ئەگەرەكانی رێككەوتن و تەگەرەكانی بەردەمی

01/01/2019

عارف قوربانی

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، سەرباری كۆمەڵێك تێبینی و تانەی چاودێران و ناڕەزایەتی بەشێك لە هێزە سیاسییەكان لە شێوازی بەڕێوەچوونی و ئەنجامەكانی، بەڵام بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی رابردووی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پرۆسەیەكی سەركەوتوو بوو. بۆیە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و دامەزراوە دادوەرییەكان لە ماوەیەكی زۆر كورتدا ئەنجامەكانیان سەلماند. لە دوای ئەوەش هیچ گرفتێكی یاسایی یان پێشهاتێكی سیاسی ئەوتۆ دروست نەبووە كە بووبێتە رێگر لەبەردەم دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت. بەڵام وا سێ‌ مانگ تێپەڕی و لەسەر ئەرزی واقیع هیچ هەنگاوێكی كرداریی یاسایی نەنراوە بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ كێشەیەكی گەورە لە كوردستان.

لە رابردوودا دوای بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، سەرۆكی هەرێم كاندیدی لیستی براوەی رادەسپارد بۆ پێكهێنانی كابینە و ماوەیەكی یاسایی دیاریكراو هەبوو بۆ ئەوەی كەسی راسپێردراو لەو ماوەیەدا كابینە وزارییەكەی بەرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ وەرگرتنی متمانە، بەڵام ئێستا بە حوكمی ئەوەی سەرۆكی هەرێممان نییە، دەسەڵاتەكانی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم دابەشكراون بەسەر حكومەت و دامەزراوە تەشریعی و دادوەرییەكاندا، ئێستا رێكارەكە بەو جۆرەیە كە دوای پێكهێنانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، پەرلەمان كاندیدی لیسی یەكەم پەسەند دەكات و ئەنجوومەنی دادوەری رایدەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت. ئێمە هێشتا هەنگاوی یەكەممان نەناوە كە پێكهێنانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە. 

كەواتە تا سەرۆكایەتی پەرلەمان دیاری نەكرێت، لەڕووی یاساییەوە ناتوانرێت كەس بۆ پێكهێنانی كابینەش رابسپێردرێت. 
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن، پارتی دیموكراتی كوردستان كە لیستی براوەی یەكەمە، سەرۆكی حكومەتی بەردەكەوێت و یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیش وەك هێزی دووەم، چاوی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانە. تا ئەندازەیەك هەموو لایەنەكانی بەشدار لە پرۆسەی هەڵبژاردن ئەوەیان پەسەند كردووە، بەڵام كە هەنگاوە كردارییەكان دەستپێناكەن، ئاماژەن بۆ ئەوەی كە جگە لەم ئستیحقاقەی هەڵبژاردن، كوردستان پێویستی بەجۆرێك لە رێككەوتنی سیاسی هەیە وەك چەترێكی فراوانتر بۆ رێككەوتن لەسەر حكومەت. بەڵام لە واقیعدا هەلومەرجی ئەو رێككەوتنە نەڕەخساوە لە نێوان پارتی و یەكێتی و ژینگەی سیاسی یارمەتیدەر نییە بۆ رەخساندنی كەشێكی وا كە زەمینەی ئەو رێككەوتنە خۆش بكات. تا ئەم دوو هێزەش رێكنەكەون، ناتوانرێت حكومەتێكی نوێ‌ لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێ‌. هەردوولاش درك بە پێویستیی رێككەوتن دەكەن، بەڵام لەلایەك بێمتمانەیی نێوانیان كۆسپێكی گەورەیە و لەلایەكی تریشەوە جیاوازیی تێڕوانینیان بۆ جۆری رێككەوتنەكە بووە بە لەمپەر.

16ـی ئۆكتۆبەر و لێكەوتەكانی ئەو رووداوە وای لە پارتی كرد متمانەی بە دۆستایەتی و رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی نەمێنێ، بەڵام لە هەڵبژاردنی 12ـی مایس بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دروستبوونی بەرەیەكی ناڕازی لەنێوان چوار هێزی سیاسی هەرێم دژ بە یەكێتی و پارتی، واقیعێكی دروستكرد كە پارتی و یەكێتی لێك نزیك كردەوە. خەریك بوو جارێكی تر متمانە بەیەكتر بكەنەوە و بەرەو رێككەوتنێكی تری سیاسی بڕۆن، لیژنەی هاوبەشیان پێكهێنا بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانكردنی رێگەی چارەسەری كێشە و ناكۆكییەكانیان لەسەر كەركووك. بەڵام پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و ئەو ململانێ‌ و ناكۆكیانەی لەسەر ئەو پۆستە دروست بوون، خوێی كرد بە برینی 16ی ئۆكتۆبەردا و بێمتمانەییەكەی زیاتر قووڵكردەوە و بۆ ئێستا یەكێك لە كۆسپە گەورەكانی بەردەم ئەم دوو هێزەیە بۆ رێككەوتنەوەیان.
  
ئەنجامی هەڵبژاردن و ئەو واقیعە فەرزكراوەی كە كوردستان بێ‌ هاوبەشی پارتی و یەكێتی لە حوكمڕانی بەڕێوەناچێت، ئێستا دۆخێكی دروستكردووە كە ئەم دوو هێزە سەرباری كێشە و ناكۆكییان پێویستیان بە رێككەوتنێكی تازە هەیە. هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتە، بەڵام ئەوەی هێشتا رێگرە لە بەردەمیان تێكەڵكردنی كێشەكانی بەغدا و كەركووك و بەستنەوەیانە بە پرسی پێكهێنانی حكومەت لە هەرێمی كوردستان. هەرچەندە ئەم سێ‌ پرسە (هەرێم و كەركووك و بەغدا) وابەستەی یەكترن، بەڵام هەریەكەیان كێشەكەی جیاوازە لەوی تریان و پێویستی بە رێوشوێنی جیاوازیشە بۆ چارەسەر. خۆ ئەگەر بتوانن پێكەوە چارەی هەرسێكیان بكەن، بۆ پارتی و یەكێتی و بۆ كوردستانیش گرنگە. بەڵام ئەگەر مەرجی پێكەوە چارەكردنیان ببێتە گرفت لەبەردەم چارەی هەریەكێكی تریان، ئەوا باشترە بەشێنەیی و بەجیا چارەسەر بۆ هەر یەكیان بدۆزرێتەوە.

پارتی مەیلی ئەوەی هەیە كە رێككەوتنێك لەگەڵ یەكێتی ببەستێ بۆ چوار ساڵی داهاتووی كابینەی حكومەت و تایبەت بێت بە كێشەكانی هەرێمی كوردستان. یەكێتیش دەیەوێ‌ رێككەوتنێك بێت جیا لە حكومەتی هەرێم، كێشەی كەركووك و بەغداش بگرێتەوە. دەكرێت ئەم دوو هێزە هەردوولا شتێك لە خواستەكانیان بێنە خوارەوە. ئەگەر بڕیار بێت یەكێتی لە نێوان پێویستیی چارەسەری ناكۆكییەكانی لەگەڵ پارتی لەسەر كەركووك و بەغدا یەكیان هەڵبژێرێت، بێشك دەبێ‌ دەستبەرداری مەرجەكەی بەغدا بێت، پێگەی سەركۆمار گرنگییەكی ئەوتۆی نییە تا یەكێتی بیكاتە گرفت بۆ كوردستان، پارتی لەگەڵ سەركۆمار ناكۆك بێ‌ یان پشتیوانیشی بكات، هیچ لەوە ناگۆڕێت كە پۆستێكی تەشریفاتیە. هەقە یەكێتی دەستبەرداری ئەو مەرجەی بێت و پارتیش رازی بێت مەسەلەی پارێزگاری كەركووك لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات. چونكە كەركووك بایەخی بۆ هەرێم سەتانجار لە بەغدا گرنگترە. ئێستا یەكێتی بۆ بەشداری لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت نابێ پشكی ئێمە بە ژمارەی كورسی بێت، نازانم پارتی بۆ ناڕازییە بەوەی كێشەی پارێزگاری كەركووكیش ببەستێتە پێكهێنانی حكومەتی هەرێمەوە، لەكاتێكدا ئەگەر لە هەرێم ئەوە بۆ یەكێتی پەسەند بێ‌ كە نابێ‌ كورسی پەرلەمان بكرێتە پێوەر، ئەوە لە كەركووكیش ئەمە بۆ پارتی وایە، كەواتە دەكرێت بۆ هەردووكی بیر لە سازان بكەنەوە كە هەردوولا لە هەرێم و لە كەركووكیش هاوبەش بن.

چونكە لە واقیعیشدا ناكرێ‌ ئەم دوو هێزە بیانەوێ‌ لە هەرێمی كوردستان شەریك بن، بەڵام لە كەركووك ناكۆكییان بەو جۆرە بێت كە نەتوانرێت پارێزگارێكی كورد لەو شارە دابنرێت. هەرچەندە دانانی پارێزگارێكی كورد بێ‌ هەڵگرتنی سیمای داگیركاری لە شارەكە شتێكی ئەوتۆ ناگۆڕێت، بەڵام ئەگەر پارتی و یەكێتی پێكەوەبن و بیانەوێ‌ ئەو دۆخەی كەركووك بگۆڕن، ئاسانتر دەتوانن وەك لەوەی هەرلایەكیان بەجیا بیەوێ‌. ئەوە ساڵێك و دوو مانگە یەكێتی بەتەنیا دەیەوێ‌ پۆستی پارێزگار بۆ خۆی وەرگرێتەوە، بەو هۆیەوە كە هەموو رێگەچارەیەكی تر رەتدەكاتەوە بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد،  بەتەنیا هەوڵ دەدات و سوورە لەسەر ئەوەی پارێزگارەكە یەكێتی بێت، نە توانیویەتی ئەو خواستە بەدی بهێنێ و نە ئامادەی ئەوەش بووە كوردێكی تر لە دەرەوەی یەكێتی قبوڵ بكات، بۆیە عەرەبێكی شۆڤێنی حوكمی كەركووك دەكات. هەروەها لەبەرئەوەی پارتی بە تەنها دژی ئەو دۆخە سەپێندراوەی سەر كەركووكە و بەتەنها دەیەوێ‌ رێگەچارەیەك بدۆزێتەوە، ئەوە ساڵێك و دوو مانگە بارەگاكانی بە داگیركراوی ماونەتەوە و كادرێكیشی ناتوانێ‌ بچێتەوە كەركووك. هەردوولا بەجیا خۆیان تاقیكردووەتەوە و سەرنەكەوتوون، ئەوەی ماوەتەوە بیگرنەوەبەر پێكەوەییانە، كە بەدڵنیاییەوە بە توانای هەردوولایان واقیعی كەركووك دەگۆڕن و هەرێمیش بەهێزتر دەبێت.

عارف قوربانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی