ئازادی بۆ گیراوانی بادینان

13/02/2019

رێبین فه‌تاح


ئەو هەڵمەتی گرتن و تۆقاندنەوەی کە لە پاش ڕووداوەکانی شیلادزێ لە بادینان دەستی پێکردووە، بەتەواوەتی ئابڕووبەرانەیە بۆ حکوومەتی هەرێم و دامەزراوە ئەمنییەکان و کۆی حزبە سیاسییەکان کە تا ئێستا بێدەنگییان لەوڕووەوە هەڵبژاردووە.

ئەو هەڵمەتی گرتن و تۆقاندنە، هەرتەنیا کاردانەوەیەک نییە بەرامبەر بە ڕووداوەکانی شیلادزێ، بەڵکو بۆ ترساندنی خەڵکی کوردستان بەگشتی و دەڤەری بادینانە بەتایبەت. هەنگاوێکی مەترسیدارە بە ئاراستەی بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین و چالاکی مەدەنی.

دامەزراوە ئەمنییەکانی بادینان ڕووداوەکانی شیلادزێ وەک دەرفەت و پاساوێک بەکاردێنن بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد و ئەوەش شایانی هەڵوەستە لەسەر کردنە. نابێ ڕێگە بدرێت هەرێمی کوردستان بۆ نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بگێڕدرێتەوە. ئەو هەڵمەتی تیرۆری ئیرادەیە دەبێ سنووری بۆ دابنرێت.

بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و سیاسی لە ئەستۆی کۆی هێزە سیاسییەکانە، کە بەداخەوە وەک دەردەکەوێت ململانێی ئەوان لەسەر بەدەستهێنانی پشک و پۆست، چاوپۆشی ئەوانی لێکەوتووەتەوە لەبەرامبەر ماف و داخوازییەکانی خەڵک.

زۆر گرنگ دەبێ لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان دا و لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوودا ئەو دۆسیەیە بوروژێنرێت، هەموو ئەو هێزە سیاسییانەی لەبەرامبەر ڕووداوەکانی بادینان بێدەنگییان هەڵبژاردووە، بە یەک ئاست بەرپرسیارن.

رێبین فەتاح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە