جارێکیتریش پرسی دووئیدارەیی

03/03/2019

بەهادین نوری


من پرسێکم خستە بەرباس کەلە ئەسڵدا خۆی هەبوو ، ورووژێنرابوو ، بە شڕە سەرپۆشێک لە لووتکەوە داپۆشرابوو. ئەم داپۆشینەش بۆ چاوبەستی کەسانی دەرەوەی هەرێم بوو . هاوڵاتیانی هەرێم بە ئاگابوون بنەمای مێژوویی ئەم پرسە دەگەڕێتەوە بۆ لەتبوونی پارتی و دروستبونی ململانێی خوێناوی لە نێوان مەلایی و جەلالیدا لە ١٩٦٤. 

دووئیدارەیی زادەی شەڕی براکوژی و پەیدابوونی زۆنی زەرد و زۆنی سەوزە. لەم ٢٨ ساڵەی حوکمڕانی پارتی و یەکێتیدا، زادەی قۆرخچێتی دەسەڵات و نەبوونی دیموکراسی بوو. لە ١٢ ساڵی سەرەتای دروستبوونی هەرێمدا، لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١وە، هەلێکی زێڕین هاتە ئارا کە دەتوانرا دەسەڵاتێکی پتەو و بەهێز دیموکراتی تێدا بنیات بنرێ ، ئەگەر پارتی و یەکێتی ئیشیان بۆ ئەم وڵاتە بکردایە دڵسۆزانەو لێزانانە. بەڵام بەداخەوە لە باتی بنیاتنان جەولەیەکی نوێیان لە شەڕی براکوژی و خوێنڕشتن و کاولکاری دەستپێکرد و هەموو شتێکیان وێرانکرد.

دوئیدارەیی بەم شێوەی کە هەیە کێشەیە بۆ هەرێم ، کێشەیەکی زۆر لەوە گەورەترە کە هێندێ تەسەوری دەکەن. ئەم دوئیدارەییەی ئیستە پارتی و یەکێتی دەبەستێتەوە بە یەکەوە دژ بە بزافی نیشتمانی دیموکراتی، دژی هەرشتێ مەترسی تێدابێ لەسەر بەرژەوەندی ئەو دوو حیزبە. ئەوان بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی خۆیان لەسەرووی هەموشتێکەوە داناوە. ئەوە پێنچ مانگ تێپەڕی بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمداو تائێستە ڕێکنەکەوتوون لەسەر دامازراندنی حکومەتی هەرێم.

هۆکاری جەوهەری ئەمەش تەنها لە خیلافاتی حیزبایەتی تەسکدایە، لەوەدایە کە پارتی دەیەوێ بە گوێرەی ژمارەی کورسیەکانی خۆی مامەڵە لەگەڵ یەکێتی بکات و یەکێتیش دەزانێ کە کورسیەکانیان، نە هی پارتی و نهی یەکێتی، ڕەنگدانەوەی دەنگی ڕاستەقینە نین، بەڵکو ئەنجامی فرتوفێل و تەزویرن و کێشی ڕاستەقینەی هەردوکیان نزیکن لەیەکترە ، لە هەموو ڕوویەکەوە، لەبەرئەوە یەکێتی بەوبەشە ڕازی نیە کە پارتی بۆی دادەنێ و تا ئێستە ڕێکنەکەوتوون. بەڵام بەلای زۆرەوە لە کۆتاییدا لەسەر هەریسەکە هەر ڕێکدەکەون!.

من دوپاتی دەکەمەوە کەباشترین چارەسەر یەک ئیدارەیی دیموکراتی شارستانیە. ئەمە لە ئاییندەدا تاکە بژاردەیە . بەڵام ئەمڕۆ دوئیدارەییەکی سادەی ئاشتیانەی بێسەرپۆش باشترە لەم شێوە دوئیدارەییەی شەڕی براکوژی دروستی کردووە ، چونکە ناکۆکی و ململانی لە نێوانیاندا هەردەمێنێ و لە سایەی دوئیدارەیی سادەی ئاشتیانەدا ڕەنگە کەڵکی بۆ وڵاتیش هەبێ. 

بەهیوام لەوانەش کە هێشتا دوودڵن بە بۆ چوونی خۆیاندا بچنەوەو یەکلایی بکەنەوە.

بەهادین نوری

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی