یەکێتی فرەکاپتن و بێ ڕاهێنەر یاریدەکات!

11/02/2019

دەلیل جەمال


یەکێتی گەرچی هێزێکی یەک دەنگ ومەرکەزی نیەو فرە دیدو ئاراستەیە بەجۆرێک ئاسان نیە بڕیارو ڕاسپاردە تێیدا نەک هەربۆخۆی زۆرجار سەرئێشە بووە ،بۆڕکابەرەکانیشی  بەجۆرێک ڕکابەرەکەی پێش دەسپێکی یارییەکان هیلاک و ماندوکردووە گەرچی ئەم خەسڵەتە لە شوناسەوە بووەتە عورف و نەریت بەڕادەیەک لادان یان گۆڕینی ئەم خەسڵەتە قورسەو خەسڵەت گۆڕین ئاسان نییە
هەرئەمەشە یەکێتی ڕاهاتووەو ئاسان قۆناغەکان تێدەپەڕێنێت . چونکە بۆیەکێتی ئەم فرەدیدییە لەخەتەرەوە گۆڕاوە بۆ چاکەو دەقی پێوەگرتووەو لەهەندێک ڕوودا یەکێتی ئینقازکردووەو هاوکاری بووە لەبڕیاری یەکلایەنە

بەڵام بۆ ڕکابەرەکانی تەواو سەرئێشەو هیلاکییە بەتایبەت لەئێستادا کە مەرکەزی قەرار لەیەک شوێن و لای کەسێک نییە 
یەکێتی ئێستا ڕاهێنەرێکی فەرمی نییەو لەقۆناغی مۆندیالی  سیاسیدایە، بێ ڕاهێنەر لەساحەکەدایە یاری دەکاو تائێستا لەبردنەوەدایە ئەوەی بووەتە مایەی ڕامان ئەوەیە نەخشەی یاریکردنی ڕوون نییە بەڵام پلانی یاریکردنی بەئاراستەی هێرش بردنە پارتی کەهێزێکی کۆکراوەو تاڕادەیەک یەک ئاراستەو مەرکەزییەتی هەیە بەیەکجاری  پەرێشانە لەدەست جوڵە و جۆری یاریکردنی یەکێتی تەواو ماندوو شەکەتە.
چونکە بۆپارتی قورسە ڕووبەڕووی هێزێک ببێتەوە بێڕاهێنەربێت .کاتێک خۆی خەسڵەتی مەرکەزی و یەک بڕیاری هەیە..

یەکێتی یاسای یاریگای گۆڕی؟
هەمیشە تیمی یاری یان هێزی سیاسی وابەستەی ڕاهێنەرو سەرۆکە   هەربۆیە وتراوە گێمی دووەم گێمی ڕاهێنەرانە . بۆیەکێتی هەردوو گێم گێمی یاریزانانە ئەمەش بەتاڵکردنەوەی سحری ئەو قسەیەی کە بێ ڕاهێنەر یەکێتی یاری دەکاو دەچێتە پێش ڕکابەرێکی سەرسەختی تیمی یەکەمی بەربژێر. بەڵام خاڵی جیاوازی یان بڵێم بۆ پڕکردنەوەی فەراغی ڕاهێنەر یەکێتی فرەکاپتنە لەیاریگاداو ئەمەش بۆڕکابەری بەرانبەری قورسە چۆن ڕێک بکەوێت لەسەر چۆنییەتی یاری و دەرئەنجامی یارییە سیاسییەکە

یەکێتی و پاسی سیاسی...

یەکێتی بەشێک لەم مناوەرەیە پەیوەندی بە سیستمی پاساتەوە هەیە کە زیاتر وەک بەرشەلۆنە یاری دەکات لەساحەی سیاسیدا  یەکێتی فرەکاپتنە پاسی سیاسی زۆرە ئەمەش بۆڕکابەرەکەی سەرئێشەیەو هیلاکی دەکات . چونکە هەرهێزێک لەگەڵ یەکێتی بکەوێتە یاری یان گفتووگۆ ئەوا پێویستە لەیەک دانە زیاتر کاپتن ببینێت دواجار یاریکردن لەگەڵ یەکێتی لەدەرەوەی یاسای باوی یاریگایە  کەمترین کات لەهێڵی بەرگریدایە بەردەوەم لەناو هێڵی هێرشدایە . کەئەمەش گرفتی بۆدروست دەکات لەئەگەری هێرشی هەڵگەڕاوە وەک لەمەسەلەی دانانی پارێزگاری کەرکووک و وەزیری دادی حوکمەتی عێراقی فیدراڵ. ئەم ئیرادەیە بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە یەکێتی دەرئەسڵ بۆبردنەوە دەچێت بەهەرنرخێک بێت!

لەم مۆندیالەسیاسییەدا یەکێتی چۆن ناسراوە؟
یەکێتی بەتیمی بێ ڕاهێنەرو تیمی فرەکاپتن ناسراوە کەئەو فەراغەی بێ سەرۆک و ڕاهێنەری بەم کاپتنانە پڕکردووەتەوە هەرئەمەشە یەکێتی تەواوی هێزی دەچێتەساحەکەوە وەک لەو یارییەی کە بۆبەدەست هێنانی سەرۆککۆمار ئەنجامیدا کاپتنەکان هەموان چونە یارییەکەوە و براوەبوو

هەموو هێزێک ناتوانێت لەسەر ئەم پلان و خەسڵەتە بڕوات وبەردەوام بێت جگەیەکێتی وەک وتم  ئەم خەسڵەتە بووەتە نەریت بۆیەکێتی و دەتوانێت سودی لێببینێت و بەئاراستەی باشەی هەنگاو بنێت  یەکێتی پێکانی زۆرە لەیاریگای سیاسیدا کەی لەسەرکەوتندا بوو هەوڵدەدات کات بکوژێت بەتایبەت لەوحاڵەتانەدا کە شپرز و شێواوە یان تێکچووەو گرفتی هەیە پەنا بۆ پێکان دەبات تا خۆی ڕێک بخاتەوە وەک ووداوەکانی ۱٦/ئۆکتۆبەر یان لەهەڵبژاردن و دەرئەنجامەکانی 
حالەتێکی تری یەکێتی یاریکردنی پێشوەختەیە لەگەڵ ڕکابەرەکەی ڕێککەوتن و لێکتێگەشتن لەسەریارییەکە و دەرئەنجامەکەی ، ئەم ڕێککەوتن و لێکتێگەشتنانە زۆرجاروەک کارتی زەرد  بەکاریان دەهێنێت بۆ ڕاگرتنی هێرشی هەڵگەڕاوەی بەرانبەری پارتی ئێستا کە توانای هێرشی نەماوە ئەوەیە کە یەکێتی کارتی زەردی یارییەکەی لایەو ڕایگرتووە. بۆپارتیش باشترە یارییەکەی بخاتە سەر نەخشەکەی یەکێتی . بۆئەوەی کۆتایی یارییەکە هاوسەنگ بێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی