مێژووی بنەماڵەی بارزانی

مێژووی بنەماڵەی بارزانی

ئاسۆ حاجی


1382 جار خوێندراوه‌ته‌وه


گواستنەوەی دەسەڵات لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە لە ناو ماڵباتی بارزانی گواستنەوەی ئەرک و پەیامە نەک ئیمتیازات و پۆست و خۆدەولەمەند کردن و پاوانکردنی وڵات،ئەو پەیامە کە کرۆکەکەی عەقیدەی بارزانە تەمەنی لە دوو سەت ساڵ زیاترە،ئەوانەی کە بە دەست لە پشتدان یانە روانگەی حیزبیەوە لێکدانەوە بۆ بەربژێر کردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم و مەسڕوڕ بارزانی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن هەقە ئاوڕێک لە دیرۆکی ئەو بنەماڵەیە بدەنەوە و هەوڵبدەن لە جەوهەری باوەڕی بارزان تێبگەن.

زێدەتر لە دوو سەت ساڵ پێشی هەنوکە شێخ عەبدولسەلامی یەکەم،خواپەرستی و خاکویستی بوونە بنەمای دامەزراندنی تەکیەی بارزان و هەوێنی باوەڕی ئەو تەکیەیە کە دواتر لە سەردەستی نەوەکەی خۆی شێخ عەبدولسەلامی دووەم لە سەرتای سەتەی بیستەم دەبێتە چوارچێوەی بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستان و تەواو وەدیارکەوتنی بیری کوردایەتی.

شێخ عەبدولسەلامی یەکەم لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی و لە ڕێگای هەندێک شێخ و ئاغای کورد کە گرێدرای ئەو دەسەڵاتانە بوون فشاری لێ دەکرا کە بەلایەکدا بکەوێ،بەڵام ئەو هەر لەگەڵ خەڵکی خۆی بوو و دەستبەرداری بیروباوەڕ و عەقیدەی خۆی نەبوو،لە کۆتاییەکانی سەتەی نۆزدەم شێخ محەمەدی کوڕی توشی شەڕ و هێرشکردنە سەر بۆوە بە ئامانجی لەناوبردن و سڕینەوەی باوەری بارزان بەڵام کارەکە پێچەوانە کەوتەوە و لە سەردەمی ئەو بیروباوەڕی بارزان زیاتر تەشەنەی کرد و فیدراسیۆنی نێوان حەفت عەشیرەتی لێ کەوتەوە کە ئێستا بەهەموویان دەگووترێ بارزانی.

شێخ عەبدولسەلامی دووەم لە ساڵی  1908 داوا لە سوڵتانی عوسمانی دەکا مافە نەتەوەیەکانی کورد بسەلمێنێ و لەو پێناوەدا بزاڤ لە نێوان بارزان و شارە گەورەکانی باکور و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەستەنبۆل دەکا،لە دەرئەنجامدا بەهۆی خیانەتی سەرۆک عەشیرەتێکی کورد دەکوێتە دەست عوسمانیان و لە ساڵی 1904 لە موسڵ لە سێدارە دەدرێ و تا ئێستاش گوڕی لەوێیە.

شێخ ئەحمەد بارزانی لە ساڵانی سیەکان و چلەکانی سەتەی بیستەم دووجار شۆڕش لە دژی ئینگلیزی و حکومەتی عیڕاقی بەرپا دەکا،جاری دووەم پاشەکشێ بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەکا و تێکەڵ بە هەولەکانی دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەبن لە مهاباد کە هێزی بارزانیان گەورەترین و ئازاترین هێزی شەڕکەری کۆمار دەبن و تا دوا سات بەرگری لێ دەکەن.

مستەفا بارزانی کە لە کۆماری کوردستان سەرۆک ئەڕکانی سوپاکەی دەبێت، دوای ڕوخانی کۆمار لەگەڵ زیاتر لە پێنج سەت پێشمەرگە ڕوو لە یەکێتی سۆڤیەت دەکا،بەڵام شێخ ئەحمەد کە خودانی بارزان بوو لەگەڵ خیزانەکانی بارزانیان گەڕایەوە عێڕاق لە کاتێکدا فەرمانی لە سێدارەدانی هەبوو خۆی و کورەکانی و برازا و ئامۆزاکانی،کاتێک دگەنە سەر سنووری رۆژهەڵات و باشوری کوردستان لە دەڤەری گادەر بە مستەفا بارزانی دەڵێ هەر پێشمەرگەیەک لەگەڵت دەمێنیتەوە خۆتان بە دەستەوە مەدەن و خۆتان بگەیێنە سۆڤیەت و نەتەوە و وڵاتی خۆتان لەبیر مەکەن، هەروەها دەڵێ من نازانم چیم بەسەر دێ بەڵام نابی رێگە بدەین هیچ هێزێک لە زێدی خۆمان دامان برێ بۆیە من بەبێ مەرج و هەرچی بەسەرم بێ لە پێناو میللەتەکەم خۆم ڕادەستی عێڕاق دەکەمەوە،ئەوە لە کاتێکدایە دوای روخانی کۆمار لە مهاباد کاتێک هێزی بارزانیان بۆ دەڤەری شنۆ پاشەکشێ دەکەن،شای ئێران داوا لە شێخ ئەحمەد دەکا کە لە ناو سنوری ئێران بمێنێتەوە و بەڵێنی پێدەدا کە ڕادەستی عێڕاقیان ناکاتەوە بەمەرجێک چەکەکانیان دابنێن.

مستەفا بارزانی بۆ ماوەی چواردە ساڵ سەرکێشی هاوچەرخترین و بەهێزترین شۆڕشی نەتەوەیی و نیشتیمانی کرد کە بۆیەکەمین جار حکومەتی عیڕاقی ناچار کرد مل بۆ داواکانی خەڵکی کوردستان بدا و رێکەوتن لەگەڵ بارزانی بکا و دان بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان بنێ.

مەسعود بارزانی لە پەنجا و شەش ساڵی پێشمەرگایەتیدا هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوە بووە کوردستان سەربەخۆبێ و گەلی کوردستان ئازاد بێ،ئەنجامدانی ریفراندۆم لوتکەی ئەو هەوڵدانانە بوو کە ئەگەر خیانەت نەبا ئێستا باشوری کوردستان لە قۆناغ و رەوشێکی دیکەی سیاسی دا دەبوو، خەڵکی کوردستان لە دواین هەلبژاردن پاداشتی بارزانی و هەڵوێستەکانیان دایەوە بەوەی زۆرترین دەنگ بە لیستەکەی بدەن و چل و پێنج کورسی پەڕلەمانی کوردستان بباتەوە،بەوەش هەرێمی کوردستان دەکەوێتە قۆناغێکی نوێی ژیانی سیاسی کە ئەو مێژووە بە قوڕسی ئامادەیی دەبێت، بە تایبەتیش کە دوو کارەکتەری بەهێز و تاقیکراوەی ماڵباتی بارزابی لە لوتکەی دەسەڵات دەبن و یەکیان ئەوەی دیکە تەواو دەکات لە پێناو زیاتر بەهێزکردنەوەی پێگەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی هەرێمی کوردستان.

نێچیرڤان و مەسڕوڕ تەنها درێژکراوەی ئەو دیرۆکەن و پێشمەرگەی هەمان ڕێبازن کە ئەرکیان تەواوکردنی ئەو ڕێگایەیە کە لە سەت ساڵی ڕابردوو گەلی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن شەهیدی لە پێناو داوە.

هەبوونی ئەو دوو جوامێرە لەو قۆناغەدا وەک پێویستی دەبیندرێ لە پێناو گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی و بەهیزکردنەوەی لە ڕووی سیاسی و ئابوریدا.

ئاسۆ حاجی



ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved