تێنەگەیشتن لەدزی

13/03/2019

عەلی حەمەساڵح

هەموو ڕۆژێك زیاتر لە ١٠ ملیار دینار دەدزرێت و كەسیش قسەناكات! 
دزینی موچەی فەرمانبەران، دزیەكی قیزەون و چەتەگەریە و دەستگیركردنی دزەكانیش جێگای دەستخۆشیە، بەڵام ئەوەی سەیرە ڕۆژانە چەند ملیار دیناری دیكە بەناوی جیاواز دەدزرێت و كەسیش قسە ناكات. 

١-چەند كۆمپانیایەك لە سنوری پارتی و یەكێتی بەناوی پێشكەشكردنی خزمەتگوزرای بۆ كۆمپانیا نەوتیەكان مانگانە چەندین ملیار دەدزن. 

٢-چەندین كۆمپانیا بەناوی جۆراوجۆر لە خاڵە سنوریەكان پارە لە خەڵك وەردەگرن و مانگانەیان چەندین ملیار دینارە. 

٣-هەزاران كەس بە نایاسایی و بەبێ یەك كاتژمێر خزمەت مانگانە دەیان ملیار دیناریان بەناوی موچە پێدەدرێت. 

٤-هەر لەو سلێمانیە و بەدڵنیایی لە هەولێریش هەیە؛ چەندین زەوی بەناوی وەبەرهێنان وەرگیراوەو بە چەندین ملیار دینار فرۆشراوە، تەنیا زەوی یەك پرۆژە درا بە ١٤ ملیۆن دۆلار، كە بێ بەرامبەر وەریگرتبوو. 

٥-چەندین كۆمپانیا لە گومرگ و دەبەخشرێن، واتە: گومرگ نادەن، ئەمەش چەندین ملیار دینارە. 

٦-ئێستا كۆمپانیا پارەی تابلۆی ڕیكلامی دوكان و كرێی ئاو و عەریزەنووس و دەیانەوێت شتی دیكەش كۆبكەنەوە بەشێكی ئەم داهاتە بۆخۆیانە، ئەمەش چەندین ملیار دینارە. 

٧-لە هەولێر‌ پاڵاوگەی نەوتی سەرمایەی ٢ ملیار دۆلاربووە، موساتەحە بوو كەچی لەسەر خاوەنەكەی تاپۆكرا، واتە: ڕێك دوو هەزارو چوارسەد ئەوەندەی ملیار دینارە دزراوەكەی ئەمڕۆ. 

٨- تەنیا ئەوەی من دەزانم نزیكەی بایی ٣ ملیار دۆلار لە پارەی نەوت، پارە بۆ پرۆژە تەرخانكراوەو چوتە بانكێكی ئەهلی و هیچی خەرجنەكرا، ڕێك سێ هەزار شەش سەد ئەوەندەی پارە دزراوەكەی ئەمڕۆ. 

٩-مانگ هەبوو بانكێكی ئەهلی تەنیا لە گۆڕینەوەی دۆلار بۆ دینار ٢٥ ملیار دیناری بۆ ماوەتەوە. 

١٠- دەی ناپرسن ئەو هەموو كەناڵە حیزبیانە مانگانە بەچی بەڕێوە دەچن؟.

١١- هەرچی ئیشی پۆلیسی هاتوچۆو مۆڵەتی هاتوچۆیە بە تابلۆی ئۆتۆمبیل و عەریزە نووس و داروبەرد بۆ كۆمپانیایەك قۆرخكراوە، بۆ یەك پارچە تەنەكەی تابلۆیەك دەبێت ٥٠ هەزار بدەیتە كۆمپانیاكە؟ 

١٢- لە سەرۆكایەتی پەرلەمان هەبوە لە كاتی ھەڵمەتێ ھەڵبژاردندا ‌دا زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دیناری بۆ خۆی دەركردووە، ئەمەش هەر پارەی خەڵك نیە؟ 

دەتوانم دەیان خاڵی دیكە ڕیز بكەم، تۆش ڕەنگە بپرسیت: ئەم هەموو دزیە هەیە بۆ دەچیتە ئەم حكومەتە؟ منیش دەڵێم ئومێدو پلانم هەیە بەشێكی چاك بكەم و بە دڵنیایی چاوپۆشیش لە هیچی ناكەم و ئایندەش ئەمە دەردەخات. 

عەلی حەمەساڵح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی