گۆڕان، لە دۆڕانی هەڵبژاردنەوە بۆ دۆڕانی بەهاکان

07/03/2019

كەمال چۆمانی


یەکێک لە ئامانجەکانی گۆڕان بۆ بەشداریکردن لە حکومەت، وەک خۆیان دەڵێن، چاکسازییە لە هێزی میلیشیایی حیزبیی و بەنیشتیمانیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە. بەوەش شەرعییەت دەدەن رێککەوتننامەکەیان کە "ئایا ئەمە کارێکی خراپە تا کەسانێک هەبن دژایەتیی بکەن؟" بێگومان نەخێر، ئامانجێکی زۆر باشە، بەڵام گۆڕان رێککەوتنی لەگەڵ پارتیی کردوە کە خاوەنی میلیشیایە، ئەی یەکێتیی، خۆ یەکێتییش خاوەنی میلیشیایە؟ گارەنتیی چییە لە ماوەی شەش مانگدا ئەو چاکسازییە دەکرێت؟
- گۆڕان دەڵێت خەڵک دەنگی پێیان نەدا، بۆیە ئەوان ناچارن لەگەڵ پارتیی رێکبکەون. بەرپرسێکیان دەڵێت "خەڵک پارتیی کردە زۆرینە، با تەحەمولی ئەو چوار ساڵەش بکەن." ئەمە ساتی کەوتنی هەمو بەهاکانی گۆڕانە کە شکستێکی حیزبیی دەخەنە ئەستۆی گەل. هیچ سیاسییەک و حیزبێکی سیاسیی دونیا دۆڕانی خۆی لە هەڵبژاردن ناخاتە ئەستۆی گەل یان ئەندامانیەوە. هەمیشە بەرپرسانی حیزبەکە، بەتایبەت کەسی یەکەم و سەرکردایەتییەکە بەرپرسیارێتییەکە هەڵدەگرن. گۆڕان چونکە حیزبێکی دامەزراوە نییە و لە بەهاکانی لاداوە، بۆیە کاتێک دو هەڵبژاردنی یەک-بە-دوای یەکی دۆڕاند، نەک چاکسازیی نەکرد، نەک کەس دەستیلەکارنەکێشایەوە، بەڵکو "میثقالە زەڕە"یەکیش بە خۆیدا نەچویەوە -د. نیاز نەجمەدین و من و دەیان کەسی تریش پڕۆژەی جدییان بۆیان نوسی-.
کەس دژایەتیی چونە ناو حکومەت ناکات، بەڵکو دژایەتیی ئەوە دەکات کە بەو چونە ناو حکومەتە کۆتایی بەو ناڕەزایەتییانە دەهێنرێت کە کاک نەوشیروان لەدوای ١٩٩٢ەوە کاری بۆ دەکرد و دواتر لە ٢٠٠٩ لە حیزبێکدا رێکیخست. خەڵک دژایەتیی فرۆشتنی ناڕەزایەتییەکان و دەنگی ریفۆرم دەکات کە میدیای ئەهلیی، رۆشنبیران و رۆژنامەنوسانی ئازادیخواز و خەڵکی گۆڕانخواز دروستکەری بون و گۆڕان سودی لە هەموان بینی. خەڵک و رۆشنبیران و ئازادیخوازان و دیموکراسیخوازان چاوەڕوانییان لە گۆڕان دەکرد بە خۆیدا بچێتەوە و لە دەرەوەی سیستەم خۆی ئامادە بکات بۆ چاکسازیی و ریفۆرم. کەس چاوەڕێی شۆڕشی لە گۆڕان نەدەکرد و ناکات، بەڵام چاوەڕوانیی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییان دەکرد. گۆڕان رازیبوە پۆستی پێ بدرێت نەک چاکسازیی بکرێت و ریفۆرم بکرێت. 
گروپێک لە بەرژەوەندخوازەکانی گۆڕان لە خەڵک بێمنەت بونە و دەیانەوێت پارچەیەک لە کێکەکە ببەن، هیچ ئامانجێکی دیکەیان نییە. ئێوە دەچنە ناو حکومەتێکەوە کە زیندانی سیاسیی هەیە و جورئەت ناکەن داکۆکییان لێ بکەن تەنها بۆ ئەوەی پارتیی لێتان نیگەران نەبێت، چۆن دەتوانن داوای بەنیشتیمانیکردنی دەزگاکانی ئاساییش، پێشمەرگە و سامانە سروشتییەکان بکەن؟ 
سەرکەوتنی پارتیی لە هەڵبژاردنەکاندا بە هۆی ئەوە نەبو کە خەڵک پارتیی هەڵبژارد چونکە دەنگەکانی پارتییش کەمیکردبو، بەڵکو بە هۆی ئەوە بو ئێوە نەتانتوانی مۆدێلێکی باشتر لە پارتیی نیشانبدەن. ئێوە لە رابردودا شکستی زۆرتان خوارد و خاوەنی دونیابینیی نەبون، بەتایبەت بەدرێژایی ریفراندۆم، هەر بۆیەش خەڵک لە هەڵبژاردنی یەکەم سزای دان. بەڵام دیسان نەتانتوانی بە خۆتاندا بچنەوە و لە پەیامەکانی خەڵک تێبگەن، بۆیە زیاتر سزای دان. ئێوە لە بەرانبەر سزای گەلدا، وەک پارتیی و یەکێتیی، بە خۆتاندا ناچنەوە، بەڵکو دەبنە پاشکۆی ئەو هێزانەی هۆکاری نەهامەتییەکانی گەلن. 
گۆڕان دو هەڵبژاردنی دۆڕاندن کە دەکرا ببنە وانەی گەورە بۆیان، بەڵام نەک بە خۆیاندا نەچونەوە، بەڵکو ئێستا بەهاکانیشیان دۆڕاندن کە گۆڕانی لەسەر دامەزرا. ئەوەی وای کرد گۆڕان لە هەڵبژاردنەکان بدۆڕێت نەبونی روئیا و دونیابینیی سیاسیی و هەبونی کێشەی ناوخۆیی و ململانێی بو لەسەر پۆستە حیزبییەکان، ئەوەی واش دەکات گۆڕان چیتر خاوەنی بەهاکان نەبێت، لەدەستدانی بڕوابونە بەو بنەما و ئەخلاقییاتەی گۆڕانی لەسەر دامەزرا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی