هەراسی ئەردۆغان و ترامپ لە چییە؟!

01/01/2019

مەجید ساڵح

(1)
لە ٢٠١٩/٣/٣١ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکری لە تورکیا، جاران بەڵێنی باشکردنی دۆخی ئابوری تورکیا، باشترین دروشم بۆ ئەوەی خەڵک دەنگ بە پارتەکەی ئەردۆغان بدات...ئێستا کە ئابوری تورکیا نیمچە هەرەسی هێناوە، بە دروشمی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و نەهێشتنی خەونی سەربەخۆیی کوردەکان، ختۆکەی رای گشتی تورکیا دەدات. میدیا و نوخبەی تورکی هەرلەبنەڕەتدا بیری فاشیزم بەڕێوەیان دەبات و کۆنترۆڵی کۆمەڵگای تورکیایان کردوە لەمەدا هاوکاریی زۆری دەکەن، بۆ ئەردۆغان گرنگە پێش هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، لە دژی کورد دەسکەوتێکی بەرچاوی هەبێ.. ئەم مەسەلەیە بۆ ئەو چارەنووس سازە..
(2)
بە پێی هەموو راپرسییەکان لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠ ترامپ لەبەرامبەر بەربژێری حزبی دیموکرات کە ئەگەری زۆر هەیە یان جۆ بایدن یاخود برنی سندرزبێت بدۆڕێنێ.. بۆیە بە هەمووتوانایەکیەوە کار دەکات لەم دوو ساڵەی کە ماویەتی بەشێکی زۆر لە بەڵێنەکانی بێنێتەدی.. دۆخی ئابوری ئەمریکای تاڕادەیەک باش کردوە، کشانەوەی لە ئەفغانستان و عێراق و سوریا یەکێک بوو لە بەڵینەکانی هەڵبژاردنی، بۆیە دەیەوێت پێش هەڵبژاردن بەشێک لەو بەڵێنەی بێنێتەدی.. ئەم مەسەلەیە بۆ ئەو چارەنووس سازە. 
ترامپ دەزانێ بەلای میدیا و نوخبەی ئەمریکاوە ئەوەلەویەت بۆ ئاسایشی نەتەوەییە، بۆیە زۆر بە ئاسانی دەتوانن رای گشتی لە دژی بجوڵێنن. لای وایە وایە کشانەوەی هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان کەمترین هەرای لێدەکەێتەوە و لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠ خۆی پێوە بادەددا.
(3)
خاڵی بەهێز بۆ ئەردۆغان پەلاماردانی رۆژئاوای کوردستانە، هی لاوازیش بۆ ترامپ هەر ئەوێیە.. ماوەتەوە کورد لەوێ چی بکات بۆ ئەوەی نەبێتە نیشانە بۆ تیری ئەردۆغان و قوربانی بۆ سەرکەوتنەوەی ترامپ.. خۆراگری کوردەکان لەوێ بە پلەی یەکەم دێ، دۆستە ئەمریکاییەکانیش دەستبەکاربوون و خەریکە بەری رەنجیان سەردەگرێ.. ئەمێنێتەوە هەڵوێستی کورد لە باشور، لێرەدا قسەیەکی ساڵح موسلیم بیر دەهێنمەوە کە کاتی خۆی لە وڵامی پرسیارێکمدا کە ئاخۆ باشور چی بۆ رۆژئاوا بکات باشە؟ ل وەڵامدا وتی: "هیچمان لە باشور ناوێت، تەنها دژایەتیمان نەکەن، گەڵای دار دەخۆین و بەرگری دەکەین".

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی