سێڵفیگرتن لەگەڵ گەندەڵیی دا

09/12/2018

کاوە شێخ عەبدوڵا

چیرۆکێکی خۆم لەگەڵ گەندەڵیی.... ماوەیەک لەمەوبەر لە نەخۆشخانەیەکی حکومیی ناوم نووسی بۆ گرتنی ئەشیعەیەک، دکتۆرەکان وتیان سێ مانگی تر وەرەوە تا ئیشاعەکەت بۆ بگیرێ!... سێ مانگی تر بۆچی؟

لەڕێی خزمێکمەوە، ناسراوێکمان پەیدا کرد کە لەو نەخۆشخانەیەدا دەوامی دەکرد و بە سێ ڕۆژ ئیشاعەکەم بۆ تەواو کرا!

گەندەڵیی ئاوایە ڕێی سێ مانگت بۆ کورت دەکاتەوە بۆ سێ ڕۆژ!

کە تەواوبووم زۆر سوپاسی ئەو ناسراوەی خۆمانم لە پای ئەو دڵسۆزییە تێکەڵ بە گەندەڵییە کرد، ئەویش زۆری پێخۆش بوو کە توانیویەتی یارمەتی کەسێک بدا بە گەندەڵیی.. نەک هەر ئەوە وتیشی لە خزمەتتام هەر ئیشێکی تر بە من بکرێ!

ئیمڕۆ 9 ی دیسامبەر بە ڕۆژ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی دانراوە لە جیهاندا، بەڵام بەشداریکردن لەم ڕۆژەدا و لەو شەڕە پیرۆزەدا بۆ هەموو گەلانی دنیا بشێ و دەست بدات، ئەوا بە یەقینەوە دەیڵێم هەرگیز بۆ کوردستانی عێراق بە خەڵک و حکومەتییەوە دەست نادات و پێیان ناکرێ دژی گەندەڵ و گەندەڵیی بووەستنەوە چونکە بووە بەشێک لە خۆمان... لە خێزان و ژیارمان.

لە کوردستان هەموو ڕۆژێک دوو شت زۆر بە ئاسانیی دەبینرێن لەلایەن هەموو دانیشتووانەکەیەوە، یەکەمیان تیشکی خۆر و دووەمیان گەندەڵیی!

سادەترین پێناسەی گەندەڵیی ئەمەیە: خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەپێناوی بەرژەوەندی شەخسیدا.

لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دزیی.. ناعەدالەتیی... دەست و داوێنپیسیی... خیانەتی نیشتمانیی... ستەمکاریی کورت کراونەتەوە و پێیان دەڵێین گەندەڵیی. بۆیە گەندەڵیی لە پێناسە سادەکەی خۆی گەورەتر کراوە و شتی زیاتری پیا هەڵواسراوە.

بۆ ئەوەی بزانی ئاست و قەبارەی گەندەڵیی چەندە، هیچ پێویستت بە ئامار و داتا نییە. لە هەموو ماڵێکدا... لە هەموو کۆڵانێکدا... لە هەموو دامەزراوەیەکی حکومیدا گەندەڵیی بووەتە بەشێکی دانەبڕاو.

گەندەڵیی خەسڵەت و تایبەتمەندی هیچ میللەتێک نییە، بەڵام کوڕی خۆشەویست و گەورەی هەموو ئینسانێکە ئەگەر یاسایەک ... دەوڵەتێک... سنووری بۆ دانەنێ.

ئێمە هەروا دەزانین سەرۆکی حکومەت... وەزیر و مدیرەکان گەندەڵن و گەندەڵیی دەکەن، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە هەرهەموومان بێ جیاوازیی بووینەتە مشتەرییەکی ختوخۆڕایی گەندەڵیی.

تۆ با گەندەڵ نەبی، با ئینسانێکی خاوەن مەبدەئـ و هەڵگری خەمی گشتیی بیت، بەڵام کە تەواوی جومگە و پایەکانی وڵات، تەواوی دامەزراوە دەوڵەتییەکان بووبنە مەکینەیەکی گەورەی بەرهەمێنانی گەندەڵ و گەندەڵیی، ناتوانی خۆت لە پیسییەکانی لا بدەی. نەک هەر ئەمە بەڵکو لە تەنیشتتدا ڕۆژانە بە دەرزەن سێڵفی دەگیرێ لەگەڵ گەندەڵیی دا!

خەڵکی ئێمە بەوپەڕی نا سەرکەوتوویی و نازیرەکییەوە زانکۆ تەواو دەکات، ئەگەر بۆی لووا و بوو بە کارمەندی دەوڵەت، هەوڵی کەمترین دەوام وکەمترین ئەرک دەدات. بۆ ئەو شوێنانە هەوڵ دەدات کە ئاسانن.

تا ساڵی 2015یش، باشترین و ئاسوودەترین کچ و کوڕەکانمان، ژن و پیاوەکانمان ئەوانەبوون کە لە مانگێکدا دە تا پانزە رۆژ دەوامیان دەکرد و ئەوەلای ڕۆژەکانی مانگ لە ماڵەوەبوون!

کە ئینسان بێ بەهرە و حازرخۆر و تەممەڵ بوو، ئۆتۆماتیک خەبات بۆ حکومەتێکی گەندەڵ دەکات. حکومەتێک زۆرینەی خەڵکەکەی لەو پێڕەبن کە حازرخۆر و مشەخۆر و کارنەکەربن، گەندەڵیی وەکو خەڵات پێشکەشی خەڵک دەکات. تەماشاکە چەند تەواوکەری یەکترن.

لەگەندەڵییدا خەڵک و حکومەت دەبنە هاوڕێی گیانیی بە گیانیی یەکتر. لە گەندەڵییدا ئەرکی خەڵک و حکومەت پێچەوانە دەبێتەوە. ئەگەر خەڵک کچ و کوڕ بهێنێتە ژیانەوە و پێشکەشی حکومەتی بکات، ئەوا حکومەت گەندەڵیی دەهێنێتە ژیانەوە و پێشکەشی خەڵکی دەکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمی سەد لە سەدی پارتی و یەکێتییە. بردنی گەندەڵیی بۆ هەموو ماڵێک، بردنی هەموو شەخسێک بۆ ناو گەندەڵیی، بەرهەمی بێ ئەملاولای پارتی و یەکێتیە. چونکە ئەمان هەموو ڕۆژێک هەموو هەوڵێکیان بۆ پەیداکردنی ئەندامێک بووە بە گەندەڵیی. کە زۆرینەی خەڵک بوونە بەشێک لە گەندەڵیی لەڕێی پارتی و یەکێتییەوە، ئیتر شەڕکردن لەگەڵ گەندەڵییدا، چووە دەرەوەی توانای خەڵک. ئێستا ئەگەر من یان تۆ بمانەوێ شەڕی گەندەڵیی بکەین، ئەوا دەبێ بەر ببینە دایک و باوک یان خوشکی براکانی خۆمان، یان بەر ببینە مام و خاڵۆ و کچ و کوڕەکانی ئەوان. چونکە بێ ئەوەی خواستی کەسمان بووبێ یان خەباتمان بۆ کردبێ، گەندەڵیی تێکەڵی خوێنمان بوو. بوو بە بەشێک لە هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەو کەسایەتیمان.

ڕۆشنبیرێک... ڕۆژنامەنووسێک... یان هەر هاووڵاتییەکی ئاسایی بیەوێ لە دەرەوەی گەندەڵیی بژی، ئەوا زۆر بە زەحمەت دەتوانێ درێژە بەژیان بدات چونکە ئێستا بەشی زۆری ژیان و پارە تەنیا لەسەر مێزی گەندەڵیی دا دانراوە و ئەگەر بتەوێ شەڕی گەندەڵیی بکەی، ئەوا بێبەش دەبی لە ژیانێک کە ئەمڕۆ پێویستە دابینی بکەی بۆ خۆت و خێزانەکەت.

سادەترین پرسیار بۆ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و ئەو ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرانەی بوونەتە بەشێک لە سیستمە گەندەڵاوییەکەیان ئەم پرسیارەیە:
ئایا ئاستی گەندەڵیی لە هەرێمی کوردستان لە کام لوتکە شاخی هەڵگورد یان سورێن یان هەندرێن بەرزترە؟

کاوە شێخ عەبدوڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی