هەرێم لەبەردەم شەڕی ساردی پارتی و یەكێتی

06/01/2019

هیوا سەید سەلیم

 

لە هەرێمی كوردستاندا، پارتی و یەكێتی وەك دوو هێزی سیاسی خاوەن دەیان هەزاران چەكدار لە پێشمەرگە و ئاسایش و هێزی جۆراوجۆرن،  لە دوای كۆتایهاتنی شەڕی هەشت ساڵەی ناوخۆدا، ئەو دوو حزبە لە شەڕێكی سارد دانە، هەر لەو چەند ساڵەی دوای كۆتایهاتنی شەری ناوخۆ ئەو دوو حزبە جارجار وەك دوو دۆست و هاوپەیمان دەردەكەون و هەندێك جاریش دەبنە دوو نەیاری سەرسەختی یەكتر، ململانێكانیان بە ئاقارێك دەبەن تا دەگاتە لێواری گەرم بوونی شەرە ساردەكەی نێوانیان.


  لە كوردستان پارتی و یەكێتی تەنیا دوو هێزی تەقلیدی ڕكابەری یەكتر نین، خۆ ئەگەر وابن ئاساییە، لە زۆر شوێنی تری جیهاندا ئێستا ململانێی سیاسی بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات چڕبۆتەوە لە ململانێی نێوان دوو هێز، وەیان روونتر بڵێین دوو حزبی سیاسی تەقلید، كە لە كێبركێ دان بۆ چوونە دەسەڵات، نموونەی كۆماری و دیموكراتەكانی ئەمەریكا و پارێزگاران و دیموكراتەكانی بەریتانیا و زۆری تریش، بەڵام ئەوەی لە هەرێمی كوردستان هەیە ناتوانرێت بە ئەزموونی وڵاتانی تر بەرواربكرێت كە ئەویش هۆكاری زاتی خۆیە هەیە كە باسیان لێوە دەكەین.


شەڕی ساردی پارتی و یەكێتی شەڕی دوو هێزە كە هەم پێشینەی مێژووی خۆی هەیە، هەمیشەش مەیدان لە كوردستان بۆ تەشەنەسەندنی ئەو شەڕە لەبارە،  چونكە ملمڵانێی ئەو دوو هێزە تا ئێستا نەچۆتە چوارچێوەی ململانێیەكی دیموكراسیانەی دوو حزب، بگرە دوو هێزی چەكدار لە ئەزموونی حوكمداریەتی خزبی هەمیشە ململانێكەیان جێگای مەترسی دەبێت.


لە هەرێمی كوردستان نەبوونی دەستور و كارنەكردن بە یاسا وادەكات زۆرجار حزب زیاتر لەبەڕەكەی خۆی پێ ڕابكێشێت، كێشەی ئەم دواییەی نێوان پارتی و یەكێتی ئەوەمان پێدەڵێت ئەوەی لەو هەرێمە حسابی بۆ ناكرێت یاسایە، كاتێكیش یاسا پشتگوێ خرا یان كاری پێنەكرا، دەبێت چاوەڕوانی ئەگەری نەخوازراو بین.


لە ئێستادا ئەو شەڕە ساردەی لە نێوان پارتی و یەكێتی هەیە، زیاتر شەڕی وەرگرتنی پۆستی زیاتر و سازش پێكردنی ئەوی دیكەیە، ئەگینا بەرژەوەندیەكانی نێوانیان زۆر لەوە گەورەترن كە  پارتی و یەكێتی دۆخی شەڕی سارد تێبپەڕێنن بۆ شەڕێكی دیكە واتا بەرژەوەندیەكان لە ناكۆكیەكان گەورەترن.


بەڵام  ویڕای بەرژەوەندیە هاوبەشەكانی كان ئەو دوو حزبە  لە ئێستادا كێشەی بەغدا و لێكەوتەی پۆستی سەرۆك كۆمار و كەركوك و هەلبژاردنەكانیان هەیە،  كە ئەو كێشانە لە ژێر سێبەری شەڕی سارددا چارەسەركردنیان ئاسان نابێت تا ئەو كاتەی دۆخەكە بە هێمنی تێنەپەڕێنن.


لە ئێستادا دۆخی نەشەر و نە ئاشتی نێوان پارتی و یەكێتی كاریگەری زۆری لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان داناوە، سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێدەپەڕێت تا ئێستا هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی تازە لەسەرخۆن و دۆخی كەركوك رۆژبەرۆژ بە زیانی كورد دەشكێتەوە، لەسەر ئاستی بازاڕ ناسەقەمگیری ئابووری هەیە خەڵك ترسی لە دۆخەكە هەیە و ئەو ترسەش جولەی بازاڕ پەكخستووە.


لەبارودۆخێكی وادا لێدوانێكی نابەرپرسانە و یان هەڵسوكەوتێكی خراب لەهەر لایەنێك لەو دوو لایەنە و دەچێتە خزمەتی زیاتری ئاڵۆزكردنی دۆخەكە، بۆیە لە ئێستادا كوردستان لەهەر كاتێك زیاتر پێویستی بە تێپەڕاندنی دۆخی شەڕی ساردی ئەو دوو حزبەیە . 


كێشەكانی ئەو دوایەی پارتی و یەكێتی ئەوەمان پێدەڵێت كە كارنەكردن بە یاسا باڵادەستی حزب بەسەریاسا و دادگاكان چەندە مەترسی دارە، چجای ئەوەی لەو هەرێمە تا ئێستا دەستورێكمان نیە كە ئەرك و مافی هەر تاك و لایەنێك دیاری بكات، بۆیە حزب بۆتە دادگا و یاسا كە ئەمەشیان مەترسیەكی یەكجار گەورەیە.


  

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی