فیلمەكە لەسینەما سالم نییە

16/01/2019

رەحمان غەریب

"لە پاركی ئازادی سەكۆیەك دروستدەكەم وەكو هاید پارك (Hyde Park)ی لەندەن، بۆ ئەوەی هەموو رۆژێكی جومعە خەڵك بچێت ئازاد بێت هەرچی دەڵێت بیڵێت، قسەی دڵی خۆی بكات. رەخنەی هەیە گلەیی و گازندەی هەیە بیڵێت خەڵك گوێیان لێ بگرێت، كێ‌ مناقشەیان ئەكات بچێت. رەخنە هەمیشە كەڵكی هەیە تەنانەت رەخنەی ناهەقیش."

ئەمە خەونی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان (مام جەلال) بوو، كاتێك "سەكۆی ئازادی" لەناو جەرگەی شاری سلێمانی (پاركی ئازادی) دامەزراند. ئەو شوێنە رۆژی هەینی رابردوو لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە پەلاماردراو دەنگی دەیان چالاكوانی مەدەنی‌و سیاسی تێدا سەركوتكراو لە (كانی گۆمە) دەستبەسەركران.  

لە بارودۆخێكدا كە بە توندوتیژی گەمارۆدرابین، گەر رووداوەكە لە شوێنێكی تری ئەو وڵاتە بوایە تێپەڕ دەبوو، بەڵام كە شوێنی رووداوەكە شاری سلێمانی و لەناو شاری سلێمانیش "سەكۆی ئازاد"ی بێت، هەقە بەتوندی رەخنە باران بكرێت.

پێشتریش هێزە ئەمنییەكان چونە سەر سینەما سالم‌و هۆڵەكەیان قفڵ كرد، نیازبوو فیلمێك لەیادی تیرۆركردنی ساكینە چانسز‌و هاوڕێكانی نمایش بكرێت. 

بۆیە راستتر بڵێین نمایشی فیلمەكە لە سینەما سالم نییە، لە ماڵ‌و ئۆفیسی سەدان سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی‌و هەزاران كادری پێشكەوتووی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، ناویان ریز بكەم لاپەڕەكانی ئەم رۆژنامەیە بەشیان ناكات، ئەوانەی رۆژانە باس لە "رێبازی مام" دەكەن. لەولایشەوە هێزە ئەمنییەكانیان دەچنە سەر هۆڵی نمایشی سینەما یان گردبوونەوەی ناڕەزایەتی مەدەنییانە، سەركوت دەكەن. 

رووداوی فیلمەكەی سینەما سالم گوازراوەتەوە بۆ "سەكۆی ئازاد"ی، بۆ گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكانی كەلارو قەڵادزێ‌و شوێنی تر، كە تیایدا، هێزە ئەمنییەكان ئاگاداری هەركەسێك دەكەن كە نزیكی ئەو چالاكیانەن "لاچن ئەمرمان لەسەروو خۆمانەوە بۆ هاتووە هەمووی دەستگیردەكەین" لەبەردەم سینەما سالم وایان بە ئێمە وت.

دەزانم كەم نین ئەو ئەندام‌و سەركردانەی یەكێتی بە بیستنی هەواڵی ئەو زەبروزەنگە نیگەران‌و ناڕازیبن. بەڵام خۆ تا نوسینی ئەم بابەتە كەس خۆی لەو رەفتارانە بێبەری نەكردووە، تا هەنوكە هەڵمەتی هێزە ئەمنییەكان لەم جوگرافیا سیاسیەدا بەڕێوەدەچن، كە یەكێتی لە مفاوەزاتی پێكهێنانی حكومەت وەك كارتی فشار بەكاریدەهێنێت.   

قەدەغەكردنی چالاكی مەدەنی لە هێزێك كە حزوری یاسایی و ئەندامی لە پەرلەمانی عێراق هەیە، هێزێك كە لە هەڵبژاردنەكان‌و پێشتریش لە شەقامەكان بە ئاڵای سەركردەكانیانەوە دەیان و سەدان چالاكییان كردووە، بادانەوەیەكە لە سیاسەتكردن كە وادیارە سەرەتای چیرۆكەكە بە كۆتاییەكەی دەستپێبكات.

رەحمان غەریب

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی