هەرێمى کوردستان لە نێوان واشنتۆن و تاران دا

20/01/2019

ئەنوەر حسێن (بازگر)

تارماییەک لە (ناوچەکەدا) دێت و دەچێت، کە (تارمایی ئەمەریکا)یە... ئەمە یەکەم دێرى مانفێستى حزبی کۆمۆنیستى مارکس و ئەنگڵسە. 

بە دواى ڕووادوەکانى بەهارى عەرەبی 2011 کە چەند دەوڵەت و هێزگەلى سەرکوتگەرى ڕاماڵى، پێدەچێت لە 2019شدا، چەند ڕووداوى چاوەڕوان نەکراو بێنەپێش، کە هەرێمى کوردستان و کوردستان بە گشتى چەقى ئەو ململانێى و گۆرانکارییانە بێت.

سەردانى مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا بۆ هەرێم و ناوچەکە مەسجى "کێ لەگەڵ ئەمەریکایە و کێ لەگەڵمان نییە؟!" دواین پەیامى بوو بۆ هەرێم، تورکیا، ئوردون و سعودیە... کە مانا و مەغزاى زۆرى لێ چاوەڕوان دەکرێت، ئەوەشی ڕاگەیاندبوو کە لوتکەى پۆڵەندا، چەند دۆسییەکى گرنگى تاوتوێکرد لە گرنگترنیان فایلى ئێران و پاشەکشەیە لە سوریا.

کە ئەسڵى تارمایی ئەمەریکا لە ناوچەکە هەر ئەم دوو فایلەیە و پاشەکشەشى لە سوریا لەسەر حسابی ئێرانە و جێهێشتنییەتى بۆ ڕوسیا و تورکیا وەکو بەخشیش لە بەرامبەر بێ دەنگى ئەوان یان پشتیوانى لە دۆسیەکى بە بەها بۆ واشنتۆن. 

داپۆشینى فایلى خاشقچى لەگەڵ سعودیە، ڕازیکردنى تورکیا بە پاشەکشەى لە سوریا وەکو ئیمتیاز و جێهێشتنى کوردەکان، گواستنەوەى باڵوێزخانە بۆ قودس لە ئیسرائیل، کۆتاییهاتنى بە قەیرانى چل ساڵە لەگەڵ کۆریاى باکور، گەشتى خێرا و گەرمى ئەمەریکییەکان بۆ عێراق بۆ پێکهاتنى حکومەت، بەشداریکردن لە پشتەوەى مێزەکانى کۆبوونەوەى یەکێتى و پارتى لە چواردەى ژانوییە لە هەولێر، هەموویان یەک پاکێجن کە واشنتۆن بە پەلەیە لە ڕاپەڕاندنى کارێک کە ترامپ دەیەوێت ناوچەکە بشڵەقێنێت.

پاش ماوەیەکى زۆر لە پەراوێزخستنى هەرێمى کوردستان  لە دواى پرۆسەى ڕیفراندۆم، هەولێر و سلێمانى و بارزانى چەند ڕۆژێکە بەردەوام فەرشی سوور بۆ گەمەکارانى ناوچەیی و نێودەوڵەتى ڕادەخەن، کە دیارە کاریان بە هەرێم هەیە و خەریکى پلانێکن کە بۆنى گەلەکۆمەکى یان هاوپەیمانى لێدێت. 

سەردانى ژان لوردیان بۆ هەولێر، سەردانى جەواد زەریف بۆ سلێمانى و هەولێر بە ئاشکرا، چەندین بەرپرسی سەربازى و هەواڵگریش بە نهێنى، ئاماژەن کە دوو لایەنى کێشەکە، هەرێم بە شوێنى گرنگى ململانێکانیان دەزانن و ڕەنگە بەرژەوەندى و پێکدانانەکانیشیان پێویستى بە ڕۆڵى هەرێمى کوردستان هەبێت، ئەگەرنا هیچ ڕاستى نییە گەر وا بیر بکرێتەوە بۆ بەرژەوەندى حکومەتى هەرێم و خەڵکى کوردستانە، چونکە زۆر دوور نییە پار ساڵ خەریکبوو هەموو شتێک بگەینەوە خاڵى سفر و پشتیان تێکردین و هەرەشەیان لێکردین.
سەرەڕاى هاتنى هێزێکى زۆرى سوپاى ئەمەریکا بۆ کەرکوک و موسڵ، ئاماژەن بۆ ئارامکردنەوەى تەل ئەبیب کە لەسەر سەبرگرتنى بەردەوام بێت و کارێک نەکات دۆخەکە تێکبدات، ئاماژەکان وادیارن واشنتۆن بێ تەل ئەبیب لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست هیچ ناکات و مەبەستیشیەتى کە تاران سنورەکانى ڕابگرێت و هەڕەشە ناوچەییەکانیشى لێ دوور بخاتەوە بە تایبەتى لە سەردەمى ترامپدا.

هەرچى تارانە لەسەر وجودى هەژموونى خۆى لە یەمەن، عێراق، سوریا و لوبنان بەردەوام دەکات و گوێ لەو بۆچوونانە ناگرێت کە داواى پاشەکشەیان لێکردوە، چونکە ئەوە قوڵایی سیاسی، ئەمنى و عەسکەرى ستراتیژى تارانیشە و پێناچێت میانگیرییەکانى سوڵتان قابوس ئاکامێکى بوو بێت. 

بۆیە واپێدەچێت هەردوولا گفتوگۆ و دانوستانەکانیان شکستى هێنابێت و بۆ ڕێگاى تر بگەڕێن بۆ یەکلاکردنەوەى ململانێکانیان، کە ئەمەریکا پێناچێت تێیدا سەرکەوتوو بێت و ئێرانیش لەهەر حاڵدا لە سوریا و عێراق باشتر نابێت.

ڕەنگە ئەوەش شازز بێت، كە هاوكات و لە یەك كاتدا دوو فڕۆكەی دوو وڵاتی نەیار و كێبڕکێكار، دوو فایل و ئەجێندای جیاواز لە فڕۆكەخانەی هەولیر دادەبەزن. (ژان لۆردیان-فەرەنسی) و (جەواد زەریفی- ئێرانی) كە هەردووكیان بۆ پشتیوانی هەرێمی كوردستان هاتوون.

قسەكانی زەریفی كە وتی : "هەرێمی كوردستان خۆی بە دۆستی نزیكی ئێران دەزانێت" ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە "ئەوەی لە لایەن واشنتۆن و پاریسەوە داواكراوە كە لەگەڵ ئێمەن یان ئێران" بە بۆچوونی زەریفی هەرێمی كوردستان دۆستی ئێرانە.

هەرچەندە هێشتا بەرپرسانی هەرێم لەو بارەیەوە هیچ راگەیاندنێكیان نەداوە بەڵام مەرج نییە هەموو جار هەرێمی كوردستان لە ناو سایسەت و چوارچێوەی دۆسیە و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و ئەوروپادا بخولێتەوە بەڵكو دەكرێت پێچەوانەكەی ڕاست بێت، چوونكە مەرج نییە هەموو جار هەرێم مل بۆ سیاسەتەكانی ئەوان بدات واتا مەرج نییە گەر ئەمریكا خواستی بێت پەلاماری ئێران بدات هەرێم بەشێك بێت لەو سیناریۆیە، هەرچەندە ئەوە بە مانای ئەوە نییە كە هەرێم پاڵپشتی ئێران دەكات، بەڵام دەكرێت جارێكیش هەرێمی كوردستان (نا) بەو زلهێزانە بڵێت. چوونكە لە خراپترین حاڵەتیشدا هەر بە قەدەر پشتتێكردنمان توڕە دەبن كە لە ڕاپەڕین و ڕیفراندۆم و ڕۆژئاواو و باكوری كوردستان بە جێیان هێشتووین. بە تایبەتی كە هەرێمی كوردستان نابێت لە هیچ سیناریۆیەكی ئەمریكا و ئەوروپا بەشدار بێت كە نەزانێت قازانج و داهاتوو و دەستكەوتەكانی كامەیە.

هەرێمى کوردستان کە چەقى جوگرافی و جیوپۆڵەتیکى دۆسیەکەیە، نە دەتوانێت ڕۆڵى میانگیرى بگێڕێت، نە دەتوانێت بێ لایەنیش بێت، بۆیە گرنگە نەبێتە قوربانى و لەو ململانێیانە باش بێتەدەر و بەرژەوەندى هەرێم و خەڵکى کوردستان و پارچەکانى ترى کوردستانیش قازانجى تێدا بکات، دەبێت ئەوەش بزانین ئەمەریکا لەکاتى پێویستدا داواى هاوکارى لە کورد دەکات، بەڵام مەرج نییە لە سەرکەوتن و قازانجدا کورد بکاتە شەریک و هاوبەش و دوور نییە وەکو ڕابردوو گەر پێویستى کرد پشتى تێبکات، چونکە لاى ئەمەریکا بەرژەوەندى لەسەروو هەموو شتێکەوەیە بە شەڕ و ئاشتیشەوە بۆ خۆى، بەڵام دەکرێت هەموو جار لانى کەم قوربانى نەبێت وەک ئەمجارە.

 ئەنوەر حسێن (بازگر)

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی