هێڵی سوور

21/01/2019

دانا رەشید

ئەگەر چاوێك بە جۆری بەرێوەبردنی هەم هەرێمی كوردستان هەم عێراق بە گشتی و تەنانەت رۆژهەڵاتی ناوەراستیش بخشێنیت ، دەبینیت كە دین تەنها دەسەڵاتێكە كە هیچ سنورو هێلێكی نی یە ، هەر كەس و لایەنێك بیەوێ بێ پەروا بێ سنور بێ هێڵی سوور كار بكات، ئەوا دەبێ جوابێك لە دین بگێرێتەوە ، هێڵی سوور لە كوێدا بوونی هەیە ،

لە ئەوروپاو دەوڵەتە پێشكەوتوەكان ، لە سایەی سیستەمی سیكولار ، دین و دینداری ئازادی یە ، مرۆڤ دەتوانێ دیندار بێ بە هەر دینێك خۆی ئارەزوی دەكات ، دەكرێ بێ دین بێ ئەسڵەن بروا بە دین نەكات ، واتە گۆرەپانی دین مرۆڤ ئازادە كە چۆن دینداری تێدا دەكات ، ئەوەی كە هێڵی سوورەو نابێت ببەزێنرێت بریتیە لە یاسا ، واتە یاسا هێڵی سوورە نەك دین ، چونكە بە یاسا سنور بۆ خواست و ئازادیەكان دادەنرێت ، هەتا ئەو شوێنەی دین بە ئازادی بجێتە رۆحی مرۆڤی دیندارەوە یاسا دەیپارێزێت ، لە كوێدا دین بوو بە ئازار و بەرتەسك كردنەوەی ئازادیەكان ،ئەوكات یاسا شكێنی دەبێتە هێڵی سوور ، لە كۆمەڵگە رۆژهەڵاتیەكان هاوڵاتی لە هاوڵاتی بوون داماڵراوە ، كراوە بە هەوادار و لایەنگر ، هەمیشە لە سایەی خۆ هەڵواسین بە حیزبێكدا ، جا ئایا حیزێكی بە دین كراو یاخود دینێكی بە حیزب كراو ، هەوڵی بوون بە كەسایەتی دەدات ، بەڵام لیرەدا ئەوەی ونە ( مرۆڤایەتی یە ) چونكە مرۆڤ لە كۆمەڵگە رۆژهەڵاتیەكان بوونی نی یە ، مرۆڤ واتە تەواوی ماف و ئەرك و زەمانەتی تەندروستی و ژیان و سەرو ماڵی بپارێزرێت ، ئەمەش بە یاسا دەكرێت ، كاتێ یاسا خۆی لە ژێر پرسیاردا بێ ، كەواتە لە جیاتی مرۆڤ ، كەسایەتی دروست دەبێ ، بێ گومان هەموو مرۆڤێك كەسە بەڵام هەموو كەسێك مەرج نی یە مرۆڤ بێت.

 لە دەوڵەتە پیشكەوتوەكان كەسایەتی دیار كەمن بەڵام بە گشتی مرۆڤن ، وەلی لە رۆهەڵات چی زۆرە كەسایەتی زۆرە بەڵام مرۆڤ بە مانا كامڵەكەی نابینرێت ، كەواتە لێرەدا هێڵی سوور مرۆڤ بوونە ، رۆمان نوسی كلاسیك ڤیكتۆر هۆگۆ دەڵێ ( كاتێ مرۆڤ برسی دەكرێت ، هەرچی مانای مرۆڤ بوونە لە دەستی دەدات ، مرۆڤ لە كاتی برسێتیدا دەبێت بە زیندەوەرێكی برسی كە وەك ئاژەلێك شاڵاو بۆ نان دەبات تا تێر بیت ، ئەو بیر لە وە ناكاتەوە كە دزی عەیب و عارەو یاسا شكێنی یە ، بەڵكو برسیەتی ناكرێت بە برسیەك بلێێ بۆ دزی دەكەی ، لە كەتێكدا ئاژەڵیش برسی بێ هەوڵ دەدات خۆی تێر كات )وەلی گرفتی كۆمەڵگە رۆژهەڵاتیەكان ئەوەیە كە هەژارە برسی كراوەكان نە دزی دەكەن نە یاسا دەشكێنن . 

ئەوەی دزی و تاڵانی یاسا شكێنی دەكات خودی بەرپرسەكانن واتە كەسایەتیەكانن ، لێرەدا نیفاق دەبێت بە چەكێكی كوشندە ، بۆ نمونە ، حیزبێكی ئیسلامی دەڵێ ( الاسلام هو الحل ) لە كاتێكدا بەم دروشمە دەنگی كەسانێكی زۆری لە مانای مرۆڤ داماڵراو كۆ دەكەنەوە ، لە بەرامبەریشدا حیزبێكی بە حساب ( سیكولار و عەلمانی ) دەگەرێ بۆ دروشمێكی هاوشێوەی ئەو ،تاكو سنور بۆ ئەو نیفاقە سیاسیە بە نیفاقێكی سیاسی خراپتر دابنێ ، دەڵێ ( دین ‌هێلی سوورە ) لە كاتێكدا لەم بەینەدا ئەوەی وتە یاسایە ، كە دەبێت یاسا هەموو ئازادیەكان لە گۆرەپانی خۆیاندا سنوردار بكات . 

حیزب و حیزبایەتی ، دین و دینداری ، مرۆڤ ئەكرێ دیندار بێ یا بێ دین بێ ، حیزبی بێ یا ئەسڵەن لەگەڵ هیچ حیزبێك و هەڵبژاردن نەبێ ، خۆ نابێ لە مرۆڤ بوون و هاوڵاتی بوونی دابماڵی ، كەواتە ئەوەی ‌هێلی سوورە مرۆڤ و ئازادیە ، ئازادیش یاسایە ، یاسا هێڵی سوورە.

دانا رەشید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی