نەوت و شەفافیەت

10/02/2019

ریبین فەتاح


ئەوەی تا ئیستا لەبارەی بەرجەستەکردنەوەی شەفافیەت لە دۆسیەی نەوت دووپاتەی لەسەر دەکرێت، لە شەفافیەت لە "داهاتەکانی نەوت" تێپەڕ ناکات. سەرەڕای داخوازییەکانی سەرەتای دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کە خۆی لە دوو خاڵدا دەبینییەوە. یەکەم؛ شەفافیەت لە گرێبەستەکانی نەوت و دووەم؛ ئاشکراکردنی زانیاری لەبارەی تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی لە هەرێمەوە بۆ ئێران و پاشان تورکیا.

کورتکردنەوەی داواکاری شەفافیەت لە تەنیا داهاتەکانی نەوتدا، کورتهێنانە لە ڕووئیا و تێڕوانینەکان بۆ دۆسیەی نەوت وەک دۆسیەیەکی ئاڵۆز و فرەڕەهەند، هەتا زۆرجار ئەنجام و لێکەوتەکانی. گوتاری شەفافیەت لە داهاتی نەوت، دەرهاوێشتەی تێڕوانینێکە کە هەموو (نەوت) لە تەنیا (داهات)دا کورت دەکاتەوە، ئەوەش وەک چەندین جاری دیکە قسەم لەسەر کردووە، دیدێکی کورتبینانەیە و ناتوانێت لە نەوت تێبگات بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە. بگرە بە هەموو ئەو پرۆسانەی کە دەکرێت بە پرۆسێسی بەرهەمهێنانی نەوت ناوببردرێت.

ڕاستە ئێمە نەوت بەرهەم دەهێنین لەپێناو بەدەستهێنانی (داهات)ێک، بەڵام ئەگەر وەک پرۆسەیەک سەیری بکەین، بەدەستهێنانی داهات قۆناغێکە لە پرۆسەکە و دەکەوێتە ژێر ڕکێفی ئەو زنجیرەیە لە پرۆسەکانی نەوتی کە لە پێشتردا دەستیان پێکردووە لەلایەک و لەلایەکی دیکە بەتەواوەتی لەژێر ڕکێفی سیاسەتی (بەڕێوەبردنی داهات)ە کە گوزارشت لە بەرنامەی ئابووری و بەڕێوەبردن لە حکوومەتدا دەکات.

حکوومەتی هەرێم بەرنامەیەکی ئابووری و سیاسەتێکی پتەوی بۆ بەڕێوەبردنی داهات نییە کە بۆنموونە لە خزمەت بوژاندنەوە و بنیاتنانی ژێرخان، پەرەپیدانی بەردەوام و دادی کۆمەڵایەتی بێت لە دابەشکردندا. ئەوەی هەیە تەخشان و پەخشانێکە، پارە یان لە ئاستێکی سنوورداردا یان بە هەموو لایەکدا تەخشان و پەخشان دەکرێ. لەوەتەی قەیرانی ئابووریی و داراییەوە و لە پێشتریشدا ئەوانەی هەستیان بە جۆرێک لە نادادی لە دابەشکردنی داهات دەکرد، نەیانتوانی تێگەیشتنێکی ڕوونیان بۆ هۆکارەکان بێ، بەڵکو پێداگیری ئەوان تا بە ئێستایش بەو ئاراستەیە کە (تەخشان و پەخشانکردنی داهات بەشێوەیەکی یەکسان بێ).

لەو پێداگیرییەدا، ئەوان کێشەیان لەسەر خودی تەخشان و پەخشانکردنەکە نییە وەک چوارچێوەیەک بۆ خەرجکردنی داهات، بەڵکو کێشەیان لەگەڵ (چۆنیەتی) تەخشان و پەخشانکردنەکەیە. واتە کێشەکە لە بنەڕەتی سیستەمەکەدا نابینن، بەڵکو پێیان وایە شێوازی جێبەجێکردنی سیستەمەکە گونجاو نییە. لەبەرئەوەیە ئەوان تەنێ داوای چاکسازی دەکەن لەناو ئەو سیستەمەدا.

تەنانەت پێداگیرییەکان لەسەر شەفافیەت لە داهاتدا، دیسان هەر گرێدراوی ئەو ڕووئیایەیە، شەفافیەت لە داهات لە پێناو ئەوەی هیچ بڕەپارەیەک لەلایەن کەس و گرووپەکانەوە گل نەدرێتەوە و بە یەکسانی بەسەر چین و توێژەکان و دەڤەرەکان دابەش بکرێت. ڕاستییەکەی، شەفافیەت بە تەنیا بەس نییە و ناتوانێت ئەو قەیرانە تێپەڕ بکات کە ئێستا لەڕووی ئابووری و بەڕێوەبردنەوە تێیدا دەژین. بەڵکو پێویست بە هەڵوەستەیەکی قووڵتر و وردتر لەودیوی شەفافیەتەوە دەکات، ئەویش بە پرسی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی داهات و بەرنامەی ئابووری حکوومەت یان دەوڵەتەوە بەستراوە.

ئەو تێڕوانینە، بە واتای ئەوە نییە کە شەفافیەت بەهایەکی نەبێت، بەپێچەوانەوە بەرجەستەکردنەوەی شەفافیەت بەتەواوەتی گرنگە ئەگەر لەچوارچێوەی ئەو ڕووئیایە جێی بکرێتەوە کە شێوازی بەڕێوەبردنی داهات و بەرنامەی ئابووری دەوڵەت بە بنچینە وەردەگرێ. لەو تێڕوانینەدا، شەفافیەت دەبێت بە قۆناغێک یان بەشێک لە پرۆسەکانی بەڕێوەبردنی داهات لە ناو بەرنامە ئابوورییەکەدا. ئەو پرۆسەیە تەنانەت لێکەوتی گرنگی لە ئاستی کۆمەڵگە بەرفرەوانەکەدا دەبێت، یارمەتیدەر دەبێت لەوەی خەڵک پاڵپشت بە داتا و ژمارەکان بتوانێت بەشداری لە ئاراستەکردنی دۆسیەکە بکات لەلایەک و لەلایەکی دیکە متمانە بەهێز دەکات و لەناو پرۆسە سیاسییەکەیشدا ڕێگە لە بڵاو کردنەوەی هۆشیاری ساختە و درۆزنانە دەگرێ. شەفافیەت هەمیشە گرنگە، کە ڕێگەنادات وا بەئاسانی واقیعێکی پۆپۆلیستی دروست ببێت و ئەو واقیعەش گوتاری پۆپۆلیستی بەرهەم بهێنێتەوە. ڕێگە نادات هێزە سیاسییەکان بەبێ هەبوونی هیچ بەرنامەیەک، بتوانن لە ڕێگەی گوتارگەلێکی پۆپۆلیستی و چەواشەکارانەوە، جەماوەر دەستخەڕۆ بکەن. بگرە ڕێگەنادات خەڵک تەنیا بە "ژماردن" دڵی ئاو بخواتەوە، بەڵکو خەڵک چاوەڕوانی شتێکی دیکەن لەودیو ژمارەکانەوە، کە چۆنیەتی بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنی ئەو ژمارانەیە.

ژمارەکان بە تەنیا گرنگ نین، ژمارەکان ڕاستییەکی ڕەهایش نین، ژمارەکان زۆرجار هەڵخەڵەتێنەرن، زۆرجار ئەو حکوومەت و دامەزراوانەی کە هیچ ڕووئیا و بەرنامەیەکیان بۆ بەڕێوەبردنی ژمارەکان نییە، ئاماژە بەو دەستەواژە فریودەرانە دەکەن کە دەڵێ؛ "با ژمارەکان بدوێن یان ژمارەکان خۆیان دەدوێن"، ڕاستیت دەوێ، وەها حیکمەتێک لە دوانی ژمارەکاندا نییە، بەڵکو هەر خۆیان دەدوێن، حیکمەتەکە لە چۆنیەتی دواندنی ژمارەکانە. ژمارە نابێ ڕووت بکرێتەوە، بەڵکو دەبێ ڕوون بکرێتەوە، ڕووتکردنەوەی ژمارەکان بۆ ڕوونکردنەوە نییە، بەڵکو ڕووتی لە ژمارەدا، دژی ڕوونی دەوەستێتەوە.

ڕێک ١٠ ساڵ پێش ئێستا، وەزارەتی پلاندانی حکوومەتی هەرێم کە بووەتە دیوەخانی پیاوە هەر تەمبەڵ و بێ پلانەکانی ئەو هەرێمە، ڕاپۆرتێکی ئاماری بڵاوکردەوە، ڕاپۆرتێکی درێژ و سەدان ژمارەی لەخۆگرت بوو، تەنیا یەک پەرەگراف وەک پێشەکی نووسرابوو، لەکۆتایی پەرەگرافەکەشدا وەزارەتەکە دەڵێ؛ "ئێمە نامانەوێ هیچ قسەیەک بکەین، بەڵکو دەمانەوێ ژمارەکان خۆیان بدوێن!". ئەوە فێڵی هەموو دامەزراوە بێ ڕووئیاکانە، فێڵی هەموو وەزارەتە بێ پلانەکانە، ئەوان کە نازانن چۆن ژمارەکان بدوێنن و ئاراستە بکەن، دەیانەوێ ئەو تێگەیشتنە بۆ خەڵک دروست بکەن کە کردنەوەی دەرگەکە و ئازادکردنی ژمارەکان، وەڵامی هەموو پرسیارەکان دەداتەوە، بەڵام ئەوە هەڵەیەکە بەئاگایی بێت یان لە نائاگاییدا.

ئەوکات کە ئەو ڕاپۆرتەی وەزارەتی پلاندانانم خوێندەوە، ژمارەکانم وەرگرت و خستمە ژێر شیکارییەکەوە، شیکارییەکە لە ساڵی ٢٠٠٩دا بەناونیشانی (ژمارەکان دەدوێن، بەڵام درۆ دەکەن) لە گۆڤاری جیهان بڵاو کراوەتەوە.

ریبین فەتاح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی