رۆدۆو فیمنیزم

01/12/2018

كەژاڵ حەمەڕەشید

مانگی سێی ڕابردوو جەستن ترۆدۆ سەرەك وەزیرانی كەنەدا بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان بڕیاری دا وێنەی ژنێكی كاریگەرو تێكۆشەر بخاتە سەر نوێترین دراوی كەنەدی . ئەوەبوو بڕیاری دا كە وێنەی ڤیۆلا دیسمۆند كە ژنێكی ڕەش پێست بوو لە دژی ئاپارتاید خەباتێكی بێووچانی كردوەو چیرۆكی بەرەنگاری ئەو لە مێژووی كەنەدا دا نوسراوەتەوەو وەك چالاكوانێكی مافی مرۆڤ دەناسرێت. ڤیۆلا دیسمۆند ساڵی ١٩٤٦ كاتێك كە هێشتا ئاپارتاید دژی ڕەش پێستەكان بە توندی بە ڕێوە دەچوو، لە شوێنە گشتیەكاندا جێگاو كورسی سپی و ڕەش جیا كرابوونەوە، ڤیۆلا ڕۆژێك دەچێت بۆ سینەما و لەسەر كورسی سپی پێستەكان دادەنیشێت، لە كاتێكدا ئەو پارەی زیاتریشی دابوو بۆ گرتنی ئەو جێگایە، پۆلیس و سەرپەرشتیارانی سینەماكە داوای لێ دەكەن كە ئەو جێگەیە چۆڵ كات چونكە ئەوە جێگای سپی پێستەكانە، ڤیۆلا بەرەنگاری دەكات و نایەوێت جێگەكەی بە جێ بهێڵێت، بەم شێوەیە كێشەكەی دەچێتە دادگاو لێرەوە خەباتی ڕەش پێستەكان گەورەو بەهێزو فراوان دەبێت تا دەگاتە ئەم ڕۆژەو ڕەش پێستەكان مافی تەواوو یەكسانیان هەیەو بەشێكی گەورەی كۆمەڵگای كەنەدی بەڕێوە دەبەن. 

ترۆدۆ دەڵێت ڤیۆلا ژیان و بیركردنەوەی كۆمەڵگای كەنەدی گۆڕی بەرەو باشتر ، ئێمە ئێستا سوپاسی ئەو دەكەین و قەرزاری ئەوین. دوو هەفتە لەمەوبەر ١٥ی نۆڤەمبەر ٢٠١٨ نوێترین ١٠ دۆلاری كەنەدی بەوێنەی ڤیۆلاوە چوە نێو بانكەكانی كەنەداوە، ئەمە یەكەمین جاریشە لە مێژووداو لە جیهاندا وێنەی كەسایەتیەك بخرێتە سەر دراوی ووڵاتێك كە كەسایەتی دەسەڵات و دەوڵەت وشاو شاژن نەبێت.

ترۆدۆ لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٥ دا كە دەنگی ڕەهای بە دەست هێنا ، بڕیاری دا ٥٠% ی كابنێتەكەی لە پەرلەمانتاری ژن پێك بهێنێت، بەو شێوەیە كابینێتەكەی پێك هات لە ١٥ ژن و ١٥ پیاو. كاتێك لەم بارەیەوە پرسیاریان لێ كرد ووتی ئێستا ٢٠١٥یە لەوە زیاتر چاوەڕێی چی بین هێشتا ژنان نیوەی دەسەڵات و دەوڵەت پێك نەهێنن.

ساڵی ٢٠١٦ لە كۆنگرەی نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە ژنان ، بو بە یەكەم سەرۆكی ووڵات لە جیهاندا بە ئاشكراو لە بەردەمی میدیاو جەماوەردا ووتی من فیمنستم، وە بەردوامیش دەڵێم فیمینستم تا ئەو كاتەی فیمینزم دەگاتە ئاستێكی باڵا.

ساڵی ٢٠١٧ دوای بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ بڕینی بووجەو خزمەتگوزاری تەندروستی سێكسی و لەباربردنی كۆرپە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا كە ئەم بڕیارەی ترەمپ زەرەرو زیانیكی مرۆیی گەورەی لێ دەكەوتەوە، ترۆدۆ بڕیاری دا ٢٠$ ملیۆن دۆلار تەرخان بكات بۆ جێگرتنەوەی ئەو بوجانەی ترەمپ بڕیبوی لە ئاستی نێو دەوڵەتی دا. لەگەڵ ئەم بڕیارەی ترۆدۆدا بۆ قرەبوو كردنەوەی ئەو زیانە مرۆییانە سەرەك وەزیرانی هۆڵەندا و چەند ووڵاتێكی تریش ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هاوكاری كردن.

ترۆدۆ هەمیشە بە گرنگیەوە باسی سۆفی هاوسەری دەكات و كارەكانی بەرز دەنرخێنێت لە بواری خێرخوازی و ژنان و مناڵاندا و ئەوان بە جیاواز لە سەركردەی ووڵاتانی تر وێنەكانیان لە ئاستی گشتی و پەبڵكدا بڵاو دەكەنەوە.

كەژاڵ حەمەڕەشید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە