دیوی شەشەمی ئەو کشانەوەی ئەمەریکا لە سوریا!.

25/12/2018

نیاز حەمید

دیوی شەشەمی ئەو کشانەوەی ئەمەریکا لە سوریا!.
رۆژهەڵاتی کوردستان ئامانجە!.. ئایا بۆ بەرۆژئاڤا نەبونی رۆژهەڵاتە؟!..

بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا لەسوریا کە لەلایەن ترامپەوە لە میانی تویتێک راگەیەنرا ، رووداوگەلێکی زۆری لەگەڵ خۆیدا هێنا .بە هۆی ئەوەی کارەکتەرەکان زۆرن لە تەواوی جوگرافیای سوریا کۆبونەوتەوە وبەرژەوەندییە ناکۆک وتەریب و یەکتربڕەکان بە روونی دەبینرێت ، بۆیە هەر رووداوێک ، خوێندنەوەی جیا لە گۆشەنیگای جیاجیاوە بۆ دەکرێت.
لە سوریا شەڕی سێیەمی جیهانی بە تەرزیی نوێ لە ئارادایە.
تا ئێسا توانیومە لە پێنج گۆشەنیگاوە شرۆڤەیەکی پڕ لە ئارگۆمێنت و دۆکۆمێنت پێشکێش بکەم ، ئەوە دەبێتە شەشەمیان ، لێ یەک راستی هەمیشە بەیان دەکەم ، مەرج نییە شرۆڤەکانم بۆ رووداوەکان سەد لەسەدی پێکابێت یا بەمانایەکی دیکە رەنگە نەمپێکابێت.
ئێران کارەکتەرێکی گرنگە لە ناوچەکە ، بەتایبەتی لە سوریا ، تاکە دەوڵەتێکیشە هیچ کاردانەوەیەکی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا وەک ئەوانی دیکە ئاشکرا نەکردووە ، جگە لەوەی کە رۆحانی گوتی: تەدەخولی ئەمەریکا بۆ سوریا لە سەرەتادا هەڵە بوو.
ئەمەریکا لە چەند مانگی رابوردوودا هێرشێکی بەربلاوی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد بە سزا خستنەسەریی و ئاڵۆزکردنی باری ئابوری ئێران ، ئەمەی وایکرد جۆرێک لە ئاستێکی باڵا لە شلەژان بە دەسەلاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دیار بوو . شیمانەی شۆڕش لە ناو خودی ئێران هەتا دەهات و دێت زیاتر دەبێت ، ئەمە وا دەکات هەژمونی ئەمەریکا لە ناوچەکە زێدە بێت کە کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر گۆڕینی رژێم .ئەم مەترسییە تەنها تارانی نەگرتەوە وناگرێتەوە بەڵکو خودی ئەردۆگانیش لە بەردەم مەترسی گۆرانکاریدا خۆی دەبینێتەوە ، بە نرخاندنی خۆم هەردولا ، ئێرانو تورکیا ، نوێنەرایەتی دوو رژێمی ئیسلامی سیاسی تیرۆریست دەکەن، چارەنوسیان بەیەکەوە بەستراوە ، بە پێچەوانەی هەموو ئەوانەی کە دەڵێن جیان ، من وەک دۆستێکی ستراتیژیی بۆ یەکتر دەیانبینم.
گەڕانەوە بۆ مێژووی ئیخوانی تیرۆریست لەگەڵ ئێران و ولایەتی فەقیە ئەو بۆچوونەم بە هێز دەکات.
پرسی کورد ، پرسێکی هاوبەشە کە فۆبیای ئەردۆگانە ، بێ ئێران ناتوانێت هیچ بکات ، نمونە زۆرن ، دەکرێت جارێکی دیکە لە نوسینێکی دیکە باسی لێ بکەین..لاوازبوونی ئێران ، بە مانا بە هێزبوونی پێگەی کورد لە ناوچەکە بەتایبەتی رۆژهەلاتی کوردستان ، نایەوێت لە ئێران رۆژئاڤایەکی دیکە ببینێت لەسەر سنورەکانی.
ئەو هەولانەی ئەردۆگان لەگەڵ ترامپ بەشێکی بۆ نزیککردنەوەی ئێرانە لە ئەمەریکا . ئەردۆگان دەیەوێت بە هەندێ تەنازولاتی ئێران بۆ ئەمەریکا ، پەیوەندی ئێران وئەمەریکا لەیەک نزیک بکاتەوە و ئێران ئینقاز بکات لە کەوتن کە لە ئەساسدا خۆی دەرباز دەکات لە فۆبیای کورد لە رۆژهەڵاتی کوردساتن و تەواوی پارچەکانی دیکە.
لەم هەوڵەی ئەردۆگاندا ، قەتەر رۆڵی سەرەکی گێڕاوە ، بە هۆی پارەی زۆرەوە توانیویەتی ئەڵقەکانی لۆبی نزیک لە ترامپ قەناعەت پێبهێنێت بە هەوڵەکانی ئەردۆگان بۆ ئەو نێوەند گیرییە.
جیا لەوەی پێشتر لەسەر سەفەری رۆحانی نوسیمان وئامانجەکان چی بوون ، بەڵام بە دیوێکی دیکەدا دەتوانین بۆ پشتراستکردنەوەی ئەم بۆچوونەش بەکاری بهێنێن.
مەرجەکانی ترامپ بۆ ئێران لە رێگای ئەردۆگانەوە پێشکێشکراوە ، هێ ئێرانیش بە هەمان شێوە .خۆڤەکشاندنی سوپای ئەمەریکا لە سوریا بۆ خۆشکردنی زەمینەی کشانەوەی ئێران دەبێت لە سوریا ، بۆئەوەی ترامپ ئیسرائیل رازی بکات.
سەردانی کتوپڕی رۆحانی بۆ لای ئەردۆگان ، بۆ ئەوە بوو گوێی لە مەرجەکانی دیکەی ترامپ بێت بۆ کەمکردنەوەی فشار و سزا بۆ سەر ئێران و تا گەیشتن بە ئاساییکردنەوە.
دوێنێ جواد زەریفی لەگەڵ گۆڤاری Le Point فەرەنسی ئاشکرایکرد ، هەرگیز ئێران داوای لەناوبردنی ئیسرائیل نەکردووە ، لە کاتیکدا من بۆخۆم چەندینجار گوێم لێ بووە هەر لە خومەینی وخامنەئی و ئەحمەدی نەژاد و ئەوانی دیکە لە بەرپرسە سەربازییەکان وەک عەلی شەمخانی کە بانگەشەی یەکسانکردنی ئیسرائیلیان لەگەڵ ئەرز کردووە.
ئەم لێدوانە یەکێ لە مەرجەکانی ئەمەریکا بووە ، کە واز لە لەناوبردنی ئیسرائیل بە ئاشکارو بەفەرمی بهێنێت. پێموایە ئەردۆگان وەک کەسێکی ساختەچیی و درۆزن، چونکە ئیخوان باوەڕییان بە تێوری تەمکین هەیە ، بۆیە ئاساییە بە ئێرانی راگەیان بێت ئەگەر بە درۆش بێت ئەو لێدوانە بدەن ، بۆئەوەی ئەو پیلانە سەربگرێت .
دەبێت چەندەها مەرجی دیکەش هەبێت لێ من نەمتوانیوە بەدەستی بهێنم یا دەرکی پێ بکەم، بەتایبەتی لەسەر مەلەفی ناوەکی ئێران.
ترامپ لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکور بە ناوەندگیری چین دانیشتنیان کرد ، ئاساییە بە نێوەندگیری ئەردۆگان وەک دیوی دووەمی ئیرهابی ئیسلامی سیاسی بە هەماهەنگی قەتەر ، دانیشتن بکەن لەگەل ئیران.
ماوەی یەک مانگ زیاترە ترامپ هیچی دەربارەی ئێران نەگوتوە ، بە پێچەوانەی پێشوو هەموو رۆژێ باسی لە ئێران وتیرۆری ئێرانی دەکرد.
نەرم نواندنی حوسییەکان لە یەمەن ، بەشێک بۆ ئەم پرسە دەگەڕێتەوە.
ئەم پیلانەی ئەردۆگان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان ئێران وئەمەریکا ، ئیسرائیلی تووشی گێژاو کردووە ، هەر بۆیە نەتانیاهۆ هێرشی توند دەباتە سەر ئەردۆگان . جێگای گومان نییە ژوورەکانی خەوتنی ئەردۆگان لەلایەن ئیسرائیلەوە کۆنترۆل کراوە ، بۆیە باش ئاگادارە لە هەوڵەکانی ئەردۆگان بۆ بەهێزکردنەوەی ئێران لەناوچەکە یا بەمانایەکی دیکە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان ئێران و ئەمەریکا لەسەر حسابی ئیسرائیل.
نەتانیاهۆ ئەم هەقیقەتە دەزانێت ، بۆیە ئەردۆگان وەک دوژمن دەبینێت.
ئەگەر بێینە سەر ئیدارەی ترامپ باس لە رۆڵی لەو کەسێتیانەی بکەین کە دژی ئێرانن ، وەک جۆن بۆڵتن و مایک پۆمپیو و نیکی هێلی وئەوانی دیکە ، دەکرێت بڵێین ترامپ ئەو پیلانەی ئەردۆگان بەڕێوە دەبات بێ پرس و رایان ، وەک چۆن لە پرسی ڤەکشاندنەکەش هیچ رای وەرنەگرتوون ئاواش بۆ ئەمە.ئێستا لە ئەمەریکا ئیدارەی تاکە کەسی حوکم دەکات،هەموو دامەزراوەکانی حکومەت لەکار خراون . 
یەکێ لە هۆکارەکانی دیکە کە ئەردۆگان بەم پیلانە هەڵدەستێت ، بە هێزکردنی ئێرانە بەرامبەر سعودیە ، ئەردۆگان دەیەوێت ئێران ،سعودیەی بۆ لاواز بکات تا تەسلیمی ببێت.
ئەردۆگان دەیەوێت ، هەموو بۆڕی نەوتەکانی ئێرانیش بێتەوە تورکیا ، تورکیا ببێت بە ناوەندی دابەشکردنی وزە لە جیهاندا تا لە رووی سیاسیەوە کۆنترۆڵی ئەوروپا ونرخی وزە بکات ، لە کاتیكدا بۆ خۆی خاوەنی ئەو وزەیە نییە.
بە هەمان شێوە پێشڤەچوونی پەیوەندییەکانی قەتەر و ئێران لە چوارچێوەیە دەخوێندرێتەوە ، یەکێ لە هۆکارەکانی بەلارێبردنی شۆڕشی گەلانی سوریا ، قەتەر دەیویست بۆری غازی خۆی بۆ ناو تورکیا گەرەنتی بکات ، بەڵام ئەوەی لێی تێکدا ، شۆرشی رۆژئاڤای کوردان بوو .نهێنی دژایەتیکردنی قەتەر بۆ کورد و تەمویلکردنی داعش و گروپە تیرۆریستەکانی دیکە دژی کورد ، ئەوە هۆکاری سەرەکی بوو . 
زۆر لایەنی دیکە هەیە دەکرێت ئاماژەی پێبدەین ، تا ئەو بۆچوونە نزیک بکاتەوە لە راستی .
پرسیاری کۆتایی ، ئایا پیلانەکەی ئەردۆگان بەرامبەر لۆبی جولەکە لە ئیدارەی ئەمەریکا سەردەکەوێت، یاخود دەبەزێت؟
ئایا پاش ئەو بڕیارەی ڤەکشاندنەی ترامپ ، لەنا و دامەزراوەکانی ئەمەریکا ، سەرۆکی ئەمەریکا بە هێزتر کرد یا زۆر لاواز ، تابتوانێت پیلانێکی ئاوا بگەیەنێتە کۆتایی؟!
ئایا سعودیە وەک دەوڵەمدترین وڵات لە ناوچەکە ، بێدەنگ دەبێت ؟ هەوڵنادات ئیسرائیل بەخەبەر بێنێت و پارەی زیاتر بداتە کۆنتراکتەکانی چەک بۆ ترامپ؟!.
روسیا لە کوێی ئەم پیلانەیە؟ 
هەموو ئەو پرسیارانە ، هی دیکەش ، دیوی شەشەمی ئەو خۆڤەکشاندنەی لە سوریا تەواو دەکات.

نیاز حەمید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی