ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو

31/01/2019

عەلی محەمەد ئەمین

ئەگەرچی بەهۆی ساڵانێكی درێژی تەمەن و ژیان لە ناو جەرگەی ڕووداوەكانداوهەر لە سەرەتای لاوێتیەوە تا ئێستا ، ئاگاداری گەلێك ڕووداوو بەسەرهات و كێشەی جٶراوجۆربووم، بەگەورەو گچكەوە، وەلێ كاتێ كە كتێبەكەی نووسەرو شاعیر ( هەڤاڵ كوێستانی ) م خوێندەوە، ( ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو )، زۆرێكی تریش زانیاریم وەرگرت، زۆر بۆچوون و تێڕوانینی خۆشم دەمەزەردكردەوەو لێیان دڵنیاتربووم، تام و چێژی زۆریشم لە شێوازی نووسینی ئەم كتێبە بینی وسەرەڕای زۆری لاپەڕەكانی،لە ماوەیەكی كورت دا تەواومكرد....

ئەوەی ئەم كتێبەی لای من خۆشەویستتركرد، ڕاستگۆیی و بێ لایەنی نووسەرە، لەكاتی نووسینی كتێبەكەی دا، ڕاستگۆیی لەوەی باش و خراپ، وەك خۆیان بڵاوبكاتەوە، بە درەوشاوەیی سیماوبەرماڵی شان و دروشمبازی وخۆ ڕازاندنەوە بە چەك و تاقمە فیشەك فریونەخوات، لە هەندێ شوێن دا، نەك هەر لایەنی كورتی یا دزێوی ئەم و ئەو حیزب و لایەن و سەركردەو بەرپرس پیشان ئەدا، هەڤاڵ بۆ ناخی خۆشی شۆڕدەبێتەوە وبیروبۆچوونی ئەو كاتەی خۆیشی، دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بۆ دەبێ لە شەڕدا كە جەنگای، ئیتر پێ لە هەستی مرۆڤانەی خۆت بنێیت، بۆ دەبێ كە بوویتە سەركردە،یان بەرپرس، ئیتر لەخۆت غەرابیت و هەرچی خەسڵەتی سەركردەی شۆڕشگێری ڕاستەقینەیە لەدەستیبەی، یاخود كۆیلەئاسا هەر بەدوای ئەم و ئەو سەركردەدا ڕاكەیت و ماستاویان بۆ بكەیت و ببیتە سیخورو ڕاپۆرتنووسیان و بە ڕاست و بە چەپ دا كڵاو بكەیتە سەر خەڵكی...

هەڤاڵ كوێستانی، هەربەمانەشەوە ناوەستێ،ئەو وەك ئاماژەمان پێدا،بیروباوەڕو داب نەریت و هەوڵ و تێكۆشانیش...دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بۆ دەبێ مرۆڤ كە خاوەن بیرو باوەڕ، یان بٶچوونێكی تایبەتی خۆی بێ، پێی ڕەوا نەبینرێ، یاخود ئیتر بۆی نەبێت توخنی نیعمەتە خۆش وجوانەكانی ژیان كەوێ، بەژن و باڵای ژن ولێوی تامەزرۆ بە ماچ ورامووسانی بەچێژ... دڵی نەخاتە لەرزە، چما شۆڕش و پێشمەرگایەتی و هەوڵدان بۆ گۆڕینی بارودۆخ، بۆ خۆشبەختی وشادمانی بوونەوەرەكانی نیشتمان نیە...بۆ دەبێ داب و نەریتێكی باو، ڕێگا لە بە یەكگەیشتنی دوو دڵدار بگرێ. سەبارەت بە هەوڵ و تێكۆشانی پێشمەرگانەش. هەڤاڵ ئەمیش لە پرسیارو گومان ... ڕزگار ناكات، ئەوەتا دەڵێ: خۆمانی پێشمەرگەم وەك ئەو كرمانە دێتە بەرچاو، كە هەموو تەمەنی خۆیان، لەسەر بەرهەمی ئەو قۆزاخەیە دائەنێن، بۆ خاوەنەكانیان دەبێتە ئاوریشم وبۆ خۆشیان تابووتی مەرگ....

نە بوونی ئازادی بیرو باوەڕ، یەكێكە لەو تەوەرانەی لەم كتێبەدا، لە چەندین شوێن دا ، ئاماژەی پێدەكرێ، لە كاتێك دا، كە ئازادی بەردەوام یەكەم ووشەی سەر زاری سەركردەو بەرپرسەكانە، یاخود پاشگری ناوی حیزب و ڕێكخراوەكانیانە..خوێنەر، بەتایبەت ئەوانەی بەهۆی تەمەنیانەوە بۆیان نەگونجاوە، ئاگاداری ووردەكاری ڕووداوەكانبن، پاش خوێندنەوەی ئەم كتێبە، لەوە دڵنیا دەبێ، كە هەوڵدان بۆ سڕینەوەی یەكتر، بۆ پێشێلكردنی ئازادی، بۆ خۆ سەپاندن ، لە ننێو لایەن و سەركردە كوردەكان دا مێژوویەكی دێرینی هەیەو ئەم بارو دۆخە وێرای ئەوەی ڕێگر بووە لە بەدیهاتنی خەون و ئامانجەكانی خەڵكی بەشمەینەت و تێكۆشەر، فرسەتیشی بۆ دوژمنانی ڕەنگاوڕەنگ ڕەخساندووە، كە پیلان و هێرشی نامرۆڤانەو دڕندانەیان ئاسانترو زووتر سەربگرێ..

هەر لەم كتێبەدا، نووسەر، وێرای ئەم سەرنج و تێڕوانینە ڕەخنەگرانە، ستایشی باوەشی گەرمی خەڵك، بەتایبەت، دانیشتوانی گوندو دێهاتەكان دەكا، كە سەرەڕای بارودۆخی سەختی ژیان و گوزەرانی خۆیان،هەرچیان شك بردبێ، لەگەڵ پێشمەرگەدا نەك هەر بەشیانكردووە،بگرە بەشە باشەكەیان بۆ ئەوان داناوە، بەتایبەت هەندێ كەسایەتی ڕۆڵێكی ناوازەیان بینیوە و لەم نێوەدا هەڤاڵ دەڵێ: هەندێ گوڵ هەیە بۆن و بەرامەی گوڵستانێكت ئەداتێ، لە باسی ڕژێمی بەعس و تاوانەكانیشی دا بەرامبەر خەڵكی كوردستان، هەڤاڵ بە نموونەو باڵگەوە، تاوانەكانی ئەم ڕژێمەو ڕژێم و هێزە سەركوتگەرو داگیركەرەكانی پێشووتریش دەخاتە ژێر تیشك...

لە كۆ تایی دا، وێرای دە سخۆشی لە نووسەری ئەم كتێبە، پێمباشە ، ئەمجۆرە كتێبانە هەرچی زووتر چاپ و بڵاوبكرێنەوە و ڕاستیەكان بخرێتە بەردەم جەماوەری خەڵك لە گەرمەی ڕووداوەكان دا بیرمەندان و نووسەران و هونەرمەندان.وسیاسەتمەداران .....هەڵوێست وەربگرن و ڕاشكاوانەتر لە ڕاستی و رووداوەكان بدوێن، پێموایە نووسەری ئەم كتێبە ، ئەگەرچی ، لەزۆر شوێن دا خۆی ئەدا لە كەناری ڕووداوەكان ، بەڵام هەر زوو تێدەپەڕێ، وەك ئەوەی نەیەوێ بچێتە قوڵاییەوەو ناوی بكوژو ببڕوتاوانكاراكان ئاشكرا بكا...

عەلی محەمەد ئەمین

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی