کێشە ھەنوکەیەکانی بەردەم رێکخراوەکان لە کوردستاندا چین؟

13/03/2019

ژاڵە عەبدلرەحمان



رێکخراوەکانی  کۆمەڵی مەدەنی چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی و شارستانین، مافێکە هەموو تاکەکان دەتوانن بە ئازادی تەواو و بیروبۆچوونی خۆیان لەم چوارچێوەیەدا ئامانج و هیواکانیان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەدیبهێنن، لەمیانەی ئەو پرۆ‌ژانەی ئەنجامی دەدەن بەخستنەگەری توانا و کارکردنی رۆژانەی خۆیان تیایدا.

رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بە هێزێکی یەکجار مەزن دادەندرێن، کە شوێنی ئەرکەکانی دەوڵەت دەگرێتەوە، یاخود دەبێتە پردی پەیوەندی نێوان هاوڵاتیان  و ‌‌‌‌‌حکومەت، لەماوەی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو ئەم ڕۆڵەی رێکخراوەکان بە دیار کەوت لە کوردستان وە بەردەوامیشی هەیە، ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی دارایی قورس تێدەپەری رێکخراوەکانی کوردستان بە ناوەخۆی  و بیانیەکان تاڕادەیەکی زۆر هەڵسان بە پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری خۆراک و تەندروستی وپەروەردەی و نیشتەجێبوون بە تایبەتی لە کەمپەکاندا، ئەمە لە کاتێکدا هیچ یارمەتیەک لە حکومەت وەرناگرن، بەڵکو چەندان کێشە و رێگریشیان لەبەردەم دروست دەبێت لە میانەی ئەو پڕۆژانەی ئەنجامی دەدەن، گرینگترین کێشەکانی ڕێکخراوەکان بەپێی ئەو کۆبوونەوانەی رێکخراوی ئێمە و ئەوانی تر لەگەڵ رێکخراوەکانی شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک ئەنجامیداوە سەبارەت بە گیروگرفتەکانیان، دەتوانین لە چەند خاڵێک بیخەینەروو:

1- فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکان بە پێی ماددە ١٢ لە یاسای رێکخراوە ناحکومیەکان ژمارە (١) ی ساڵی ٢٠١١داوای چوار تۆماری ئەرێکراو لە فەرمانگەی دادنوسی لە رێکخراوەکان دەکات، تۆماری (ئەندامان، ژمێریاری، بڕیارەکان، هەبوەکان) ئەمە لە کاتێکدا هەر رێکخراوێک بە پێی سیستەمی خۆی رێکیان دەخات لە ڕاستیدا بەکاریان ناهێنن، لەلایەکی تر رێکخراوە بیانیەکان بەپێی سیستەمی خۆیان لە ووڵاتی خۆیان ڕێکی دەخەن، چونکە لە دونیای پێشکەوتوو باوی تۆمار نەماوە، لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتیەکان ناگونجێت، وە لەیاسای رێکخراوە ناحکومیەکانی ‌‌‌عیراق ساڵی ٢٠١٠ داوای تۆماری ئەرێکراوی نەکردوە، ئەمە لە کاتێکدا بانگەشەی پێشکەوتوی یاسای هەرێم دەکەین، ئەم تۆمارانە گرفتێکی زۆریان بۆ رێکخراوەکان درووست کردوە، بە تایبەتی بۆ رێکخراوە بیانیەکان کە زۆر جار ئەم ئەرکە زۆرانە وا لە رێکخراوەکان دەکات چالاکییەکانیان رابگرن لە هەرێم یاخود بنکەیان دابخەن، ئەمەش زیانی زۆر بە هەرێم دەگەیەنێت لە ئاستی ناوخۆ وا دەکات لە ڕووی ئابووری چەندان ملیۆن دۆلار زیان دەگەیەنێت، لەوانەیە لەوبودجەیە هەرێم زیاتر بێت کە بۆ ڕێکخراوەکان تەرخانی دەکات، وە کاریگەری خراپی بۆ سەرجەم بوارەکان دەبێت کە کاری تێدا دەکەن، لە ئاستی نێودەولەتی زیان بە پێگەی هەرێم دەگەیەنێت.
2- ڕەچاونەکردنی پێگەی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکان کەسەر بە ئەنجومەنی وەزیرانە لەلایەن دامودەزگاکانی تری هەرێم، وە نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان فەرمانگە و دامودەزگاکانی تری حکومەتی هەرێم، رێکخراو کە تۆمار دەکرێت لە فەرمانگە کەسایەتی یاسای بەدەست دەهێنیت، بەڵام دەزگاکانی ئاسایش رێکخراو لەلای خۆیان تۆمار دەکەن، دەبێت لە زۆربەی چالاکیەکانیاندا ئەوان رێگەیان پێبدەن ئەگەر نا بۆیان نیە پڕۆژەکان ئەنجامی بدەن، ساڵانە بەشێک لەدەزگاکانی ئاسایشی شارەکان سەردانی رێکخراوەکان دەکەن و راپۆرت دەربارەیان پڕدەکەنەوە لە کاتێکدا رێکخراوەکان ساڵانە راپۆرت پێشکەشی فەرمانگە دەکەن و لە پارێزگاش بەهەمان شێوەیە گرفت بۆ رێکخراوەکان دروست دەکەن. یەکێک لە دەزگاکانی تریش دیوانی چاودێری داراییە ، کە بەهەمان شێوەی کۆمپانیاکان مامەڵە لەگەڵ رێکخراوەکان دەکات، بڕیاری دەرکردووە بەدانی باج لەلایەن ئەندامانی رێکخراوەکان، لە کاتێکدا بە پێی یاسا لە باج بەخشراون، هیچ موچە و داھاتێک لە حکومەت وەرناگرن و  خانەنشینیش نابن لەلای حکومەت ، تەنها ئەگەر یارمەتی دارایی وەربگرن لە لایەنی دەرەکی، لایەنی دەرەکیش خۆی ئەم پارەیەی وەرگرتوە لە باجی هاوڵاتیان،   بە پێی یاسای نێودەوەڵەتی ناکرێت لەسەر پارەی باج دیسان باج دابندرێت، بۆیە ئەم بڕیارەی دیوانی چاودێری دارایی جگە لەوەی لەگەڵ پێگەی یاسایی رێکخراوە ناحکومیەکان ناگونجیت، پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتیشە. وە لایەنێکی تریش لە کێشەکان فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکانی عیراقە رێکخراو کە لە کوردستان تۆمار دەکرێت ناتوانێت لە شارەکانی تری عیراق کار بکات دەبێت لە عیراقیش تۆماربکرێت، دوو جار تۆمارکردن سەختی زۆری بۆ رێکخراوەکان دروست کردوە، کە پێویست بوو هەماهەنگی هەبێت لە نێوان هەردوو فەرمانگە. 

3- پرۆسەی دەرهێان و نوێکردنەوەی ساڵانەی فەرمانی کارگێری، لە کاتێکدا فەرمانی کارگێری لە یاسادا نەهاتوەوە و داوا نەکراوە وە بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی تۆمارکردنی رێکخراو نابێت هیچ بەڵگەنامە و پێداویستی تر جگە لەوەی لە یاسادا هاتووە داوابکرێت، وە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی چاڵاکی و دارایی ساڵانە ئاستەنگی زۆری بۆ رێکخراوەکان درووست کردوە بە تایبەتی بۆ رێکخراوە بیانیەکان و ئەو رێکخراوانەی لە شاری هەولێر نین کە هیچ لقێکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکانی تێدا نیە، وە رێکخراوەکان دەبێت ڕاپۆرتی دارایی ساڵانە پێشکەشی فەرمانگەی بکەن بێ ئەوەی هیچ یارمەتیەکی دارایی درابن لە لایەن حکومەت ، لە هەمان کاتدا  ڕاپۆرتی داراییان پیشکەش بەو لایەنە کردوە کە یارمەتی دارایی داون، کە ئەمەش لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی رێکخراو یەکناگریتەوە کە پێویست دەکات ئاسانکاری بۆ رێکخراوەکان بکرێت، هانبدرێن بۆ کارکردن لە کوردستان.

4- فەرمانگەی رێکخراوە نا حکومیەکان نەیتوانیوە هەماهەنگی بکات لەگەڵ ئەو لایەنە دەرەکی و ناوخۆیانەی کە یارمەتی دارایی پرۆژەکان دەدەن، دەرفەتی یەکسان بۆ رێکخراوەکان نەڕەخساوە و جیاوازی دەکرێت لە نێوان رێکخراوە ناوخۆیی وبیانیەکان، کە لە لایەن رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان باڵادەستیەکی زۆر زیاتر هەیە لە وەرگرتنی پرۆژە، بە تایبەتی لە پارێزگای سلێمانی رێکخراوە ناوەخۆییەکان هەماهەنگی زۆر کەمدان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی