ڤالانتاین، عەبدوڵا ئۆج ئالان

14/02/2019

عەبدوڵای مەلا نوری

لە بارەی خۆشەویستیەوە بەڕێز عەبدوڵا ئۆج ئالان دەڵێت: پێش ئەوەی پرسی عیشق و خۆشەویستی نێوان رەگەزی نێرو مێ بێتە ئاراوە، دەبێت هێلانەیەک بۆ ئەو عیشقە دەستەبەر کرابێت، هێلانەیەکی ئارام بە پێشمەرجی عیشقێکی دروست و بەردەوام دەزانێت.
پێی وایە خۆشەویستی بەهایەکی باڵای هەیە، بۆیە نابێت سەرگەردان و ئاوارەو بێ نیشتیمان و بێ ئازادی بێت.
لای ئۆچ ئالان خۆشەویستی پرۆسەیەکی روکەش و مادی نیە وەک ئەوەی لەمڕۆدا بازرگانی پێوە دەکرێت و لە شانۆی میدیای سەرمایەداریدا پیشاندەدرێت و تەرویجی بۆ دەکرێت.
خۆشەویستی لای ئۆج ئالان پێویستی بە سەقامگیرییە، سەقامگیری راستەقینە لە ئازادیەوەیە، ئازادی مانادار لە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکدا دەستەبەر دەبێت، نەتەوەی دیموکراتیک کەش و شوێنی قبوڵکردن و پێکەوەژیانی تەواوی رەنگ و دەنگە جیاوازەکانە بە خۆشەویستیەوە.
ئۆج ئالان پێی وایە: لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا (کڵان) حاکمیەت لای ژن بوە، بە حوکمی ئەوەی ژن وەچەی خستوەتەوەو ئەرکی زەخیرکردنی خۆراکی بەڕێوەبردووە، لەم قۆناغەدا ئینسان لە سایەی سروشتێکی دەستلێنەدراو ـ ئازاددا ژیاوە.
ئازادی وەک روناکی پێویستی بە سروشتێکی پاک و کراوە هەیە بۆ ئەوەی تیشیکی خۆی بگەیەنێتە هەمو کونجو کەلەبەرێک.
ئۆجئالان ئەخلاق و سیاسەت بە پێوستی کۆمەڵگەی ئازادو دیموکرات دەزانێ، پێی وایە هەر شۆڕشێک ئەخلاق و سیاسەت لە گەڵ خۆیدا نەهێنێ شۆڕش نیە!
بە شێوەیەکی هاوتەریب و بە وردی کاری لە سەر پرسی دیموکراتی و ئازادی و ژن کردوەو بەرەو پێشی بردووە.
پێموایە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان هەر سیاسی و شۆڕشگێڕێکی دەگمەن نیە، بەڵکو بیرمەندێکی هەرە گەورەشە. ئەفکارەکانی وەک هەوێنی چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکترقبوڵنەکردن و یەکتر سڕینەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر سودبەخشن.
لە دەربڕینێکی سەرنجراکێشدا لە بارەی هێزی بەرگری خۆی لە زینداندا دەڵێت: تەنها شتێک وای لێکردم ساڵانێکی زۆرە بەرگەی ناخۆشی و تەنهای زیندان بگرم ئەوەیە رەوشی ئینسانەکان لە دەرەوەی زیندان باشتر نیە لە ناو زیندان.
لە یادی ۲٠ ساڵەی دەستگیرکردنیدا، کە رێکەوتی ۱٥ی شوباتی ۱۹۹۹ بو، ئەرکی هەر ئینسانێکی ئازادیخوازە بەرگری لە ئازادی بەڕیز عەبدوڵا ئۆج ئالان بکات.
لێرەوە سڵاو و گوڵی عیشقێکی ئازاد بۆ رەنج و خۆڕاگری دەنێرم.
عەبدوڵای مەلا نوری

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی