تیۆری پیرامیدی ( ماسلۆ) چییە و باس لە چی دەکات؟!

07/02/2019

کامەران قازی

ئەم تیۆرییە کە لە لایەن دەرووناسی پۆلەندەیی ( ئەبراهام ماسلۆ ) وە بنیاتنراوە، باس لەو پێویستی و قۆناغانەی مرۆڤ دەکات کە مرۆڤ دەگەێنێتە ئەو ئاستەی هەست بە (مرۆڤ بوون)ی خۆی دەکات، نەک تەنیا بوونەوەرێک کە زیندووە و ڕێدەکات.
لێرەدا باس لەو تیۆرییە دەکەین و کۆبەندی وتارەکەش ئەو دەرئەنجامانەن کە لە خوێندنەوەم بۆ ئەو نووسینانەی لە باشووری کوردستان بڵاو دەبنەوە بەگشتی و چۆنێتی لێکدانەوەی نووسەران بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی دروست و چاک گوزەران، ئەڵێم چاک گوزەران و ناڵێم ( خۆشگوزەران) و لە درێژەی وتارەکەدا ڕوونی دەکەمەوە.
تیٶرییەکە لە پلیکانەیەکی پێنج پلەیی پێکهاتووە:
پێویستییە سەرەتاییەکان ( فسیۆلۆجییەکان).
ئاسایش و دڵنیا بوون.
ئینتما و سەر بە گروپێک بوون.


پاداشت و قەدرزانی.                                                                                   

کامڵ بوون و سەلماندنی زاتی ئینسان. 
    پێویستییە سەرەتاییەکان ( فسیۆلۆجییەکان).
پلەی یەکەم:  پێویستییە فسیۆلۆجییەکان:  کە بریتین لە هەبوونی خۆراک، خەو، ئاو و هەوا و پەیوەندییە جەستەیی و ڕۆحیەکانی و...هتد. لە کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆدا هەبوونی پارەش لەگەڵ پێویستییە سەرەتاییەکان  دێت کە بەرانبەرە بە هەبوونی خۆراک.
پلەی دووەم:  بریتییە لە دڵنیا بوون لەوەی کە هەبوونی پێویستییە سەرەتاییەکانمان بەردەوام دەبێت و ترسی ئەوەمان نابێت، کە ئەمڕۆ هەمانە و ڕەنگە سبەی لە دەستی بدەین، مانای ئەو دڵنیاییەمان هەبێت کە ئەو پێویستییانە لە داهاتوودا هەردەمان بێت و بەم هۆیەوە تووشی دڵەڕاوکێ و ترس لە داهاتوو نابین، بەم جۆرە بە دڵنیاییەوە مرۆڤ هەنگاو دەنێت بۆ سەرکەوتن بۆ پلەی سێیەم.
پلەی سێیەم:  ئینتما و سەر بە گروپێک بوون، پاش دڵنیا بوون لە بەردەوامیی هەبوونی پێویستییە سەرەتاییەکان بۆ ژیان و بە حوکمی ئەوەش کە مرۆڤ بە گشتی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، بە شوێن خۆیدا دەگەڕێت لە ناو گروپ یا دەستەیەکدا، دەیەوێت ببێت بە بەشێکی لە خۆی گەرەتر، چونکە مرۆڤ پیویستی بە دروستکردنی پەیوەندی هەیە بە کەسانی ترەوە، بۆ ژیانە ئاساییەکەیی و گەشەکردنی توانا زەینی و ڕۆحییەکانی.
مرۆڤ ئەگەر لە تەنیایشدا بە زۆر پلەی زەینی و ڕۆحی بەرز بگات ، کە بۆ کەمینەیەک وایە و وا بووە ( نمونەی وەک بودا)، لە دوایدا پێویستی بە کۆمەڵ دەبێت بۆ پراکتیزەکردنی ئەوەی کە لە تەنیایدا پێی گەیشتتوە، واتە قۆناغی بانگهێشتنی ئەوانی تر.
پلەی چوارەم: پاداشت و قەدەرزانی ، تواناکانی مرۆڤ لە ناو کەسانی تردا دەردەکەون، ئەگەر ئیرادەیەکی پاک و ڕەوا هەبێت بۆ گەشەکردن، ئەوا مرۆڤ  لە ناو کۆمەڵدا تواناکانی دەگەشێنەوە، کە دوو کاریگەریی دەبێت، یەکەم گەشانەوەی تواناکان، کە بەهۆی ئەو ئیرادە ڕەوایەوە بۆ گەشەکردنی خۆ، دەکەوێتە ناو کێبەركێیەکی دروستەوە بۆ خۆ سەلماندن، دووەم لە ئەنجامی گەشانەوەی تواناکان و دەرکەوتنی، لە ناو گروپ و دەستەکەدا ڕیزلێنان و قەدرزانی ، لێ دەگیرێت و لێ دەنرێت.
پاداشت و قەدرزانی، ئەگەر چی مایەی زیاتر بەرەوپێشچوون و هاندانی ئینسانەکەیە بۆ گەشەکردنی تواناکانی ( فیزیکی بێت وەک لە دەستەیەکی وەرزشکاردا، یا زەینی بێت وەک لە داهێنانی تەکنیکی و تیۆریدا)، سەرەڕای ئەمانە،  پاداشت و قەدرزانی، مرۆڤەکە زیاتر بەرەو ئاستی هەست بە لێپرسینەوە و هەنگاو نان بۆ خۆ سەلماندن دەبەن کە پلەی پێنجەم و کۆتایی یە بە بۆچوونی ماسلۆی دەروونناس.
پلەی پێنجەم: خۆ دۆزینەوە و تەئکیدکردن لەسەر هەموو تواناکانی خۆیی و گەیشتن بە پلەی سەلماندنی ( خودی مرۆڤ) کە گەیشتۆتە پلەی مرۆڤێکی چالاک و داهێنەر و بەر پرس لە کۆمەڵگاکەیدا، ئەمەش دوا قۆناغە کە کۆمەڵگا بەرهەمی توانا فیزیکی و زەینییەکانی دەبینن و سوودی لێوەردەگرن، کە بۆ کەسەکە  تەئیدکردنی مرۆڤ بوونەکەیەتی و ئەنجامدانی ڕۆڵی مرۆڤ بوونی لە پلەیەکی بەرزدا. ئەم پلەیە ژمارەیەکی کەم لە مرۆڤ پێی دەگەن.
ئێمە ڕەنگە لە نێوان پلەکاندا، لە بەرزبوونەوە و دابەزیندا بین، بەهۆی بارودۆخی دەرەوەی خۆمان، وەک ڕوودانی جەنگ یا ئەوڕوداوانەی کاریگەریان لەسەر ژیان زۆر قوڵن، نمونە جیابوونەوەی ژن و مێرد.

کۆبەندی وتارەکە: 
جوبران خەلیل جوبران دەڵێت: " نانەکەت لێ دەستێنن و لە پاشاندا تیکەیەکیت پێ دەدەنەوە و داواشت لێ دەکەن کە ستایشیان بکەیت".
لە زۆرینەی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نانەکە لە خەڵک دەسەندرێت، واتە پێویستییە سەرەتاییەکە، نامێنیت، پاشان، کەمێکی پێدەدرێتەوە، بەو مەرجەی کە ( دەسەڵات ) ستایش بکرێت بۆ ئەو میهرەبانییەی کە دەینوێنێت، بۆیە خەڵکانی ئەم ناوچەیە، هەمیشە لە بنی هەرەمەکەدا، واتە پلەی یەکەمدا دەمێننەوە.  
مرۆڤ وەک ئەوە وایە لەدایک دەبێت بەئەرکێکەوە کە هەوڵ بۆ بە ئەنجام گەیاندنی دەدات، ئەویش سەلماندنی زاتی خۆیەتی،  لەم تیۆرییەدا، هەموو خواستەکان، لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، بەر لە ماسلۆ، لێکۆڵینەوەکان تەرکیزیان لەسەر یەک بواری تایبەتی دەکردەوە، بەڵام هەرەمی ماسلۆ، پێویستییەکانی لەهەموو بوارەکاندا لەم پێچ پلەیەدا کۆکردەوە، بۆیە ئەم هەرەمە بۆ هەموو بوارەکان سوودی لێوەردەگیرێت، سیاسەت، لێکۆڵینەوە سەربازییەکان، لێکۆڵینەوە  بازرگانییەکان و کۆمەڵایەتییەکان و...هتد.
بە ورد بوونەوە و سەرنجدان لەو بابەتانەی کە بەتایبەت لە باشووری کوردستاندا دەنووسرێن، بەو ئاکامە دەگەین، کە بابەتەکان نەیانتوانییوە، یا زۆر بەلاوازی و لە بازنەیەکی بچوکدا توانیویانە، ڕای گشتی لەسەر مەسەلەیەکی بنچینەیی دروست بکەن، زیاتر لەبازنەی پێویستییە سەرەتاییەکاندا دەخولێنەوە، لە حاڵێکدا کە هەموو پارت و رێکخراوەکان، جگە لە نەوەی نوێ کە بابەتی نوێی پێیە، هەموو لەسەر موچە، واتە پێویستییە سەرەتایەکەی ژیان، داکۆکی دەکەن، کە ئەمە یەکەم پلەی پێویستییەکانە، لێیان سەندرا ئێستا دەبێت ستایشی ئەو کەسانە بکرێت کە نیوەیمان بۆ وەردەگرنەوە ، یان پڕۆژەی ئەوەیان هەیە کە هەوڵ بدەن چاکسازی لە موچەدا بکەن، بڕوانن پاش بیست و حەوت ساڵی ئازادی، ئێمە داوای لەتێک نان دەکەینەوە ئەڵبەتە دەبێت ستایشی ئەو پێدانەوەیەش بکەین ئەوە مەرجەکەیەتی. لە حاڵێکدا ئەگەر لە باتی لەتێک نان سێ نانمان پێ بدەنەوە، هێشتا دڵە ڕاوکێ و ترسمان لەوەی کە جارێکی تر لێمان بستێننەوە، هەر ماوە و بە پێدانەوەی سێ نانیش ناتوانین هەنگاو هەڵبگرین تا بە پلەی دووەم بگەین، واتە زۆر دوورین لە ئاسایش و دڵنیا بوون.
ئەگەر نمونەکە ئاوا باس بکەین: گریمان لە باتی نیو موچە، سێ موچەمان پێ بدەن، ئایا دەتوانین هەنگاو بنێین؟ بێگومان نا، بۆ ناتوانین؟، چونکە دامەزراوەکانی تر کە دەچنە خانەی یەکەمەوە، دروست نین، کە بارانێکی زۆر باری ڕیگامان لێدەگیرێت، کە نەخۆشکەوتین دەرمانمان دەست ناکەوێ، بەو پارەیە ناتوانین بچینە قوتابخانە تایبەتییەکان، کە زانکۆمان تەواوکرد کارمان چنگ ناکەوێ، کە تووشی گرفتێکی یاسایی بووین دڵنیا نین کە دادپەروەریی جێبەجێ دەکرێت. کەواتە سێ موچە بەشی ڕێگا و دەرمان و دادگا و خوێندن و دۆزینەوەی کار ناکات...بۆیە دەبوایە بابەتە نووسراوەکان، ئاراستەیەکی قوڵتر و فراوانتریان هەبایە، بە داکۆکی لەسەر بەیاسا کردنی کۆمەڵگا و سەروەریی دادگاکان، داکۆکی لەسەر دامەزراوەکانی تر بکرایەوە، وەک یاسای موچە و بێکاری و پەیداکردنی کار و سەلامەتی  تەندروستی گشتی و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، خویندنی ئیجباری بۆ منداڵان و نەهێشتنی  قوتابخانە تایبەتییەکان و پەرەپێدانی خوێندنی گشتی لە ژێر چاودێری حوکومەتدا. کۆکردنەوەی ڕای خەڵک لەسەر موچە، سەندنەوەی توانای بیرکردنەوەیە لە خەڵک کە بیر لە بابەتە بنچینەیەکان بکەنەوە و بتوانن چاک بژین لە سیستەمێکی بەرێوەبردنی چاکدا، نەک خۆشگوزەران بن، کە نابن، بە نیو مووچە و لەتێ نان و بارتەقای ئەوانەش، چونکە ژیان لە چاک گوزەرانیدا  دڵنییایی هەنگاو نان مسۆگەر دەکات بەرەو ئارامیی و ئاسایشیی جەستەیی و دەروون. بەڵام خۆشگوزەرانی لە سەر موچە، دڵەراوکێ و بێئۆقرەیی و ناجێگیریی دەروونی دروست دەکات کە زۆر جار بۆ هەڵپەی کۆکردنەوەی زیاتری لایەنە مادییەکە، چونکە ترس هەیە لە نەمانی، مرۆڤ بەرە و شکاندنی سنووری بەهاو نرخە ئینسانییەکان دەبات و لە پاکیزەیی ئینسان بوونی کەمدەکاتەوە و دەستەمۆ و گوێڕایەڵ و کویلەخەسڵەت پەروەردەی دەکات، کە تامی ژیان لە کار و هەوڵدان و هاوبەشیکردن بۆ پاراستنی بەهاو نرخە ئینسانییەکانی لەیاد دەباتەوە و دەست بۆ ناڕەوا پەیداکردنی دەبات.  
کامەران قازی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە