ئێستامان، ئێستا

14/02/2019

سەركەوت زەكی

پتر لە سەد ساڵی ئەزمونی شۆڕش و خەبات،بە ئاسانی پێمان ئەڵێت ھاوكێشەكانی دەرەوە ڕۆڵ و كاریگەری زۆریان لەسەر سەركەوتن یان شكستی تێكۆشانی ئێمە لە ڕابوردودا ھەبوە،پێگەی جوگرافی،ھوشیاری نەتەوەیی،كامڵ نەبونی گەشەی چینایەتی بەپێوەرەكانی سیستەمی سەرمایەداری ھەمیشە بەجۆرێك لە بەرژەوەندی دوژمنەكانمان بون،كە گەیشتن بە ئامانجەكانمانی ئەستەم كردوە.بەڵام ھەمیشە ئەمە دیوێكی دیمەنەكە و لایەكی ھاوكێشەكەیە،ئەو لایەیە كە ئێمە تاڕادەیەكی زۆر تێیدا سەركەوتو نەبوین و نەمانتوانیوە تاسەر و بەباشی لەبەرژەوەندی خۆمان بیخەینەگەڕ.

لەبەرامبەردا دیوی دوەمی تابلۆ و ھاوكێشەكە خودی خۆمان بوین،لەمەشیاندا ھەرچەندە ھەوڵمانداوە بەڵام ئەوە ڕاستیەكە،كەبەداخەوە تا ئیستا ھەر لە كورتی داوە،بۆ من ھۆكارەكان ھەرچیەك بن ئیتر گرنگ نین،لە كوێوە سەرچاوەیان گرتبێت چیتر بەھاكانی جارانیان نەماوە،بۆچی مەبەستێك وابوە ئیتر ئەچێتە خانەی بەسەرچوەكانەوە،ئەوەی گرنگە ئیستامانە،ئێستا.

ئەم ئێستایەی كە نزیكەی بیستوھەشت ساڵە دەستیپێكردوە،لە پێناویدا ئەنفال كراوین،كیمیاوی باران كراین،(تەعریب و تەبعیس و تەرحیل كراین)،دەریایەك خوێنمان لە پێناویدا لەبەر ڕۆیشتوە،دواتریش پێنج خول ھەڵبژاردنمان بۆ پەرلەمانەكەی كردوە،ھەشت كابینەی حكومەتەكەیمان تێپەڕاند،لە دەوڵەت و ئابوری سەربەخۆ نزیكبوینەوەو نەمانزانی چۆنی لەگەڵ ھەڵسوكەوت بكەین،ئێستایەك زۆرمان لە پێناویدا بەخشیوە.

ئێستایەك،كە بە تەنھا لە چوارچێوەی ئەزمونی خوێن لێچۆڕاوی خۆماندا نەماوینەتەوە،لەم سەردەمی جیھانگەرایی و بچوك بونەوەی گێتی و شۆڕشی تەكنۆلۆژیای زانیاریەدا،لە چاوتروكانێكدا ھەمو پێشكەوتن و ئەزمونەكانی سەركەوتنی گەلان دێتە بەر دیدەمان،بەڵام ئەوە ویستەكەی خۆمانە لاوازە،بەرژەوەندی ئەوانەیە كە خۆیان لەداھاتو و لە نیشتمان و لەخەڵك لا گرنگترە،ڕێگرە.

بۆیە ئەكرێت بڵێین ئێستا بەڕاستی لەبەردەم قۆناغێكی تەواو جیاوازداین،قۆناغی چاو دانەخستن لەكەموكوڕیەكان،قۆناغی قۆڵ لێ ھەڵماڵینێكی جوامێرانە بۆ ڕاماڵینی كەندوكۆسپەكان،قۆناغی بنیاتنانێكی تر بە ویستێكی بەھێزەوە بۆ خزمەتی خەڵك و شایستەی خەڵك و بۆ ژیانێكی باشتر و ئاسودەتر بۆ ھاوڵاتیان،چیتر بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی ژیانێكی باشتری پڕ لە خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی وڵاتەكەمان پێویستە ڕێگە نەدەین گرگنی سیاسی و چەرچی خۆ بە بازرگان زان و خۆپەرست و گەندەڵەكان سەرقافڵە بن و پێویستە وەلابنرێن،ئیرادەی پێشكەوتن و سەركەوتن و گۆڕانكاری بیباتەوەو ئێستامان بكاتە بناغەیەكی بەھێز بۆ داھاتو،تا ئینتیما بگێڕێتەوە و خۆشەویستی لەدەرونی خەڵكا ببوژێنێتەوەو متمانە ببەخشێتەوە بەھاوڵاتی.ئێستایەك شایستەی قوربانیەكانی ڕابوردومان و ھاوشانی گەشەكردنەكانی جیھانی سەردەم و ڕێزو سەروەری ھاونیشتمانیەكانمان بێت.

سەركەوت زەكی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی