خۆپیشاندانەكانەی فەرەنسا

03/12/2018

هەرێم كەریم

۱- جوڵانەوەی هێلەك زەردكان نزیكی سێ هەفتە لەمەوپێش دەستی پێكرد، خۆڕسكە، پەیكەری ڕێكخراوەیی نییە، سەركردەیان نییە، پێكهاتووە لە چینی مامناوەند، لەسەرەتادا خۆپیشاندانیان لەدژی زیادكردنی باج لەسەر سوتەمەنی بو، بەڵام ئێستا داوای دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆك و نوێنەرانی پاڕلەمان دەكەن.

۲- خۆپیشاندەران ژمارەیان لە ۱٥۰ بۆ ۳۰۰ هەزار كەسە، نوێنەرایەتی چینی مامناوەند دەكەن. واتا، داهاتیان ئەوەندە كەم نییە كە بتوانن شایستەی دارایی (سۆشیاڵ) وەربگرن، ئەوەندەش زۆر نییە كەبتوانن بەئاسودەیی پێی بژین.

۳- لەنێوانیاندا ڕاستڕەو و فاشیستەكان و چەپەكان هەیە، بەڵام بەیەك دەنگ هەوڵەكانی بەلاڕێدابردنی جوڵانەوەكەیان ڕەتكردەوە و ڕێگەیان نەدا مێلێنكۆنی چەپ و لەپێنی ڕاست ئاڕاستەی جوڵانەوەكەیان بگۆڕن.

٤- زۆربەی خۆپیشاندەران بەدورن لەتوندوتیژی و بەهێمنانە گوزارشت لەداخوازییەكانیان دەكەن، لەهەندێك شوێن خاڵی پشكنینی خۆیان داناوە، بەڵام هەندێكیان كاری تێكدەرانە دەكەن و لەئەنجامدا بەریەككەوتن لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان دروست دەبێت و دەرئەنجام تا ئێستا سەدان كەس بریندار بون.

٥- بەگشتی ڕای شەقامی فەڕەنسییان لەگەڵە، فشارێكی زۆریان خستۆتە سەر حوكومەت و پاڕلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دانانی باجی سەوز لەسەر سوتەمەنی و داوای هەڵبژاردنی نوێنەری ڕاستەقینەی گەل دەكەن.

هەرێم كەریم

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی