هاوڕێكانی گیڤارا و كاك نەوشیروان

07/01/2019

هادی حەمەرەشید

"چێ گیڤارا" وەك شۆڕشگێڕێكی چەپ و ڕادیكاڵ و ڕاستگۆ، ئەوەندەی هاوڕێ و "هاوڕێباز"ـەكانی وەك ستایلێكی جل و بەرگ و جگەرە كوبیی(چرووت)ـەكەی دەستی و كاسكێتە نەخشێنراوەكەی بە ئەستێرەی سووری شۆڕش...تاد لاساییان كردەوە، نەهاتن وەك نموونەیەكی باڵای فیكریی و ڕێبازە پارتیزانییە گەریلاییەكەی چاوی لێبكەن!

جیڤارا چەندە شێلگیر و لە كوبا و پۆلیڤیا و ڤێتنام و كۆنگۆ و تەنانەت جەزائیر ڕاكە ڕاكەی بوو، دژ بە كاپیتاڵیزم و داگیركارییەكانی ئەمریكا ئەجەنگا، وتە بەناوبانگەكەی((ستەم و داگیركاریی لەهەر كوێ بێت، خەباتی من لەوێ ئامادەیە)) واوەتر هاوڕێكانی قۆناغ بە قۆناغ (لەزۆربەی وڵاتاندا)خەباتی دژ بە سەرمایەداریی و چینایەتییان كرد بە پاساوێك بۆ خۆشگوزەرانیی خۆیان و لە هەموو ئەرشیفی جیڤارا، ڕیش و جگەرەكەی و كڵاوە ئەستێرەدارەكەی و چەند جوڵەیەكیان كرد بە سیمای خۆیان، بە ستایلی دەرەوە و ڕووكار(سگحی) خۆیان كرد بە شوێنكەوتەی، ئەوەندە ڕێبازە ڕادیكاڵ و گەریلاییەكەیان هەڵنەگرت!

كاك نەوشیروان مستەفا، وەك شۆڕشگێڕ و تێكۆشەرێكی ماندووی ڕێگای "دادگەریی و یاسا سەروەریی و بەدامەزراوەیی كردنی دام و دەزگاكانی حكومەت" كە خەباتەكەی لە قۆناغی خوێندكاریی و دواتر ڕیزەكانی كۆمەڵە، بۆ شاخ و ڕاگەیاندنی یەكێتیی و پێكهێنانی هێزی پێشمەرگە و تۆكمەكردنی یەكێتیی بەهەردوو ڕەگەزی شاخ و شار و ڕاپەڕین و پاشتر لە هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەت و ململانێ و شەڕی ناوخۆ و ئاشتەوایی و چوون بۆ بەغدا و نووسینەوەی دەستووری كۆماری عێراق و هەوڵی ڕیفۆڕم و دروستكردنی لیستی هەڵبژاردن و ...تا ئەگات بە نەخۆشكەوتن و مەرگی.

بە تەنیشت خەباتە سیاسیی و چەكدارییە باوەكەیەوە، دیارترین سیمای خەباتی ئەم هەڵكەوتەیەی كورد، بریتییە لە چەند ئەدگار(خاصیە)ـێك:
۱- دژ بوو بە كەسییكردن(شخصنە) و بە بنەماڵەییكردنی سیاسەت و فەرمانڕەوایی.
۲- دژ بوو بە گەندەڵیی و فراوانكردنی سپەیسی ژیان و بژێویی نێوان چینەكان بەناوی جیاوازەوە.
۳- دژ بوو بە ناڕوونیی(اللاشفّافیە) لە سیاسەت بەگشتیی و پەیوەندییەكانی دەرەوە و جومگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا.
٤- پیاوێكی پڕ مەعریفەت بوو، جیاواز بوو لە سەرانی خۆسەپێنی كوردایەتیی، ئەو لەبوارەكەی خۆیدا كە سیاسەت بوو قاڵ و شارەزا و ئەكادیمیی بوو، چەندین كتێب و لێكۆڵینەوەی لەسەر گرفتەكانی ناوچەكە(كێشەی نەوت، ئاو، ناكۆكیی موڵكایەتیی...تاد) نووسیوە.

كەچی هاوڕێ بێ ئەمەكەكانی، لەهەموو ئەم سەرمایە بەنرخانەی هاتوون سەرقاڵی لاساییكردنەوەی ئەون لەئاستی{جل و بەرگ(ئەویش تەنیا بۆ وێنەگرتن، ئەگینا ناتوانن وەك ئەو لە جلوبەرگدا خاكەڕابن!)، جگەرەكێشان و شێوازی ڕێكردن(خۆ لاركردنەوە و هەردوو دەست بۆ دواوە)...تاد}

بزووتنەوەكەی خۆیان كرد بە كۆپی پارتی و یەكێتی و ڕادەستی نەیارە ئەزەلییەكانی ئەویان كرد، دیسان لەسەر ئاستە فیكرییەكەش گۆڕانیان كردووە بە ماڵێكی بێ دەرگا و حەوشە، كە هەموو كەسێك بتوانێت حەرەمی ببەزێنێت!

ئەوە سیاسییەكی فاشیلی وەك (مامۆصا) جەعفەر(فازیل كەریم) لەماوەی مانگێكدا ۲٠/۱۱تا۳٠/۱۲/۲٠۱۸ سێ وتاری بەناوی جۆراوجۆر و بەناوەڕۆك پەلاماردانی كاك نەوشیروان نووسیوە، یەكێك لەم بخۆرانەی دەوری كاك نەوشیروان پڕكێشییان نەكرد دوو ڕستەی بۆ بنووسن و بە فیكر و مێژووی كاك نەوشیروان ڕایگرن!

نووسەرێكی وەك #كامیار_سابیر عەیامێكە قسە لەسەر گۆڕان و كاك نەوشیروان ئەكات، جگە لەكۆمەڵێك (كۆمێنتەوان) كە زۆربەیان چوار ڕستەی ئینشائیی پڕ لە جوێنی بۆ ئەنووسن، یەكێك لەوانەی كە سیڤییان بۆ وەزیر و ڕاوێژكار و بەڕێوەبەری گشتیی ناردووە نەهاتن بە سەرخەتە فیكریی و هێڵەگشتییە جیاوازەكانی كاك نەوشیروان گفتوگۆی لەگەڵ بكەن و پێی بڵێن: برام سەرباری نووسین و هەوڵەكانت بەئاراستەی چاككردنی ئەم وڵاتەدا، بەڵام لەم بارەیەوە بەم ئارگیۆمێنتە، وانیە!

كە گفتوگۆی ئەم بابەتەیان لەگەڵ ئەكەیت، زۆربەیان بێ تفاقیی خۆیان لەم بوارەدا بەوە پاساو ئەدەنەوە، كە كامیار كابرایەكی موتڵەقگەرایە و لێبووەتەوە، بەكەڵكی گفتوگۆ نایەت!

ئێ عەزیزم لەبری چای ڕەش و ئەم ژوور و ئەو ژوور كردنی ناو گردەكە و هات و هوت، وەرە ئەم موتڵەقگەراییەی بە چەند خاڵێك بخەرە ڕوو و بۆ خوێنەرانیشی بسەلمێنە كە نەخێر نەوشیروان مستەفا درێژكراوەی قوتابخانەی (بارزانی_تاڵەبانیی) نیە و گۆڕانیش جیاوازە لە حیزبەكانی ئەوان!

نەك بینینی نەوشیروان مستەفا وەك مۆدێلێكی جیاوازی فاشیۆن و لاساییكردنەوەی، هەر وەك یارە ئەغیارەكانی چێ گیڤارا كردییان!

هادی حەمەرەشید     

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی