لەبارەی ئەنجامی ڕێككەوتنەكانی پارتی و یەكێتی

11/02/2019

سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی

دوای ئەوەی لە ئەنجامی كۆبوونەوەكانی ڕابردووی پارتی و یەكێتیی، بڕیاری كۆبوونەوەی 18ی شوباتی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی لێكەوتەوە، لە ئێستادا ئەو بڕیارانە ڕووبەرووی چەند گرفتێك بۆتەوە، بۆیە ئەگەری هەیە كۆبوونەوەی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كاتی خۆیدا ئەنجامنەدرێت، یاخود بەتەواوی ناوەڕۆكەكەی جێبەجێنەكرێت.

یەكێك لە ڕێگرییەكانی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان، یەكلاینەبوونەوەی یەكێتیە بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان، چونكە هەردوو كاندیدەكە ( ڕێواس فایەق و بێگەرد تاڵەبانی) لەڕووی خاڵی لاوازو بەهێزیان بۆ بوون بەسەرۆكی پەرلەمان لەیەكەوە نزیكن، بۆیە ئاسان نابێت سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە ئەو پرسە لەماوەی هەفتەیەكدا یەكلابكەنەوە.

بەشێك لە یەكێتی لەگەڵ ئەوەدان، مەكتەبی سیاسی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان یەكلابكاتەوەو بەشێكیش لەگەڵ ئەوەن لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەم كارەبكرێت، بۆچوونێكی دیكەش ئەوەیە ئەوبابەتە لە نێو پەرلەمان چارەسەبكرێت، ئەوان سەرپشك بن كێ دەبێتە سەرۆك لەو دوو كاندیدەی یەكێتیی.

تاوەكو ئێستا بڕیاری 18ی شوبات، كە وادەی كۆبوونەوەی پەرلەمانە وەك خۆیەتی، بەڵام ئەگەر لە حاڵەتێكدا ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجامنەدرێت، ئەگەری هەیە دانیشتنەكەو هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەفتەیەك دوابخرێت.

یەكێتیی لەگەڵ ئەوەیە هەردوو كۆبوونەوەكەی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەیەك ڕۆژدا ئەنجامبدرێت، بۆیە ئەگەر پارتی گرفت بۆ دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دروستبكات، ئەوانیش كۆبوونەوەی پەرلەمان پەكدەخەن.

بەهۆی ناڕەزایی لایەنە توركمانی و عەرەبییەكان و ترسی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە، ئەگەری زۆرە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ،كە وابڕیاربوو لە ڕۆژی 18ەی شوبات هەولێر ئەنجامبدرێت، بگۆڕدرێت بە دانیشتنی لیستی برایەتی لە هەولێر، كە ئەمەش دیسانەوە دەبێتە گرفت لەبەردەم ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتیی.

پارتی و یەكێتیی و هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەن، لەگەڵ ئەوەدان لەو كۆبوونەوەی لیستی برایەتی بڕیار لەسەر كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بدرێت.

بەشێك لەیەكێتیی بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدانین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا لە هەولێر ئەنجامبدرێت، چونكە لەڕووی سیاسی و یاسایەوە كێشە دروستدەكات، بەپێچەوانەی ئەمەش هەندێك پێیانوایە: پێویستە ئەو كۆبوونەوەیە لە هەولێر ئەنجامبدرێت، تاوەكو بەرپرسیاریەتەكە بەتەواوی بكەوێتە ئەستۆی پارتی و بە ناچاری و بەزوویی بە دانانی پارێزگار ڕازیبێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەنییە، تەنها یەك كاندید لە یەكێتیی وەرگرێت بۆ پۆستی پارێزگار، مەرجیان ئەوەیە چەند كاندیدێك پێشكەشبكرێـت، پاشان بەیەكەوە لەسەر كەسێك ڕەزامەندی دەرببڕن، ئاسان نییە پارتی بە رزگار علی ڕازیبێت.

لەبارەی رێككەوتنی سیاسی نێوانیان، كە وابڕیارە لەم هەفتەیەدا لە نێوان شاندی باڵای هەردوولا واژووبكرێت، لە ئێستادا زۆربەی ڕەشنووسی ئەو رێككەوتنە كۆتایی پێهاتووەو هەر ئەمڕۆش مەكتەبی سیاسی لەسەر ئەو مەسەلەیە كۆبۆوە، چاوەڕێدەكرێت ڕەزامەندی كۆتایی لەسەر بدرێت.

سەبارەت بە بزوتنەوەی گۆڕان بەرپرسانی پارتی ئاماژەبەوەدەكەن: گۆڕان لاری نییە لەو نزیكبوونەوەی پارتی لەگەڵ یەكێتیی، هەر هەنگاوێكی نزیكبوونەوەی پارتی لەگەڵ یەكێتیی گۆڕانی لێ ئاگاداركراوەتەوە.

ڕێككەوتنی پارتی و گۆڕان لەبارەی بەژداریكردنی گۆڕان لە حكومەتی نوێ، كێشەی گەورەی لەبەردەمدا نییە، چونكە لەدوای گەیشتنی پارتی بە ئەنجامێك لەگەڵ یەكێتیی، لەماوەیەكی كەمدا دەتوانن لەگەڵ گۆڕانیش ڕێككەوتنی كۆتایی ئەنجامبدەن.

سەرتیپ قەشقەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی