خۆ قبوڵکردن

01/01/2019

پەیکەر عوسمان

مەسەلەکە یەکترقبوڵکردن نیە، مەسەلەکە خۆقبوڵکردنە.
تۆ کەی توانیت لە دەرەوەی سیاقە باوەکاندا تەسەوری خۆت بکەیت و خۆت قبوڵبکەیت، ئەوکات ئەتوانی ئەویش قبوڵبکەیت و پێکەوەژیانی لەگەڵ بکەیت!

هەنگاوی یەکەمی یەکتر قبوڵکردن، هاتنە دەرەوەی خۆتە لە سیاقە باوەکان، چونکە ئەو سیاقانەی کە کۆمەڵگاو عەقڵی جەمعی لەسەر گیرساوەتەوە، جۆرێك لە پیرۆزیی و تەقدیسی وەرگرتووە کە دەرچوون لێ ی کفرو خیانەت و بڤەیە، ئیتر لەناویشیدا یەکترقبوڵکردنێك لەئارادانیە بەڵکو سیاق قبوڵکردن هەیە!

ئیتر منو تۆ کە پێکەوەئەژین یەکترمان قبوڵنەکردوە، بەڵکو هەر یەکەمان سیاقە باوەکەمان قبوڵکردوە بۆیە پێکەوە ئەژین، خۆ ئەگەر یەکێکمان لە سیاقەکە دەرچین، یەکسەر پێکەوەژیانەکەش کۆتایی دێ و تێکئەچێ!
دنیاش پڕە لەم پێکەوەژیانە درۆیینانە کە ئەساسەکەی ناچاری و لێکچوونە، لەکاتێکا پێکەوەژیانی ڕاستەقینە ئەساسەکەی ئازادی و جیاوازییە.

منو تۆ کە لێکچووی نەبووی ناو سیاقە باوەکان بین، یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیانمان چ هونەرێکی تیایە؟ هونەری پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن ئەوەیە کە منو تۆ هەبین و جیاوازو ئازادبین.

دوو کەس بۆ ئەوەی یەکترقبوڵبکەن ئەبێ جیاوازبن، بۆ ئەوەی جیاوازبن ئەبێ هەبن و خۆیان بن. دەی تۆ لەناو سیاقە باوەکاندا ناتوانی هەبیت و خۆتبیت و خۆت قبوڵبکەیت، بۆیە ناتوانی منیش قبوڵبکەیت!

ناڵێم سەربەخۆیی چونکە سەربەخۆیی بیرکردنەوە موستەحیلە، ئاخر کەرەستەکانی بیرکردنەوەی من، هەر ئەو دنیایەیە کە تۆش تیای ئەژیت، بۆیە ئیتر بیرکردنەوەشمان ئەشێ جیاوازبێ بەڵام ناشێ دابڕاوبێ.. بەڵام لانیکەم تا لامەرکەزیەتی بیرکردنەوە وەرنەگریت و هەنێکی عەقڵی خۆت لە عەقڵی جەمع و کۆمەڵگاو پێشینەکان.. وەرنەگریتەوە، ناتوانی ئەو قبوڵبکەیت!

تۆ تا نەبیت بە کائینێکی بیرکەرەوە نابیت بە کائینێکی لێبوردە، چونکە "قبوڵکردنی ئەو" ئەکەوێتە ناو ئازادی و بیرکردنەوەی تۆوە! لە ناو عەقڵی جەمع و سیاقە باوەکانیشدا تۆ هەمیشە نائازادیت و بیرناکەیتەوە، بۆیە هەمیشە ئەو قبوڵناکەیت و ئەیسڕیتەوە.

بیربکەرەوە هەر بۆ ئەوەنا کە خۆت هەبیت، بەڵکو بۆ ئەوەی لێگەڕێ ی منیش هەبم. 
تا لەبری بیرکردنەوەی خۆت، خەریکی کاوێژی بیری ئەوانیتربیت، ناتوانی من قبوڵ بکەیت، چونکە تۆ هێشتا بەر خۆت نەکەوتوویت و خۆتت قبوڵنەکردوە، قبوڵکردنی منیش لەناو قبوڵکردنی خۆتدایەو هەردوکی یەك پاکێجە!

پەڕینەوە بۆ کولتوری یەکترقبوڵکردن یەك ڕێگای هەیە، ڕێگای خۆقبوڵکردن. بیربکەرەوە بۆ ئەوەی خۆت قبوڵکەیت و منیش.

بەهیوای ساڵی بیرکردنەوەو خۆقبوڵکردن، ئینجا یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیان و تەساموح و تۆلێرانس و ئەم شتانە.

پەیکەر عوسمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی