بەڵگەنامەی نوێ لە سەر کوشتنی شەرەفخانی بدلیسی

29/11/2018

د.جەبار قادر

چوار بەڵگەنامە لە ئەرشیفی عوسمانی دۆزراونەتەوە گومان لەوەدا ناهێڵن کە نووسەری شەرەفنامە کوژراوە. بەڵگەنامەکان بریتین لە نامەی سوڵتان بۆ کاربەدەستانی دەوڵەت لە وان و تایبەتن بەو سەروەت و سامانەی لە دوای شەرەفخان بە جێماوە. بەڵگەنامەکان هیچ بایەخێکیان بە کوشتنەکەی نەداوە، تەنها باسیان لە سەروەت و سامانەکەی (قتل أولونان) شەرەفخانی کوژراو دەکەن. سوڵتان نوێنەری تایبەتی خۆی ناردە وان بۆ کۆکردنەوەی میراتی شەرەفخان، کە کاربەدەستانی گەندەڵی عوسمانی سیناریۆی جۆراو جۆریان داڕشتبوو بۆ دزین و تاڵانکردنی. کاتێ نێردەی سوڵتان دەگات دەبینێت هەموو سنوقەکان بەتاڵن و گوایە بە شەو دزرا بوون. سوڵتان لیستێکی تەواوی سەروەت و سامانی شەرەفخانی لە لا بوو، کە خەڵەفی برای بۆ دەرباری سوڵتانی ناردبوو، واتا دەیزانی گەنجینەکەی چی تێدا بووە. شەرەفخان لە شەڕدا لە دژی بەگلەربەگی وان سوپاکەی شکستی هێناو خۆیشی لە تەمەنی نزیک شەست ساڵیدا (١٥٤٣ - ١٦٠١) کوژرا. لە نامەکاندا سوڵتان چەندین جار ناوی شەرەفخانی لە گەڵ دەستەواژەی "قتل أولونان"ی واتا کوژراوی بەکاربردووە. بەلگەنامەکانیش لە ئەیلولی ١٦٠٢دا نووسراون، بەم پێیە بێت دەبێ شەرەفخان پێش ئەو مێژووە کوژرا بێت. بە لێکدانەوەی ئەوانەی بەڵگەنامەکانیان دۆزیوەتەوە دەبێت شەرەفخان لە ساڵی ١٠٠٩ك، کە دەکاتە ١٦٠٠-١٦٠١ز کوژرا بێت.

(*) ئەمە پەرەگرافێکە لە لێکۆڵینەوەیەکی درێژ کە بەم زووانە بڵاو دەبێتەوە.

دکتۆر جەبار قادر 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی