دەمیرتاش و زیندانیكردنی زمانی كوردی

13/12/2018

سالار مەحمود

كورد لە قۆناغەكانی خەباتیدا چەندین سەنگەری بەرگری و مانەوەی گرتووە.

یەكێك لە سەنگەرە سەخت و قایمەكان و رووبەڕووبونەوەی ستەم سەنگەری زیندان بووە. لەم سەردەمەشدا هێشتا زیندان هەر هەمان سەنگەرەكەی خاڵە شیهاب و جەعفەرو ئەنوەرە.

دەمیرتاش لە نوێترین هەڵوێستیدا لەبەردەم دادگا بە زمانی شیرینی كوردی بەرگری لە ناسنامەی خۆی و نەتەوە بن دەستەكەی كرد.

هەبوون و هەن بۆ تانەدان لەو جوامێرە باسی ئەوەیان دەكرد دەمیرتاش زمانی كوردی نازانێ، بێ خەبەر لەو كوڕە زازاییەی كە زۆربەمان ئەو دایەلێكتە نازانین، كە كوردیەكی پەتیە، بەڵام ئەو لەبەردەم دادگا بەشێوەزاری كرمانجی شیرین و بە زمانێكی پاراو بە رۆحی (سەحەر) بەرپەرچی تۆمەتە ناڕەواكانی دادگای توركیای دایەوە.

ئەو سوربوو لەسەر وتەكانی كەلەپەرلەمان كردویەتی و داكۆیكردن بووە لەمافخوراوانی گەلەكەی.

ئەم سەردەمە زیندان یەكێكە لە سەنگەرە پڕ لە ژن و پیاوی نەبەز لەتوركیادا، هەموومان پشتیوانی ئاشتی و كۆتایهاتنی كێشەكانین لە رێگەی دیالۆگ و كۆتایی هێنان بە شەڕو كوشتار لەو روانگەی كە سەدان ساڵە كوشتن و بڕین و سیاسەتی ئینكار نەیتوانیەوە رێگا دروستەكەی ژیان بێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو وڵاتانەی كوردستانی بەسەردا دابەشكراوە. پەیامی كورد پەیكی پێكەوەیی و داد بووە. سوربوون لەسەر ئەم هێڵە دەمانگەیەنێتە ئامانجەكانمان.

پەیامم بۆ دەمیرتاشی هاوڕێم، پەیامی سوربوون و بەردەوامیە لەو شێوازە نەرم و سۆز راكێشەیە كە گرتویەتیە بەر. هەمووان پشتیوانی گوتاری خەباتی پەرلەمانیی و مەدەنی و بەرگری رەوایین لە دزە رەواكەی گەلەكەمان. تۆ سیمبولێكی بەرزی ئەو كاروانەیت و رۆژێ دێ بەرژەوەندی دونیا وەردەچەرخێتە سەر ئەم راستە رێیە.

رۆژگار دەڕواو خەرمانی خەباتت باڵاترو پڕ بەرهەمتر دەبێ و رۆژێك زووتر بێدەنگەكانیش ویژدانیان دەجوڵێ و لە قۆزاخەی بەرژەوەندیە بچوك و، كەوڵی شەرمنی دێنە دەرو لە دەمكەلی سەركەتن سرودی سەركەوتنی سەرتاسەری پێكەوە دەڵێینەوە.

سالار مەحمود

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی