حەڤدەی شوبات

17/02/2019

كاوە شێخ عەبدوڵڵا

لە یەكەم سەعاتەكانی دەسپێكردنی گردبوونەوەو خوپیشاندانەكانەوە، تا دوایین سەعاتی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان، هەموو ڕۆژێك خۆم و كامێراكەم لەوێ بووین.

دیمەنی هەموو ڕۆژەكانم تۆمار كردووە بە فۆتۆ و ڤیدیۆ. چەندین ڕاپۆرت و هەواڵی ڕۆژنامەوانییم سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی حەڤدەی شوبات ئامادە كردووە و بڵاوبوونەتەوە.

حەڤدەی شوبات بە هەموو پێوەرێ شۆڕش و هەڵگەڕانەوە بوو لە ستەم و ستەمكاریی حوكمڕانی كورد. بتەكانی كوردایەتی شكاند بەڵام سەركردایەتییەكەی بەبێ بتبوون و موقەدەس بوون مانەوە.

حەڤدەی شوبات تەنیا دەنگی ناڕازیی سلێمانی نەبوو وەكو جوگرافیا، بەڵكو دەنگی هەموو ئەوانە بوو لەناو حوكمەتی كوردیدا دەچەوسێنرانەوە و كەرامەتیان دەشكێنرا... ئیتر لە هەر شار و گوندێكی كوردستاندا بووبن. بەڵام دەنگەكە لە سلێمانییەوە بەرز بوویەوە.

حەڤدەی شوبات شۆڕش بوو بەرەو باشبوونی حوكمڕانی كورد، بەڵام چونكە سەركردە و خاوەنێكی نەبوو، چونكە زیادەڕۆیی زۆر كرا پێیەوە، بێ بەرهەم سەری نایەوە. شۆڕشی مەدەنیی وایە كە كەس نەبوو بەرهەمەكانی بچنێتەوە و بەكاری بێنێ، زیادەڕۆیی زۆر دەكرێ بە دەسكەوتەكانییەوە و هەر لەجێدا دەمرێ.

شتێكی تر حەڤدەی شوباتی بێ ڕۆڵكرد ئەویش نەبوونی حوكمڕانێكی ڕۆشن بوو كە تائێستاش كەس نازانێ سیستمی حوكمڕانی كورد چیە و چۆنە!

مامۆستا مەسعود محەمەد فەرموویەتی: دیموكراسی زۆر ناسك و نازدارە، كورد ئێستا بەم شكڵ و پێكهاتەیەوە ناتوانێ نازی ئەم شتە ناسكە هەڵگرێ بۆیە جارێ لێی گەڕێین تا توانامان دەشكێ بەسەریا.

جا بۆیە حەڤدەی شوباتیش ئامانجەكانی ناسك بوون، نە خەڵك و نە حوكمڕانی خراپی كورد نەیتوانی نازی هەڵ بگرێ بۆیە جارێ دەسكەوتەكانی بوون بەژێر خراپەكارییەوە.

كاوە شیخ عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی