جەمال نەبەزو خەونی نەتەوە

10/12/2018

كەریم پەڕەنگ

جەمال نەبەز پێش زیندانیكردنی كۆچی دوایی كرد.
جەمال نەبەز، نووسەری ناسیۆنالیستی كورد لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا دونیای بەجێ هێشت.

لە بەر ئەوەی خوێندەوارەكانی حیزب تەنیا دەتوانن شاباشی سەركردەكانی حیزب بكەن و ماستاویان بۆ سارد بكەنەوە و پێیاندا هەڵبدەن، حیزب لە توانایدا نییە هیچ كەسێكی دیكە قبووڵ بكات لەم هێڵە گشتیی و نەریتە سەردەستە لابدات و تەنیا بە پشتی ئەوانەدا دەدات كە لە بەر هەر هۆكارێك بێت، یان كراون بە كۆیلە یان خۆیان كردووە بە كۆیلە. حیزب هیچ بۆچوونێكی بۆ قووت ناچێت ئەگەر لە گەڵ بۆچوونی خۆیدا وێك نەیەتەوە. بەڵام ئەمە هەر كێشەی حیزبە دەستەڵاتدارەكانی ئێمە نییە. ناسیۆنالیست و ئەردۆگانییەكانی توركیاش خۆشییان بە چارەی ئۆرهان پاموك و ئەلیف شەفەقدا نایەت، لە بەر ئەوەی ئەم نووسەرانە دەست دەخەنە سەر برینەكان و ڕەخنە لە سیاسەتی هەڵەی وڵاتەكەیان دەگرن. شیركۆ بێكەسیش بە بیانووی نەبوونی هۆڵی گونجاو و ئاسایشەوە ڕێی پێ نەدرا بە فەرمیی قەسیدەی "ئێستا كچێك نیشتمانمە" بخوێنێتەوە و ناچار بوو لە ژێرزەمینێكدا بیخوێنێتەوە

لە ساڵی ٢٠١٥دا دادگەی هەولێر بڕیاری دەسگیركردنی جەمال نەبەزی دەركرد و وەكو ڕاكردووی لە قەڵەم دا و هەموو فڕۆكەخانە و خاڵە سنوورییەكان ئاگادار كرانەوە، ئەگەر جەمال نەبەز هاتە ناو خاكی كوردستانەوە بیگرن.

جەمال نەبەز لە ساڵی ١٩٦٢ەوە سەفەری بۆ كوردستان نەكردبوو.

ئەم چەند دێرە بە بۆنەی كۆچی دوایی نەبەزەوە دەنووسم بۆ ئەوەی وە بیری هاوڕێیانی بهێنمەوە، حیزب چۆن دادگەی بێبەها و گاڵتەجاڕ كردووە و خۆیشی لە گاڵتەجاڕ گاڵتەجاڕ كردووە.

لەوەتەی دەخوێنمەوە، نووسینی هیچ نووسەرێكی دیكەم نەخوێندووەتەوە وەكو نووسینەكانی جەمال نەبەز گوزارشت لە خەونی نەتەوەیی كورد بكەن، دەبوو جەمال نەبەز بكردایەتە ڕێنما و نموونەی ناسیۆنالیزم، نەوەك فەرمانی دەسگیركردنی بۆ دەربكرێت.

خەونەكانی نەبەز زۆر لەوە گەورەتر بوون لە توانای سیاسییەكی كورددا هەبێت وێنای بكات. هەمیشە ئەوانەی نەتەوەكانی خۆیان خۆش دەوێت خەونەكان و دونیابینیی و ئاییندەبینییان لەوە گەورەتر و بەرفراونترە لە توانای خەڵكە ئاسایی و سیاسییە پراگماتیكییەكاندا بێت وێنای بكەن یان بوێرن بیری لێ بكەنەوە. ڕەنگە جیاوازییەكی گەورەی نەبەز ئەو ئاسۆ گەشەی نەتەوە بووبێت هەمیشە بۆ ئاییندە لە بەرچاوی بوو و سیاسەتكارە كورتبینەكانی ترساندبێت. ئەو سیاسییانەی دەتوانن بە دادگا بڵێن، فەرمانی گرتن بۆ كێ دەربكەن.

كەریم پەڕەنگ

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی