پەتپەتێنی سیاسی...

10/03/2019

هێرش عبدالرەحمان


تەواوی ڕاوێژکارو پلە باڵاکانی حکومەتی ئەمریکی لەدوای دەستبەرداربونی کاتی پۆستەکانیان دەچنەوە سەر پیشە کۆنەکانیان، لە ٢٠٠١، یەکەم پرۆفیسۆری ئابوریم یەکێک بوو لەو دیبلۆماتانەی لەئیران گیرابوو، کە گەرابۆوە ئیتر وازی لە سلکی دیبلۆماسی ھێنابوو، لەزانکۆیەکی ڤێرجینا بووبوو بە وانەبیژی ئابوری، ڕۆژێک گوێم لێ نەبوو باسی ڕابردوو سەروەرییەکانی پێشووی بکات، کە گرنگترین کاربەدەستی ناو سەفارەتی ئەمریکی بووە لە تاران، لەو چەند ساڵەی ڕابردودا کۆچی دوایی کرد.

بەدەگمەن کاربەدەستە ئەمریکیەکان ئەیانبینی ببن بەپیاوی وڵاتانی تر، ئەو گروپە ژەنەڕاڵو کاربەدەستانەی تر کە لەھەرێم بوون، دوایی ھەر یەکەیان بوو بە ڕاوێژکار بۆ پارە کۆکردنەوە، لە ئەمریکا ھیچ پێگەیان نەبوو، لەزانکۆیەک یان سەنتەرێک شتێکی جیاواز پێشەکەش بکات یان بگەریتەوە سەر پیشە کۆنەکەی، ناچار بەپارەیەکی کەمیش لەهەرێم کاریان دەکرد، چەند کەسێکیان ھەر بەردەوامن، بەس ھیچ کاریگەریەکیان بەسەر ھیچ کەسیکی ئەمریکاوە نیە.

بێمە سەر مەبەستی بابەتەکە، لەم هەفتەیەدا ھاوشانی " کۆندالیزا رایس " " برێت مەکگۆرک " لە زانکۆ ستانفۆرد، وانە دەڵێتەوە، کۆندەلیزاریس لەوەتای پۆستی وەزیری دەوەوەی جێھێشتووە پرۆفیسۆری بەشی ئابوری و سیاسەتی زانکۆی ستانفۆردە، لەھەموو کابینەکاندا نەبوو پۆستی بۆ پێشنیار نەکەن و ڕەتی نەکردبێتەوە، ئەمانە سیاسین، وەک پیشەو لە ھەر شوێنک بن پەرێزێک لە ئەزمون کاریگەری بەجێدەهێڵن، ئیشی خۆیان دڵسۆزانە دەکەن، خۆ ناکەن بەپۆستێکدا ئیش و کاری ئەوان نەبیت، ئەتوانن بێ سیاسەتیش پارە پەیا بکەن.

مەکگۆرگ مێژوویەکی باشی لەگەڵ مەلەفی کوردی ھەیە، کەس وەک ئەو ئاگاداری ووردەکاری نیە، کەسێکی تریش نیە وەک ئەو ڕاستیەکانی لابێت، بەر یەکەوتنی لەگەڵ ھەموو حزبەکان ھەبووە بە چاک و خراپ، ھەفتەی داھاتوو دەست دەکات بەوتنەوەی وانە، خۆی مەشغوڵ ناکات، ڕۆژانەبێت باس لەسیاسەتی عالەمی بکات بەردەوام لە میدیاکان دەرکەویت وەک ئەوانەی لای خۆمان.

دەیان جار مەسئولی حزبی پێیان وتووم ئەوە گەلی ئەمریکا چۆن دەنگیداوە بەگەمژەیەکی وەک بۆش ؟ یان ئۆباما سیاسی نیە ! یان یان مەکگۆرک بی ئەقڵە ! کەپێموتووە بێ زەحمەت بۆ جەنابت چیت تەواو کردوە، ڕاست وتویەتی جا شەھادە چیە، ئێمە ئەزمونمان ھەیە. زەراعەی تەواو کردوە مەکتەب سیاسیە، پێی وابووە خۆی گەیشتوتە لوتکە، ھەمویان کۆکەیتەوە ناتوانن نامەیەک بەڕێکی بۆبنوسن، دەردێکی کۆمەڵگای کوردی نیە بڵێین فڵان مەسئول مەکتەب سیاسیە توێژینەوەیەکی جیھانیکرد، چارەسەری بۆ فلان دەردە دۆزیەوە. جا باسی تایبەتمەندی تر ناکەم، کە ڕێک پۆشی لەشولار و سەروکەلەیان ھی ئەوە نیە بخرێتە سەر کورسی، یان لە پێشی سەیارەیەکی وەک لانکرۆزەر دابنیشیت، کۆندالیزا ھاوینی پێشوو بە پێی و سکۆتەر چۆتە سەر کارەکەی.!

ئێ مەسئولە سوتفەکانی لای ئێمە دوای وازهێنانیان بیانویەکی زۆر بێ مانا ئەدۆزنەوە بێ ئەوەی شەرم بکەن، گێڕ ئەگۆڕن و خۆیان ئەکەن بە حزبێکی تردا، وا بە خراپی بائەداتەوە ئەندامی عەیارە ٢٤ حزبەکە گومان لە مێژووی خۆی دەکات، ھەست دەکات کە ئەو کەمتەرخەم بووە، ئەو برادەرە پێشی ئەداتەوەو خۆ ئەکاتەوە بە بارەگاکانی حزبا تا دلسۆزی خۆی بسەلمێنێ نەکا ئەو ماستاوچیە تازە شوێنی پی لەق بکات، بەڵام ناهەقیشیان ناگرم چونکە خوێنەواریان نیە، زۆربەیان حزب بروانامەو شتی بۆ تەرتیب کردوون و، تاقیکردنەوەکانیان بۆ چۆتە ماڵەوە.! ئی چیان پێیە تا ببنە مامۆستای زانکۆ، ئەڵێی کودو مۆدی ناسا بزانن.

*جار جار ( مام جەلال ) کە کۆندالیزای ئەبینی، ناوی لێنابوو ڕیحانە ڕەشە، کەئەھات بە ماچ وێرانی دەکرد، سەرسام بوو پێی.

هێرش عەبدولرەحمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی