کورد لەکوێی پلانی ئاشتی ئەمریکایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟

30/11/2018

وریا حەمە تاهیر

فەلەستین و ئوردن دەبن بەیەک دەوڵەت
پلانی ئاشتی ئیدارەی ترامپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست بەم زووانە دەخرێتە ڕوو، تیایدا پێشنیاری فیدراسیۆنێک لەنێوان ئوردن، کەرتی رۆژئاوا و غەزەدا، کە ئەم دوانەی دواییان ئۆتۆنۆمییەکی زیاتریان هەبێت. ئەمەش یەکەمجارە دوای چەندین ساڵ ئەمریکا پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەلەستین رەتدەکاتەوە.

ئەم بیرۆکەیە پێشتریش خراوەتەڕوو، بەڵام جێی قبوڵکردن نەبووە، بەڵام ئەمریکا خوازیارە، ئەمجارە لەبری ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان، وڵێتانی سونەی عەرەبی ئیدارەی دانوستانەکان بکەن و فەلەستیننیەکان رازی بکەن لەڕێگەی پێدانی ئیمتیازی ئابووری و سیاسی. لەهەمانکاتدا ئەمریکا خۆی فشار لە ئیسرائیل بکات کە ڕازی ببێت بە پێشنیارەکانی ناو پلانەکە.
کێشە ناوخۆییەکانی ئیسرائیل و تۆمەتبارکردنی شازادەی جێنشینی سعودیە بە کوشتنی جەمال خەشوقخی راگەیاندنی پلانەکی دواخستتووە.
گرنگترین ئاستەنگەکانی بەردەم وەها پرۆسێسێک بریتین لە ئیدارەدان و ستاتووی ئۆرشەلیم (قودس)، کۆمەڵگا نیشتەجێیەکانی ئیسرائیل لە کەرتی رۆژئاوا، ئاسایش، سنوور، سەربەخۆیی فەلەستین لە ئایندەدا و لەهەمووی گرنگتر گەڕانەوەی ئاوارەکانی فەلەستین..
وەک نەریت سەرۆکەکانی ئەمریکا، پلانێک بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەگەیەنن.
خاڵی هاوبەشی ئەو پلانانە: ئیسرائیل لە زۆر ناوچە دەکشێتەوە کە لەشڕەی ١٩٦٧ دەستی بەسەردا گرتووە. فەلەستین دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا دەنێت ودەستبەرداری هەندێل لە خاکەکەی دەبێت. بیل کلینتۆن ، جۆرج دەبلیو بۆش و باراک ئۆباما دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ فەلەستین لە کەرتی رۆژئاوا و غەزەیان بۆ فەلەستین بە فاکتەری سەرەکی ئاشتی و چارەسەر داناوە.
کورد لەکوێی ئەم پلانەدایە؟ چۆن کێشەی کوردستان و عێراق چارەدەکرێت، کورد چ رۆڵێکی لە ئایندەی سوریا دەبێت، فشارەکانی تورکیا تا کوێ جێییان کراوەتەوە؟ ئایا هەر کورد بە فاکتۆری نائارامی و سەقامگیری دادەنرێت؟ هێشتا ڕوون نییە؟ 
چاوەڕوانین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی