مەرگی كەمینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست

30/01/2019

سەردار عەزیز

ئەم هەفتەیە بۆ خوێندكارانی پۆلی یەكی ئاسیاناسی بابەتی كەمینەكان لە ڕۆژهەڵاتم ووتەوە. كەمینە پرسێكی ئێجگار ئاڵۆزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست. ئەمە وەهایكرد كە ئاسان نەبوو بۆ خەڵكانێكی تەمەن خوار بیست ساڵ و كەمئاگا باسی ئەم پرسە بكەیت. لە سەرەتاوە چەند كێشەیەك هەبوو. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەس نایەوێت پێی بوترێت كەمینە. زۆرینەی خەڵك ئەم زاراوەیە بە سوكایەتی لە قەڵەم ئەدەن. ئەم قبوڵنەكردنە، دەمانبات بۆ پرسیار و خەسڵەتێكی تری چەمكی كەمینە، ئەویش ڕەهەندی دەروونی یان سایكۆلۆجیە. ئایا كەمینەبوون هەستە بەبێ پەیوەندی لە گەڵ ئامار و واقیع؟ لە زۆر ڕوەوە ئەم دیاردەیە دەبینین. ئەمە هەروەها خەسڵەتێكی تری ئەم پرسەیە ئەویش نوێ بونیەتی . دەتوانین بڵیین كەمینە بە مانا مۆدرێنەكەی لە گەڵ دەوڵەتی كۆلۆنیالیدا هاتە ئاراوە. چونكە نوێیە، ئەوا خەڵك وەها دەزانن گەر بە كەمینە وەسف بكرێن ئەوا بە كەم و لاواز دەبینرێن، ئەمەش لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی نەمان و سڕینەوە و قڕ كردنیان. بە تایبەتی كە ناوچەكە سیخناخە بە روداوی قڕكردن، لە ئەرمەنیەكانەوە هەتا ئێزیدەیەكان. دەتوانین بە هەمانشێوە ئارگومێنتی ئەوەش بهێنیە ئاراوە، كە هێز مایەی ڕێزە، بێهێزی هەمیشە دەبێتە مایەی بێڕێزی.

بەڵام چۆن لەم دیاردەیە تێبگەین، ڕەهەندی دەرونی بەشێكی گەورەی پەیوەستە بە هێزەوە. ئەگەر كەمینەیەك بەهێزبێت، ئەوا خۆی بە كەمینە نابینێت، بۆ نمونە عەلەویەكانی سوریا خۆیان بە كەمینە نابینن. سوننە لە سەردەمی حوكمیاندا لە عێراق خۆیان بە كەمینە نەدەبینی. كورد هەمیشە وەك كەمینەیەك خۆی دەبینێت لە هەموو ئەو وڵاتانەی كە نیشتمانەكەیان داگیركردوە.

كەمینە هەمیشە كێشە بووە، بەڵام جۆر و مامەڵەی گۆراوە. لە ڕووی مێژوییەوە، ئەو سیستەمی حوكمڕانیەی كە مەغۆلەكان هێنایانە ئاراوە، بنەمای مامەڵەی كەمینە بووە لە ماوەی حوكمی مەغۆلەكان و پاشان عوسمانیەكاندا. سیستەمی میللەتی توركی گەشە پێدانی سیستەمی مەغۆلیە، كە خۆی لە دانپیانان بە مافی باوەڕە جیاوازەكاندا دەبینێتەوە، بەمەرجێك حوكمی مەغۆل یان قوبلای قبوڵ بكەن. ئەمەیە ڕەخنەی كەسێكی وەك ئیبن تەیمیە كە دەڵێت حاكمی مەغۆل چۆن موسوڵمانێكە كە مافی موسوڵمان و غەیرە موسوڵمان وەك یەك دەبینێت. لای ئیبن تەیمیە و هەموو بیرمەندانی ئیسلام، موسوڵمان بوون، كە لە هەمانكاتدا یانی سونن بوون، جیاواز و باڵاترە لە هەموو ئەوانیتر.

ئەم دیدە كرۆكی بیری سیستەمی میللەتە، هەرچەندە پاشان هەوڵدەدەرێت كە دەستكاری بكرێت، بە تایبەت بە هەوڵدان بۆ لابردنی زیممە.

بەڵام ئەم دیدە تەنها دیدی موسڵمانەكان نیە، بەڵكو بیرمەندێكی دیاری وەك ئەلبێرت حۆرانی، بەهەمانشێوە بیردەكاتەوە، كە كەمینە ئەو خەڵكانەن كە موسوڵمان نین یان بە تایبەتی سوننی نین لە هەناو دونیا موسوڵماناندا. 

داڕشتی كەمینە لە سەر بنەمای باوەڕ، مانای ئەوەیە كە باوەڕێك هەیە باڵاترە لە باوەڕێكی تر، بەتایبەت كاتێك ئەو باوەڕە كە خۆی بەباڵا دەزانێت خاوەن هێزیشە.

باوەڕی بەهێز و باوەڕی لاواز لە هەمانكاتدا یانی باوەڕی باش و باوەڕی خراپ. ئەمەش بنەمای جۆرێك لە پەیوەندی دادەڕێژێت كە كەمینە مامەڵەی نا مرۆڤانە بكرێن. كەواتە كەمینەبوون لە سەر بنەمای باش و خراپ، موسوڵمان و نا موسوڵمان، بنەمای مامەڵەی نامرۆڤانەیە.

ئەگەر بگوێزینەوە بۆ پرسی ئامار. ئایا خەڵكێك كە ژمارەیان كەمترە، دەبنە كەمینە، لە هەناو زۆرینەدا. لێرەدا پرسەكە لەوێدا ئاڵۆزدەبێت كە پۆلبەندی خەڵكەكان لە سەر چ بنەمایەكە؟ پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، پرسی پانتایی یان جێگا دێتە ئاراوە. لەكوێدا خەڵكێك كەمینەن، لە هەناو چ پانتاییەكدا. سیستەمی دەوڵەتی خەیاڵی كۆلۆنیالی، بنەمای دروستبونی كەمینەیە بە شێوازی مۆدرێنی لە ناوچەكە.

بەم پێیە سیستەمی رێكخستنی سنور و حوكمداری لە پشت پرۆسەی ئامارەوەیە. لە ڕاستیدا ئەم پرسە پاشخانی كێشەی ناوچە جێناكۆكەكانە لە نێوان كورد و عەرەبدا. عەرەب نایەنەوێت ببنە كەمینە لە كوردستان. بۆیە مانەوەی ئەو ناوچانە لە پەیوەست بە ئیدارەی ناوەندەوە، هەمیشە ئەو خەڵكانەی كە سەر بە حوكمی ناوەندن دەبنە زۆرینە گەرچی كەمینەش بن. بۆ نمونە لە ماوەی نزیكەی سەت ساڵی مێژوی نەوتی كەركوكدا كوردێك نەبوەتە بەڕێوبەری گشتی.

دیارە ئەوە ڕوونە كە لە عێراقدا چەمكی كەمینە بەكارنابرێت. لە بڕی كەمینە چەمكی پێكهاتە بەكاردەبرێت. ئەمە یاریەكی فریودانە بۆ ماكیاجكردنی واقیعێك كە لە سەر بنەمای كەمینە و زۆرینە بەڕێوەدەچێت. 
كەواتە كەمینە دۆخێكی دەرونی، باوەڕی، هێزی، ئیداریە كە كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر پلەبەندی كۆمەڵگا و پێگەی مرۆڤەكان تیایدا. كەمینەبوون جێگیرنیە: بە پێی گۆڕانی دۆخی هێز دەگۆڕێت: سوننە لە عێراقدا هەتا هاتنی ئەمریكیەكان خۆیان بە كەمینە لە قەڵەم نەئەدا، ئەمڕۆ وەك كەمینەیەكی هەڕەشەلێكراو خۆیان دەبینن.

ئەگەر لە دۆخە تەقلیدی و شوناسە تەقلیدیەكان بێینە دەرەوە، بۆ نمونە ئافرەتان زۆرینەن لە كۆمەڵگای عێراقیدا، بەڵام وەك كەمینە مامەڵە دەكرێن. شیعەكان هەتا پێش هاتنی ئەمریكا و رزگاركردنیان لە دەستی حوكمی سوننە، وەك كەمینە مامەڵە دەكران لە عێراقدا و خۆشیان وەك كەمینە دەبینی. زۆرێك هەتا ئەمڕۆ وەها دەبینن كە شیعە پاش زیاتر لە دەیەو نیوێك لە حوكم هەر وەك كەمینە مامەڵە دەكات. لێرەدا دێینە سەر ڕەهەندێكی ئاڵۆزی كەمینە كە هەژەمۆنیەتە. فارس و تورك زۆرینەی ڕەهای ئێران و توركیا نین، بەڵام چونكە هەژەمۆنیەتیان هەیە حوكمی وڵاتەكەیان دەكەن بە نكوڵیكردن لە بوونی ئەوانیتر.

دۆخی كەمینە بوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دۆخێكی ئاڵۆزی هەرە جیدییە. دۆخێكە كە هەموو لێی دەترسن.

سەردار عەزیز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی