ترامپ و ئێران و ئێمە

08/01/2019

ئەحمەدی مەلا

هەندێکمان زۆر بە دیققەتەوە چاودێری ئەم پەیوەندییە نوێیە دەکەن کە ئەمەریکای ترامپ دژ بە ئێرانی ویلایەتی فەقێ خستوێتییە گەڕ و تەنانەت ئارەزووش دەکەین گورزێکی وا بوەشێنێ هەر عەمامە بێ بفڕێ بە عاسمانا. لە نێو ئەم بگرە و بەردەیەدا، کوردیش بگا بە مافەکانی خۆی، کەچی لە بنەڕەتدا لێدانی ئێران هیچ پەیوەندییەکی نە بە مافی مرۆڤەوە هەیە، نە بە مافی کەمە نەتەوەییەکانەوە، نە پەیوەندیی بە دەسەڵاتی تۆتالیتاریی ویلایەتی فەقێیەوە هەیە. ئەوەی هەیە سانتۆمی جیهانێکی نەخۆشە و پەڵەی ئەم نەخۆشییە لەسەر پێستی رۆژهەڵاتی ناوەنددا دەردەکەوێ.
ئێمە نە دەسەڵاتی ئێرانمان بە دڵە، نە هی تورکیا، نە هی عێراق و سوریا، هەست دەکەین ئەوان نەبن، ئێمە دەبینە سوپەرمان و هەموو ئاواتە دێرینەکانمان دێنە دی، کەچی ٢٨ ساڵە بستێک خاکمان بە دەستەوە لە هیچ روویەکەوە مایەی شانازیی پێکردن نییە و مرۆڤ بە هیچ جۆرێک بەو بارودۆخە دڵخۆش نییە کە وا هەست بکەین کاتێک ئێران داری بەسەر بەردەوە نامێنێ، رۆژهەڵات دەکەوێتە سەر پێی خۆی و خۆرێک هەڵدێ کە هەرگیز لەوەوە پێش نەمانبیبێ.
ئەو خۆرە هەڵنایەت، بەڵکو وێرانە خاکێک دێتە ئاراوە کە ئەلیوت دەبێ لە گۆڕەکەی زیندوو بێتەوە بۆ ئەوەی باسی بکات.
ئێمەی کورد لە ماوەی ٢٨ ساڵدا چیمان بەرهەمهێنا، چەند بەنداومان دروست کرد، کاک ئازاد هەڵەبجەیی لێ بترازێ، کێ بە خەمەوە سەیری خاک و ئاو و خۆری وڵاتی کرد؟ چەند هەکتار زەویمان کردە دارستان، چەند حەوز و گۆلاوی دەستکردمان دروست کرد، چەند هەکتار زەویمان کرد بە دارزەیتوون و چیمان لەو خاکە بێ نازە کرد لەوە زیاتر کە هەناوی هەڵدرین و بیکەینە قورگی دانا غازەوە؟ 
بۆچی ئێمە هەندە دڵمان بە شەڕ خۆشە، چەند دڵمان بەوە خۆشە ئێران وێران بێ تاکو ئێمە لە ناو خۆڵەمیشی ئەو وێرانەیە وەکو سیمورغ هەڵسینەوە و بکەوینە رێ بەرەو چیای قاف و حەقیقەتی نەمر بدۆزینەوە. بە هەڵەدا چووینە تاکو بیناقاقەمان.
ترامپ و هەموو ئیدارەی ئەمەریکا تەنها بیر لە دەسەڵاتی خۆیان دەکەنەوە، بیر لە هەژموونی خۆیان دەکەنەوە و بیر لەوە دەکەنەوە سبەی کێ دەبێ بە سەرداری یەکەم...ئێمە تا ماوین دەبێ راکە راک بە دوای سێبەری خۆماندا رابکەین..ئێمە قوربانی دەستی شەڕەکانین و هیچ شەڕێک لە بەرژوەندی ئێمەدا نییە....

ئەحمەدی مەلا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی