كام یەكێتی؟ كام نیشتمانی؟

12/01/2019

مەریوان وریا قانیع

تا سەرەتای ساڵانی نەوەد یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ھێزێكی چەپگەر و ڕادیكاڵی ناو سیاسەتی كوردیی بوو. ھەم لەڕووی بەرنامەی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەوە جۆرێك لە بەرچاوڕوونی تێدابوو، ھەم لەڕووی ئۆرگان و پێكھاتی حیزبیشەوە. لە ھەمووشی گرنگتر ئەوەبوو ئەم ھێزە موڵكی ھەموو یەكێتییەكان بوو، ھێزی ھیچ خێزان و بنەماڵە و بەرەباێكی ناو یەكێتی نەبوو. شتێك بە ناوی سوڵتانیزمی سیاسییەوە لەناو ئەو ھێزەدا بوونی نەبوو. ئەگەر تاڵەبانی خۆشی وەك كەسی یەكەمی ناو ئەم ھێزە، ھەندێكجار وەك سوڵتانێك كاریكردبێت، ئەوا تا دوای كەوتنی ڕژێمەكەی سەدام حوسەینیش تاڵەبانی “سوڵتانێك بوو بێ سوڵتانیزم“. ئەو لەشكرە لە كوڕ و كوڕەزا و برا و ئامۆزا و خزم و خێزان و ھتد... لەناو یەكێتیدا و لە پێگەی دەسەڵاتدا بوونیان نەبوو.

ئەگەرچی یەكێتییەكان تاڵەبانی وەك كەسایەتیەكی پیرۆز و بێھەڵە مامەڵەدەكەن، بەڵام تاوانی دروستبوون و چەسپاندنی ئەو سوڵتانیزمە سیاسییەی لە ئێستادا بووە بە شوناسی ھەرەسەرەكیی یەكێتی، لە ئەستۆی تاڵەبانی خۆیدایە. یەكێتی ئەمڕۆكە ھێزێكی پارچەپارچەی پڕ ناكۆكیی و پڕ ململانێ و ڕق و تەماحی سەرمایەدارانەی زەبەلاحە كە ھیچ شتێك ھیچ یەكێكیان ناباتەوە ناو سیاسەت وەك چالاكییەك كە پەیوەندیی بە قازانجی گشتییەوە ھەیە. یەكێتی بە كردەوە لەوە كەوتوە حیزبێكی سیاسیی بێت و تەواو گۆڕاوە بۆ كۆمپانیایەكی فرەپشك، پشك ھەڵگرە سەرەكییەكانیشی بەو شێوەیە بەكاریدەھێنن كە لەگەڵ سود و قازانج و تەماحەكانیاندا دەگونجێت. ئەگەر لۆژیكی سیاسەت لۆژیكی دروستكردنی ژیانێكی ھاوبەش و ھێمن و ئازاد بێت لەڕێگای پاراستنی پلورالیزمی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییەوە، ئەوا لۆژیكی كۆمپانیا تەنھا یەك پرنسیپی سادە، بەڵام ترسناك، ئاراستەی دەكات: پرنسیپی بەدەستھێنانی قازانجی زیاتر و زیاتر بۆ خاوەنەكەی بەبێ گوێدان بە ھیچ پرنسیپێكی ئەخلاقیی و ئینسانیی و سیاسیی.

پەلاماردانی پارتێكی پەراوێزیی وەك تەڤگەر و گرتنی كادر و چالاكەوانەكانیان، داخستنی سینەمای سالم و پەنابردن بۆ ھێز لەھەر پێشھاتێكی چاوەڕوانكراو و چاوەڕواننەكراودا پەیوەستە بەو گۆڕانەوە كە باسمكرد: گۆڕانی یەكێتی لە پارتێكی سیاسییەوە بۆ كۆمپانیایەكی فرە پشك، كۆمپانیایەكی چەكدار. یەكێتی بەم دۆخەی ئێستایەوە ناتوانێت وەك ھێزێكی سیاسیی ئامادەبێت و كاربكات. بەڵكو كۆمپانیایەكی فرەپشكی چەكدارە و قازانجی بەڕێوەبەران و بۆردی سەرەكیی كۆمپانیاكە و پشكھەڵگرەكانی، ئارستەی دەكات.

مەریوان قانع

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی