كوشتنی سەدام‌و ڕزگاركردنی سەدامیزم

31/12/2018

مەریوان وریا قانیع

دوازدە ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا ھەواڵی لە سێدارەدانی سەدام حوسەین لەلایەن ھێزە عێراقییەكانەوە بڵاوكرایەوە، دوای ھەواڵەكە من لە یەكێك لە كەناڵە تەلەفیزیۆنیەكانی ھۆڵەندا میوانبووم بۆ شیكردنەوەی ڕووداوی لە سێدارەدانەكە. 

ئەو ڕۆژەش كە سەدام حوسەین لە حەشارگەكەی خۆیدا گیرا و سەربازە ئەمریكییەكان بە بەرچاوی كامێراكانەوە ئامێرە پزیشكیەكەیان بەناو دەمی سەدام حوسەیندا دەگەڕان و ئەمری دەمكردنەوە و دەمداخستینیان بەسەر سەدام حوسەیندا دەكرد، دیسانەوە من لە تەلەفیزیۆن میوانبووم. 

لە ھەردوو ساتەكەدا پێشكەشكارە ھۆڵەندییەكە لێی پرسیم ھەست بە چی دەكەم؟ منیش لە وەڵامدا وتم ”لە قووڵاییدا ھەست بە ئیھانەكردنێكی گەورە دەكەم“. 

بە پێشكەشكارەكەم وت: ئەم پیاوە كە ئێستا لە بەردەمی سەربازە ئەمریكیەكاندا بە زەلیلیەوە وەستاوە و سەربازەكان بە كەیفی خۆیان دەمی پێدەكەنەوە و دەمی پێدادەخن، ھەمان ئەو پیاوەیە كە ژیانی ملیۆنان مرۆڤی لە عێراقدا وێرانكرد و جەھەنەمێكی گەورەی بۆ زیاد لە نەوەیەك لەو وڵاتەدا داخستبوو. 

ئەمە ئەو پیاوەیە بە درێژایی ٣٥ ساڵ كێی دەویست دەگرت و ڕاودەنا و دەكوشت، سامانی وڵاتەكەی لە چەندان جەنگی گەورەدا بە فێڕۆدا و دەوڵەتی عێراقی گۆڕیبوو بۆ موڵكی خێزان و ھاوڕێ و دۆستە نزیكەكانی. 

ئەمە ئەو پیاوەیە كە ئەو ھەموو جەنگ و كوشتن و بڕین و ماڵوێرانیەی ئەنجامدا و ئێمە لەو وڵاتەدا نەمانتوانی بەری پێبگرین، كەچی ئێستا لەبەردەم چەند سەربازێكی ئەمریكیدا تەواو زەلیل و بێبایەخ كراوە.

ساتی لە سێدارەدانەكەشی بەھەمان شێوە ساتێكی تاریك و ناخۆش بوو، ئەو ڕۆژەش دیسانەوە من لە تەلەفیزیۆنی ھۆڵەندی قسەمدەكرد. 

كێشەكە لە سێدارەدانەكەیدا نەبوو، بەڵكو ئەوە بوو ئەم دیكتاتۆرە خوێناوەیە لەسەر یەكێك لە تاوانە ھەرە بچوكەكانی لەسێدارە درا. 

لەباتی ئەوەی داوەریكردن و سزادانی سەدام حوسەین بكرێت بە داوەریكردنی قۆناغی دەسەڵاتدارێتییە خوێناویەكەی و داوەریكردنی فەرھەنگ و كولتوری بەعسیزم و شێوازی حوكمڕانیی و دەوڵەتداریی و چۆنیەتی مامەڵەكردنی كۆمەڵگا و چۆنیەتی بەفیڕۆدانی ئابوریی و مامەڵەكردنی منداڵان و گەنجان و ھتد. 

لەباتی ئەوەی داوەریكردنەكەی ببێت بە داوەریكردنی ئەو دونیا مادیی و رەمزییە ترسناكەی كە سەدام و بەعس دروستیانكردبوو، كەچی لەسەر ڕووداوێكی بچووكی ناو شارۆچكەیەكی بچووك لە سێدارە درا.

زەلیل و بچووكیی لەبەردەم بێگانەدا و بێڕەحم و دڵڕەق و خوێناوی بەرامبەر بە میلەت و كۆمەڵگاكەی خۆت، ئەو ئاكارایە لای زۆرێك لە سەركردە سیاسییەكانی ناوچەكە بەخەستیی ئامادەیە، بەوانەی لای خۆشمانەوە. 

قبووڵكردنی ھەموو سوكایەتییەك لە كەسانی بیانیی و ئەنجامدانی ھەمان سوكایەتی بەرامبەر بە ھاونیشتیمانییانی خۆت كۆڵەكەی سەرەكیی ئەو سایكۆلۆژیا و ئەخلاقە سیاسییەیە كە ئەم مۆدێلە لە سیاسیی و سەركردە دەجوڵێنێت.

مەریوان وریا قانع

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی