ئەو هەڵانەی یەكێتی كردی چی بوون؟

01/03/2019

سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی

لە نێوان یەكێتیی و پارتی، كێ براوەی یاریەكە بوو ؟
یەكێتیی لە رێككەوتنە سێ خاڵیەكەی 5ی شوبات، لەگەڵ پارتی لەسەر هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و دانانی پارێزگاری كەركووك لە ماوەیی پێكھێنانی حكومەت، توانی سەركەوتوو بێت، بەڵام یەكێتی لەبری ئەوەی لە كارتی ژمارە یەكەوە دەست بە دروستكردنی فشار بكات بۆ سەر پارتی، تا داواكارییەكانی جێبەجێبكات، راستەوخۆ دەستی برد بۆ كۆتا كارت و ئەو كارتانەشی بە دەستیەوە بوو سووتاندی.

ئەویاریەی یەكێتیی كە لە ڕۆژی 18ی شوبات، لەگەڵ پارتی ئەنجامیدا، دەتوانین بڵێین زۆر نەزانانەو نەشارەزایانەو مناڵابوو؛ كاتێك بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانی نەكردو سەرۆكی پەرلەمانی وەرنەگرت، چونكە لەلایەك یەكێتی بە تەنھا مایەوە، بە پێچەوانەیی ٢٣ حوزەیرانی 2015، چونكە ئەمجارە ھەموو ھێزەكانی دیكە چونەوە بەرەی پارتی و بەبێ یەكێتی پرۆسەكە جێبەجێكرا.

یەكێتی خۆی لەگەڵ پارتی لە 5ی شوباتدا، كاتی كۆ بوونەوەیی پەرلەمانی دیاریكرد، بەهەر ڕێگەو هۆكارێك بێت پارتی بەهۆی باشتر ئەنجامدانی یاریەكە لەگەڵ چەند لایەنێكی دیكە توانی لەم پڕۆسەیە سەركەتووبێت، ئەوەی ویستی بەدەستیهێنا، لەبەرامبەردا یەكێتی جێماو زۆربەی كارتە بەهێزەكانی لە دەستدا، جگە لەوە پارتی ناچار كرد پۆستی زیاتر بە گۆران بدات و نەیارەكەیی یەكێتی لە زۆنی سەوز بە ھێز بكات. ئەو دەھۆڵەشی بۆ چوونی گۆران بۆ حكومەت دەیكوتن پارە ناكات، چونكە لە ئەنجامدا، كە یەكێتی بەشدار بوو لە حكومەت رەخنەكانی پووچ دەبێتەوە ( كە بەشداردەبێت)، جگە لەوەش مەترسی دوو ئیدارەیی لەلایی یەكێتی كە جار جار وەك كارتێ باسیان دەكرد، پووچەڵ بۆتەوە، لە روویی دیموكراسی و ئاستی نێودەوڵەتیش ھەڵوێستیان لاواز بووە.

یەكێتی بە نەچوونی بۆ پەرلەمان چی دەست كەوت ؟ یەكێتی كاتێك دەڵێ داواكانمان جێ بەجێنەبێت بەشداری حكومەت ناكەین ، ئەم قسەیە لە بنەمادا پووچەڵەو بیركردنەوەیەكی دووربیانە نییە، چونكە یەكێتی لە لایەك لە بەشداریكردنی حكومەت بەردەوامەو قوباد تاڵەبانی و وەزیرەكان لە كاری خۆیان نەكەوتوون، لە لایەكی دیكەوە یەكێتی ئەو شەڕەی ئێستا لە دەرەوەی پەرلەمان بە داواكردن و نامە گۆڕینەوە لەگەڵ لە پارتی دەیكات و چاوەڕێی ئەوەیە پارتی موراعاتی بكات، ئەوا لە پەرلەمانەوە ئەیتوانی بیكات، كارتی شەرعیەت نەدانیش بە حكومەتی نوێ و پەرلەمان تا كۆتایی لە دەست خۆیدا بوایە.

ئەمە چۆن بە دی دەھات؟ 
ئەگەر یەكێتی بەشداری كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی بكردبووایە، سەرۆكی وەرگرتبوایە، ئەوا جگە لەوەی خواستێكی یەكێتی ( ئەگەر بە ناچاریش بێت)، كە وەرگرتنی سەرۆكی پەرلەمان بوو دەھاتە دی، ئەوەی پارتیش دەمایەوە، چۆن ؟ چونكە دوای دانانی سەرۆكی پەرلەمان لە لایەن یەكێتیی، پارتی پێویستی بە سەرۆكی پەرلەمان بوو دانیشتنێك رێكبخات، بۆ ھەڵبژاردنی لیژنەیی یاسایی، دواتر دانیشتنێك بۆ خوێندنەوەی یەكەمی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم ، دواتر دانیشتنێك بۆ پەسندكردنی یاساكە، دواتریش ئیمزاكردنی یاساكە لە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمان بوو، دواتر دانیشتنیش بۆمتمانەدان بە سەرۆكی ھەرێم هەر لە دەستی یەكێتیی دادەبوو، دواترو دواتریش دیسانەوە دوو دانیشتنی دیكەی پەرلەمانیش بۆ ڕاسپاسدنی سەرۆكی حكومەت و متمانەدان بە حكومەت هەر لە دەست ئەواندابوو.

هاوكات لەگەڵ ئەم هەنگاوانەی سەرەوە، بە گوێرەی رێككەوتنی یەكێتی و پارتی لە 5ی شوبات وا قسەكرابوو، پرسی دانانی پارێزگایی كەركوك لە ماوەیی پێك ھێنانی حكومەت دەبێت (نەك لە دوایی تەواو بوونی پێكھێنانی حكومەت)‌، كە یەكێتی ئەیتوانی لە ھەر قۆناغێك لەم قۆناغانانەی سەرەوە، بەر لە متمانەدان بە سەرۆكی ھەرێم داواكاریەكانی خۆی جێبەجێبكردبووایە، لە لایەكی دیكەوە ئەگەر لەماوەی ئەو قۆناعەدا: پارتی خواستەكانی یەكێتی جێبەجێنەكردبوایە، ئەوا ئەوكات پارتی هەر سەری لە بن دەستی یەكێـتیی دەبوو، چونكە یەكێتی ئەیتوانی بە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنی پەرلەمان نەكات و كێشەی تێبخات، كە ئەمەش وای لە پارتی دەكرد، هیچ كارتێكی بەدەستەوە نەبێت، پارتیشی ناچاردەكرد یان چۆك دابدات، یان ئەوكات باشترین و ناچارترین كارتی پارتی ئەوەبووە: ھاوشێوەیی یوسف محمدی گۆڕان، پارتی رێگریی لە سەرۆكی پەرلەمان بكردبووایە، تاوەكو نەیەتەوە ھەولێر، چونكە ڕاستە پارتی زۆرینە لە سەرۆكایەتی و پەرلەمان، بەڵام لەڕووی یاسایەوە تا سەرۆك ئامادەیی ھەبێت جێگر ناتوانێت دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوە ببات، جگەلەوەش یەكێتیی كارتێكی دیكەی هەبوو، كە ئەوكات دەیتوانی سەرۆكی پەرلەمان بكشێنێتەوەو ئەوسا بھاتبوایە ئەم قۆناغەیی ئێستاو بیووتبایە تا خواستەكانم جێبەجێ نەبێت بەشدار نابم، كە لە ھەردوو ئەگەردا ئەو یاریەو فشارەی بۆسەر یەكێتیی ئێستا دروستبووە، بە ئاڕاستەیەكی دیكە بۆ سەر پارتی پێچەوانە دەبۆوە. بەھۆی خۆپەرستی سەركردەكانی یەكێتی و نەبوونی یەك بڕیاری و كورتبینی سەركردەكانی، لە ئێستادا ھەڵوێست وەرگرتنی یەكێتیان لاواز كردووەو، پارتیان بەھێز كردوو، ھێزەكانی تریشیان باشترو باشتر كردە پاشكۆیی پارتی؟!

ئێستاش ھەر درەنگ نەبووەو یەكێتی دەتوانێ دەست ئەم یاریە بكات، رۆڵ بۆ خۆیی بگێڕێتەوە، نەك وەك ئێستا رۆڵی پێبدەن، بۆئەمەش لە دانیشتنی چەند كاتژمێری داهاتوودا، ئەم حزبە دەتوانێت شێوازی گفتووگۆو یارییەكان بە ئاراستەی خۆی ببات، بەڕەچاوكردنی ئەو شتانەی لەسەرەوە باسكران.

چونكە پارتی دوو ھەنگاویی یەكەمی ناوە، جارێ وەك موراعات ھەنگاوەكانی تری ڕاگرتووەو چەند ڕۆژێكی دیكەی كەمیش چاوەڕێدەكات، ئەم وەستان و چاوەڕێكردنەش لە بەرامبەر كارتی فشاریی یەكێتی نییە.

ئێستا كۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی لە بەغدا گەڕاوەتەوەو بە میدیاكانی یەكێتیی ڕاگەیاندوە: لەم هەفتەیەدا لەگەڵ پارتی ڕێكدەكەون ( ڕۆژی یەكشەممە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر كۆدەبنەوە )، ئەمەش بەڵگەیە بۆئەوەی، كە تەواوی ئەو پلانان و كارتانەی، كە لە لایەن هەندێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئەو حزبە باسدەكران قسەی بۆش بوون، نەشیانتوانی وەكو پێویست یاریەكە لە بەرژەوەندی خۆیان ئەنجامبدەن.

سەرتیپ قەشقەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی