پارتی و گۆڕان لە قۆناغی دوای نەوشیروان مستەفا

25/02/2019

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

رێككەوتنی پارتی و گۆڕان لە كاتێكدایە كە نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا نەماوە، وەك ئاماژەیەك قۆناغی ئێستای گۆڕان، قۆناغێكی دیكەیە و دەكرێ جۆرێك پێداچوونەوە بە روئیای بزووتنەوەكە بكەن لە پەیوەست بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتیدا، ئەو پارتییەی لە قۆناغی نەوشیروان مستەفادا لە لایەن گۆڕانەوە بە بەردەوامی سێرەی لێ گیرابوو تا ئاستی ئەوەی بەشی زۆری گۆڕانخوازەكان نەك بە تەنیا رقیان لە پارتی، بگرە لە رەنگی زەردیش دەبووەوە، لەژێر كاریگەری گرێی كاك نەوشیروان بەرانبەر بە پارتی دروستتر لە دژی ماڵی بارزان.

هەر وەك گوترا ئەوەی ئەو رێككەوتنە لەگەڵ رێككەوتنە ماوە كورتەكەی سەرەتای پێكهێنانی كابینەی هەشتەم لە نێوان پارتی و گۆڕان جیا دەكاتەوە، ئێستا نەوشیروان نەماوە و ئیدی گۆڕانیش خۆی لەگەڵ پارتی و پارتیش خۆی لەگەڵ ئەو تیمەی گۆڕاندا دەگونجێنێت، هەم پارتی لە دوای ئۆكتۆبەرەوە بەدوای بەدیلی یەكێتی و گۆڕانیش بەدوای هاوپەیمانێكی بەهێزدا دەگەڕێن كە گۆڕان ئێستا پارتی هەڵبژاردووە، پارتیش یارییەكە بەڕێوە دەبات كە هەر لە سەرەتاوە لە ۱٨ی شوبات یەكەم گۆڵی لە یەكێتی كرد، ئەگەرچی پەیوەندییەكانی نێوانیشیان خەریكە ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام ئەوە هیچ لەو واقیعە ناگۆڕێت كە پارتی پەیامی خۆی بە یەكێتی گەیاند و گۆڕانیشی تاقیكردەوە. ئەمەش لە كاتێكدا بوو كە یەكێتی هەوڵی زۆری دا بۆ ئەوەی رێككەوتنەكەی پارتی و یەكێتی روونەدات، بەتایبەتی لە ڕۆژی هەشدەی شوباتدا، بەڵام چونكە نەوشیروان نەمابوو، هاوكات تیمەكەی گۆڕانیش لەوە گەیشتن كە سیاسەتكردن تەنیا قسە و دروشم و ئەو وەهمانە نییە كە نەوشیروان مستەفا لای خۆی دروستی كردبوون، واتە ئەو پیاوە لەگەڵ ئەوەی بانگەشەی ئەوەی بۆ دەكەن كە پیاوێكی وردبین بووە، بەڵام لە هەڵسوكەوت و خوێندنەوەی واقیعی پێگەی پارتیدا تێگەیشتنی لاوازی هەبوو، نەوشێروان پێیوابوو پیرمام بە دروشم و قسەی باقوبریق خۆی رادەستی گردی زەرگەتە دەكات، ئەمەش گرێیەك بوو بە درێژایی مێژوو لەگەڵ كاك نەوشیرواندا گەورە ببوو، بەجۆرێك لەناو یەكێتیشدا بەشێك لە هۆكاری ئاڵۆزییەكان ئەو پیاوە ڕۆڵی تێدا دەبینی، واتە هەرگیز هانی كەسی نەدەدا بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتیدا نەك هەر رێككەوتن، بگرە نەختێك دۆخە ئاڵۆزەكەش سارد بكەنەوە، سەرئەنجام نەوشیروان نەیتوانی ئەو گرەوە بباتەوە، ئەو وەهمەی نەوشیروان مستەفاش دروستی كردبوو، بەتاڵ بووەوە.

گۆڕان ئەزموونی رابڕدوو تاقی ناكاتەوە و پارتیش ئۆفەراتی زۆر دەخاتە بەردەم تیمەكەی گۆڕان، یەكێتیش دەكەوێتە دۆخێكەوە لە یەككاتدا دەبێ چاوێكی لەسەر پارتی و چاوەكەی دیكەشی لەسەر گۆڕان بێت، بەتایبەتی لە سنووری سلێمانی نەبادا بە پرۆژە و هاوكاری ئەملاوئەولا پێگەی خۆی بەدەست بهێنێتەوە، ئەگەرچی تازە زەحمەتە گۆڕان بگاتەوە ئاستی ۲٤ كورسییەكەی، بەڵام هەمیشە هێزێكیش دەبێت كە چاوێكی یەكێتی داگیر دەكات و پارتیش هەندێ لە یارییەكانی خۆی بە هێزەكانی دیكە دەكەن!

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی