە ئیشی دایك و باوك و مامۆستاکەیەتی!


یان مناڵ هەیە زۆر لە نمە بچوکترەو تازە زمانی گرتووە، کەچی ناوی هەموو پایتەختەکانی لەبەرە..
ئەمەوێ بڵێم کێشەکە ئەوەنیە کە نمە مناڵێکە خەریکی شتێکی گەورانەیە، ئەسڵەن ئەمە وەکو "حاڵەتێکی فەردی" ئەچێتە بواری بەهرەو جیاوازییەوەو لە هەموو دنیا هەیەو ئاساییە.. 
کێشەکە ئەوەیە حاڵەتەکەی ئێمە فەردی نیەو جەماعییەو مناڵی ئێمە بە گشتی سەریان لەو قوڕەدایە!! 
وەک ئەو هەموو مناڵەی کە سواڵ و کاریان پێ ئەکرێت. وەک ئەو هەموو مناڵەی کە بانگەشەو شەڕە پەڕۆی حیزبەکان ئەکەن. یان مرەکەبی دەنگدانە، کە مناڵی ئێمە لە گەورەکان زیاتر پەنجەیان پیاکردوە!

- خەو گرنگترین شتی دنیای مناڵە، مناڵ نابێ بگاتە سەعات نۆو دە، تۆ کە مناڵەکەت تا دوانزەو یەك بەخەبەرە، بەجدیتە بەتەمای لە عالەمی خۆیدابێت؟
(تەلەفزیۆن یان لەسەر ئیخبارە یان حەڵقەی تورکی، دایك و باوكیش دایمە مۆبایل بەدەستیانەوەیە) ئەم دوو لەقتەیە لە هەموو ماڵێکی ئێمەدا هەیە، لەو ماڵەدا بەجدیتە ئەتەوێ مناڵ ئاسایی بێت؟ 
لەڕاستیدا عالەمی مناڵ ئەوەیە کە گەورە ئەیڕەخسێنێ، نەك ئەوەی کە مناڵ بە حوکمی تەمەن تیایەتی.

- گەورەکان لە دایك و باوکەوە بۆ مامۆستاو ڕۆشنبیرو حکومەت.. ئەمانە کە لە دنیای خۆیاندا نین، بەرپرس و تاوانبارن لەو دۆخەی کە تێیدان، تەنیا مناڵ بەرپرس نیە لە دۆخێك کە تێیدایە، کەچی دێ ی یەخەی نمە ئەگریت و شەڕەکانت بە مناڵێك ئەفرۆشیت!

- دنیاکان هەمووی ڕەبتن بەیەکەوەو دنیای مناڵیش ئەگەرچی لە گرنگیدا لەسەری سەرەوەیە، بەڵام لەکاریگەریدا لەخواری خوارەوەیەو ئەبێ ئەوانەی سەرەوە چاك بکرێن ئینجا دنیای مناڵ باش ئەبێت.
مەسەلەن ئەبێ حکومەت موچە بدا، ئینجا مامۆستا ئەتوانێ بەباشی دەرس بڵێتەوەو باوك ئەتوانێ ڕۆژانە بە مناڵ بدا..

- شتەکان بەقەت ئەوەی کە هەن، شایەنی بوونن ئەگەرچی نەیاریشی بین، جا سەرەتا جیاوازیی قبوڵ بکە ئینجا ڕەخنەی لێبگرە، بۆئەوەی ڕەخنەکەت بە نەفەسی سڕینەوە نەبێت. 
ئاخر تۆ جیاوازی مناڵێکت بۆ هەزم نەکرێ، لەگەڵ جیاوازی گەورەیەکدا هەر ئەگەیتە شەڕی ناوخۆیە قابیلە بۆ کوێ ئەچیت.

- دنیا لە (دژو لەگەڵ)دا مەنوقێنەو بڕوات بەوە هەبێ کە خیاری تریش هەیە، بۆئەوەی چیتر دەمارگیرانە لەگەڵ و دژ نەبیت!!

- جیاوازی ئەوەیە کە جیاوازی دروست ئەکات، وەک ئەوەی کە منو تۆ خیلافمان لەسەر نمە هەیە!
بەڵام لادان ئەوەیە کە لێکچون دروستئەکات، وەک ئەوەی کە منو تۆ کۆکین لەسەر ناپەسەندیی ڤیدیۆی مناڵێک کە دانیشتبێ بخواتەوە.

- کەسایەتی گشتی هەر ئەونەی کە گشتییە، ئیتر قابیلی قسەو ڕەخنەشە ئەگەرچی مناڵێکش بێت، بەڵام ئەو زمانەی کە ڕەخنەی لە نمە پێ ئەگریت، ئەبێ جیابێ لەو زمانەی کە ڕەخنەی لە فازل میرانی و سەعدی پیرە پێ ئەگریت، ئەزانی؟

- دواجار ئەو قسانەی گەورەکان بۆ یەکتری ئەکەین، گرنگە مناڵێك هەمان قسەمان بۆ بکاتەوە، زۆر بە سادەیی چونکە ئێمەی گەورە لە یەکتر تێناگەین،، ئەگەر تێبگەیشتینایە کۆی دنیاکەو لەناویشیا دنیای مناڵ، وا بە قوڕ نەئەگیرا.
ئینجا چاومانە نمە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی