بارزانی بەرپرسە

04/12/2018

لەتیف فاتیح فەرەج

لە دوای نەمانی مام جەلال و كاك نەوشیروان نزیكەی زۆربەی ئەو پەتپەتی و ناخۆشیەی بەسەر هەرێمی كوردستان هاتووە بارزانی لێی بەرپرسە ، راستی بەرلەوەی قسە لەبەرپرسیارەتی ئەو بكەم ، دەمەوێ بڵێم ئێمەو مانانیش دەتوانین قسە نەكەین و برینەكە نەكولێنینەوەو بۆ خۆمان بژین وەك ئەوەی  هەندێك دەڵێن " بۆخۆت بژی " لێ لەبەر ئەوەی ئێمە درك بە ئازارو برینەكان دەكەین ناچارین قسە بكەین ئەگەر چی رووبەڕووی قسەو قسەڵۆكی ناخۆشیش دەبینەوە .

بارزانی لە دوای نەمانی سەركردەكانی دیكە بۆ یەكجار نەیتوانی رۆڵێكی ئەرێنی ببینێت لە دانیشتن لە تەك ئەوانی تردا  دوور لە باوك و فرزەندی ، غەزەبی بارزانی هیچ سەركردەیەكی بگۆی نەپاراستوە ، مەگەر ئەوانەی لارە خوارو ملكەچیی دەكەن ، لە ماوەی رابردودا لەلایەن خودی بارزانیەوەو بە راسپاردەی ئەو هەریەك لە نەوشیروان مستەفا ، عەلی باپیر ، سەلاحەدین بە هادین ، گەنجەكانی ناویەكێتی بەر نەفرەت كەوتون ، ئەوە جگە لە سەركردەكانی پەكەكە ، یەك كەس لەوانە لە هێرش و تانە و تەشەری پارتی و بارزانی رزگاریان نەبووە .

بارزانی لە تانەو تەشەردان لەوانی تردا بوار بۆ گفت و گۆ ناهێڵێتەوە ، ئەو دەڵێت لە تەكمابن نیشتمان پەروەرو لە دژم بن خائینن ، لە رابردودا بارزانی بەشێك لەوانەی جنێویان بە خۆی و خانەوادەكەی داوە نەك رەخنە، هەركات چونەتە بن دەستیەوەو بەباڵایدا هەڵیانداوە بۆیان بووە بە حاتەمی تائی ، بۆ ئەم قسەیەم نمونەی زندوم لەبەردەستە ، لە ناو یەكێتی و گۆڕاندا كەس هێندەی" هەندێ "دەم و دوو دژی بارزانی نەبوون ، كەچی هەرچوونە پاڵی بوونە فریشتە ، ئەو پێی وایە لەتەك بون و بچوكایەتی كردن بۆ ئەو هەمووشتێكە ، ئەمە نازانم لە ڕووی دەرونناسیەوە چ مانایەكی هەیە ، بەڵام ئەم جۆرە لە بیر كردنەوەو هەنگاو هەرگیز بواری ئەوەی نەڕەخساندوە ئەوانی تر دۆخێكی ئاسایی بدۆزنەوە بۆ قەبوڵكردنی بارزانی .

بارزانی سیاسەت بە باوكایەتی ئەوانی تر دەزانێ ، ئەوانی تریش لە سەر بنەمای وەلا بۆ خۆی دابەش دەكات ، ئەمە گرفتێكی گەورەی سیاسەتە لە باشوری كوردستان ، ئەم جۆرە بیركردنەوەیە هۆكاری پرش و بڵاوی و لێكترازانە نەك پێكەوەیی ، ئەمە لە كاتێكا یەكێك لە دروشمەكانی پارتەكەی بارزانی لێبوردەییە " تولەرانس " تولەرانس لە جیاوازیدا بونی هەیە نەك یەك رەنگی وەك ئەوەی بارزانی دەیەوێت .

ئەگەر لە پرسی ریفراندۆما بارزانی لانی كەم بە قسەی ئەوانەی كردبا كەلای پارتی و بارزانی  بە خائین و كوڕی شەیتان ناویان دەبرا ، رەنگە ئێستا دۆخەكە بارو دۆخێكی تربوایە ، بارزانی ئەگەر حزبەكەی لە بری 45 كورسی 90 كورسیش بێنێت تا ئەم بیركردنەوەیە لەوانی تر نەگۆڕێت ، هەمیشە نەیارو دژی زۆر دەبێت ، ئەو بەوە نایباتەوە جارجارێك یەكێ لە نەیارو دژەكانی بچنە ئامێزی حزبەكەی ئەوەوە ، چونكە دەكرێت سەیری ئەوەش بكات ئەوانە دواتر چۆن سەیر دەكرێن .

لەتیف فاتیح فەرەج

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی