كورد و گوتارە نۆ خولەكییەكەی جۆن كەنەدی

02/02/2019

مەم بورهان قانع

وتارە مێژوییەكەی چەند سەعاتێك لەمەوبەری "جۆن كەنەدی"، ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا، كە لەبەردەم كۆنگرێسی وڵاتەكەی دا پێشكەشی كرد و ماوەكەی تەنها نۆ خولەك و 15 چركە بو، زۆربەمانی توشی شۆك كرد.

دەبێت لەوە دڵنیابین كە چیتر تەنها چیاكان دۆستی دۆزی رەوای كورد نین لە هەر چوار پارچەی كوردستان دا، بەڵكو لەناو كۆنگرێسی زلهێزترین وڵاتی جیهانەوە، پێشنیازێك دەكرێت بۆ گەڵاڵەكردنی "پڕۆژەی پاراستنی كورد"، وەكو یەكێك لە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا.

"جۆن كەنەدی"، جیاواز لە هەمو كەنەدییەكانی رابردوی ئەمریكا، لە ماوەی تەنها نۆ خولەك و 15 چركەدا، گێڕانەوەیەكی مێژویی دەربارەی قوربانییەكانی كورد و ئەو تاوانانە خستەڕو، كە لە سەدەی نۆزدە و بیست دا، لەلایەن وڵاتانی داگیركەری كوردەوە، بەرانبەر بە كورد كراون، هەر لە سەركوتكردنەوە بیگرە، تا وێرانكردنی گوند و شارەكانی كوردستان، تاكو دەگاتە ئەنفال و  رەشەكوژیی و زیندانیكردنی هاونیشتمانیانی كورد لەلایەن داگیركەران و  خاپوركردنی گوند و شارەكانی كوردستان و كیمیابارانكردنیان.

ئەم كەنەدییە 67 ساڵەیە، كە یەكێكە لە ئەندامانی كۆنگرێس لەسەر پارتی كۆماری ئەمریكا (پارتەكەی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆك)، پێشتر هەم پارێزەر بوە، هەم سیاسیی و هەروەها لە پارتی دیموكراتی ئەمریكیی دا بوە، بەڵام دواتر بوەتە كۆماریی و ساڵی 1991یش ئەندامی داواكاری گشتیی بوە و ئێستایش ئەندامی ئەنجومەنی پیرانە، چەند سەعاتێك لەمەوبەر پارێزەرێكی دڵسۆز بو بۆ بەرگریكردن لە دۆزی رەوای كورد. "داواكاری گشتیی"یەكی بەرپرسیاربو بۆ بەرگریكردن لە هەق و مافی رەوای گەلەكەمان، لە هەر چوار پارچەی كوردستانی داگیركراودا.

سەرسام بوم بە وشە بە وشەی كۆی گوتارەكەی كەنەدی، كە لەماوەی نۆ خولەك و 15 چركەدا، لەبەردەم كۆنگرێسی وڵاتەكەی دا پێشكەشیكرد. دڵنیام ئەو نۆ خولەك و 15 چركەیەی چەند سەعاتێك لەمەوبەری ئەم كۆنگرێسمانەی ئەمریكا، كاریگەریی گەورە لەروی پێداچونەوە بە سیاسەتی وڵاتەكەی بەرانبەر بە كورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناساندنی كورد وەكو هاوپەیمانی وڵاتەكەیان بەجێدەهێڵێت، سەرەڕای ئەوەی دەشێ‌ لە داهاتودا پرۆژەی "پاراستنی كورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست" و ناساندنی كورد وەكو "هاوپەیمانی ئەمریكا"ی لێبكەوێتەوە، كە بەمەیش حكومەتی ئەمریكا ناچاردەكرێت، لە هەر جێگایەك دا هەڕەشە بۆ سەر كورد دروستبو،  پشتیوانیی لە كورد بكات و هێز لە دژی دوژمنەكانی بجوڵێنێت.

دەشێ‌ لەدوای ئەم گوتارە نۆ خولەكیی و 15 چركەییەی "جۆن كەنەدی"یەوە، ئەمریكا بە دیدێكی نوێ‌ و هەڵوێستی نوێوە مامەڵە لەگەڵ دۆزی كورددا بكات، لەم ناوچە پان و بەرینەدا.

"جۆن كەنەدی"، چەند سەعاتێك لەمەوبەر دڵی زۆر كوردی نیشتمانپەروەری خۆشكرد، وەكچۆن دەشێ‌ قسەكانیشی كاریگەریی هەبێت بەسەر دروستكردنی جۆرێك لە كۆدەنگیی لەناو كۆنگرێسی وڵاتەكەی و كەم تازۆر جادەی ئەمریكیی دا و، هەروەها گۆڕانكاریی لە سیاسەتی نوێی ئەمریكادا بەرانبەر بە كورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا، لێبكەوێتەوە.

مەم بورهان قانع

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی