‌ چی قۆناغەکە دەسازێنێ ؟

31/01/2019

هونەر رەسوڵ

ئەم دۆخەی ئێستا لەنێوان هەولێرو بەغدا سەcرەتاکانی دەبینرێن، گەیشتنە بەسازانێک کە بریاری سیاسی و پشتیوانی بەردەوام دەتوانێت هاوکێشەکانی بەتەواوی بخاتە خزمەتی ئەزمونی حوکمرانی هەرێم، چونکە ئەگەر حکومەتی داهاتوو لەسەربنەمای بەرژەوەندی گشتی بێت و چیتر بابەت و پرسی کەسی و تایبەت وکاردانەوەی ناواقعی نەبێتە بنەمای هەنگاوەکانی،چاوەرێی ئەوەدەکرێت کە هەرێمی کوردستان لەسایەی  زەمینەی لەبار و گونجاوی دۆخەکەوە ،کەسەرەتاکەی بە پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2019 دەستی پێکرد، کەتیایدا هەرێم دەبێتە خاوەنی( 10 تریلۆن و 800 ملیار دینار) دەکرێت وەک سەرەتایەکی نوێ سەیر بکرێت.
سازاندنی دۆخی گونجاو،کەتیادا هەرێم سوود وەربگرێت لەم قۆناغەی کەپێشهاتەکان دورستیانکردووە، زۆر گرنگترە لە کردنەوەی دەرگای تر بۆ بەغدا، تاوەکو کەم یان زۆر سزای هەرێمی لێبکەوێتەوە،چونکە بەدرێژایی مێژووی دوورونزیک،دەسەڵاتدارانی بەغدا (بە عەرەبی سونە و شیعەوە) هەرگیز مەبەستیان نەبووە کارێک بکەن تاوەکو کورد بتوانێت پشوویەکی ئارام بدات و هەمیشە لەبچوکترین درزەوە هەوڵی خوڵقاندنی گەورەترین ئاستەنگیان داوە بۆ کورد، بەڵام هاوتەریبی ئەمەش، سیاسەتی ناهاوسەنگ و خوێندنەوەی هەڵە بۆ دۆخەکە، (لەسایەی بەشێکی ئەوانەی بەرپرسیاریەتی سیاسەتی هەرێمی کوردستانیان هەڵگرتووە)هۆکار بووە تاوەکو بەغدا سزادانی هەرێم وەک کارتی فشار بەکاربهێنێت،بەڵام ئیدی دوای ئەم ئەزمونە کاتی ئەوەیە هەوڵبدرێت بۆ سازاندنی دۆخێک کەبەغدا نەتوانێت بەهۆکاری جۆراوجۆر خەڵکی کوردستان سزابدات، بۆ دورستکردنی ئەم بەربەستەش هەرئەوەندەبەسە کەهەڵەکانی رابردوو دوبارەنەبێتەوەو چیتر هەرێم و داهاتووی هاوڵاتیانیش نەکرێت بەقوربانی عینادی سیاسی، چونکە بەشێکی هەرەزۆری ئەو هۆکارانەی دۆخی رابردویان دروستکرد،  لەسەربنەمای سیاسەتی ناواقعی وپابەند نەبوون بووە بەسیاسەتێکی هاوسەنگ،کە بەغداش ئەوەندەی تر نەخشی لە گەورەکردنیاندا هەبووە.
ئێستا دوای چەندساڵێک لە قەیران و دۆخی نەخوازراو، ئاسۆی قۆناغێک دەرکەوتووە ،کەکورد دەتوانێت بەسود وەرگرتن لەگۆرانکاریەکان، نەکۆکیەکانی بەغداو نەبونی یەکگوتاری لەنێوان جەمسەرەکانیدا، تەواوی هاوکێشەکان لەبەرژەوەندی خۆی تەواو بکات، بەڵام ئەوەی گرنگەو لەهەمانکاتیشدا جێ مەترسیە ئەوەیە، کە حکومەتی داهاتووی هەرێم بەچ میکانزمێک کاردەکات ؟ ئایا لە سیاسەتی بەرامبەر بەبەغدا میراتگری کابینەی هەشتەمی حکومەتدەبێت ؟ یان بەشێوازێکی نوێ بۆقۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت، چونکە ئەگەر هەرێمی کوردستان درێژە بەو هەنگاوانەی رابردووی بدات، کەهۆکاری دروستکردنی دۆخی چەقبەستووی چەندساڵی رابردوو بوو، ئەوابێگومان بۆچوارساڵی داهاتووش ناچارین بەهەمان چارەنوسەوە رێ بکەین،چارەنوسێک کە کەنەبونی یەکدەنگی کورد لەبەغدا بەتەواوی هەرێمی لاوازکرد، بەجۆرێک هەندێک لایەن ئەوەندە هێڵەکانی موزایەدەیان تۆخکردەوە هیچ دەرفەتێکیان بۆ کاری پێکەوەیی نەهێشتەوە.بەڵام لەئێستادا وێنەکە بەجۆرێکی ترەو یەکگوتاری نوێنەرانی کورد لەسەرپشکی بەشە بوجەی هەرێم بۆساڵی 2019 و مووچەی فەرمانبەران و هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش، توانی ئەم هاوکێشەیە لەبەرژەوەندی کورد تەواوبکات،چونکە ئەوەی لەعێراقی ئێستادا دەبینرێت هەوڵی تاکەکەسی هیچ کەسێک نیەو هەموئەوانە تیادا پشکدارن کە رۆلیان بینووە، هەروەک چۆن سازاندنی قۆناغەکەش  هیچ پەیوەندیەکی دورونزیکی بە کارتی فشاری ریفراندۆمیشەوە نیە، وەک هەندێک دەیانەوێـت وێنای بکەن(ئێمە ئەنجامی ریفراندۆممان بینیوەکە لەدەستدانی نیوە خاکی هەرێم وگەمارۆی جۆراوجۆری لێکەوتەوە و حکومەتی هەرێم وئەزمونەکەشی خستەبەردەم مەترسی گەورە تائاستی لەناچوون)بەڵکو هاوکێشەکە لەئاستی عیراق گۆرانکاری تیادا کراوە،کەدەکرێت ئەم گۆرانکاریە وەک دەرفەتێکی گرنگ ببینرێت تاوەکو لەرێگەیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی بەتەوای دابینبکات، بەسود وەرگرتنیش لەورێژەیەی لەبووجەی ساڵی 2019  دابینکراوە هەوڵی رەنگرێژکردنەوەی تەواوی جومگەگرنگەکانی وڵات بدات و هاوڵاتیانیش بتوانن لەسایەیدا هەست بەئارامی بکەن.دەبێت ئەوەشمان بیربێت ئەوەی ئیستادەبینرێت کۆتایی بینینی هەموو وێنەکەنیە و سازاندنی قۆناغێک نیە کەمەترسی ترازانی نەبێت ،چونکە بچوکترین هەنگاوی هەڵەو پێچەوانەی خواستی بەغدا، دەتوانێت جارێکی ترگەمارۆی جۆراوجۆر بۆسەر هەرێم بخولقێنێتەوە، بێگومان لەپێناوی نەسازاندنی دۆخێک کەتیادا شۆڤێنیەکانی بەغدا بتوانن لەو دەلاقەوە جارێکی تر بێنەژووەروەو لە بەرژەوەندیەکانی هەرێم بدەن، دەبێت حکومەتی داهاتوو لەژێر رۆشنایی بریارێکی سیاسی ژیرانەوە،  بۆ بەغداو تەواوی دونیاش بسەلمێنێت کەپابەندی رێکەوتن و سازان و هەرجۆرە هەنگاوێکە، بەمەش هەرێم دەتوانێت بەهەنگاوی هێمن و ژیرانەوە سود لەم قۆناغە وەربگرێت.

هونەر رەسوڵ ئەحمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی